حزب کمونیست کارگری کردستان – محاصره دولتهای ایران و ترکیه علیه مردم عراق و کردستان محکوم می کنیم

گەمارۆی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا دژی خەڵکی عێراق و کوردستان سەرکۆنە دەکەین!

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکە دەوڵەتانی کۆنه‌په‌رست و فاشیستی ئێران وتورکیا، به‌گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوک و دیجلە، ‌هاوڵاتیانی کوردستان و عێراقیان رووبه‌ڕووی قه‌یرانی که‌می ئاو کردۆتەوە. بەوهۆیەشەوە گرفتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەو ئاودێری و مەترسی بۆسەر کشتوکاڵ و ئەو پڕۆژه کشتوکاڵی و ئابوریانە دروست کردوە کە سوود لەو دوو سەرچاوە ئاویە وەردەگرن، سەرەڕای ئەوەی زیانێکی گه‌وره‌ی به ‌سامانی ئاوی گەیاندوەو دەشبێتە هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌یان نه‌خۆشی و تێکسان و شێواندنی ‌‌ژینگه‌ی ئەو ناوچانەی کەوتونەتە سەر ئەو دوو روبارە، هه‌موو ئه‌مانه‌ش بە زیان و مەترسی بۆسەر ژیان و تەندروستی و بژێوی هاوڵاتیان چ له‌ کوردستان و چ لە عێراق ته‌واده‌بێت و کێشه‌ی که‌می ئاویش بۆسه‌ر باقی گرفته‌کانی وه‌ک نه‌بوونی کاره‌باو خزمه‌تگوزاری، بێکاری ونه‌دانی موچه،‌ نه‌بوونی ئارامی و ئه‌منیه‌ت وده‌یان موسیبه‌تی تر زیاد ده‌کات.

په‌نابردن بۆ سیاسه‌تی گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌لایه‌ن هەردوو حکومەتی بۆرژوا فاشیستی ئیسلامی ئیران و تورکیاوه‌، چنگ گیرکردنه‌ له‌گه‌روی هاوڵاتیان و گه‌مارۆیه‌کی ئاشکرایە بۆسەر ژیان و بژیوی دانیشتوانی وڵاتێک‌، ئەم هەنگاوەی ‌ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ کۆنه‌په‌رسته دەچێتەسەر ئەو هەنگاوانەی تائێستایان کە‌ به‌ر‌دەوام بۆ بردنه‌پێشه‌وه‌ی کارنامه‌ی ڕه‌ش ودژی ئینسانیان، له‌ئاست ناوچه‌که‌دا و عێراقدا ناویانە و دەستێوەردانی سیاسی و سه‌ربازییان کردۆته‌ ڕێگایه‌ک بۆ قایمکردنی پێگه‌و نفوزیان له‌عیراق و کوردستاندا. له‌ئێستاشدا که ‌‌دۆخی دوای هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، مه‌سه‌له‌ی پێکهێانی حکومه‌تی تازه‌ی هێناوه‌ته ‌پێشه‌وه‌، هه‌ر یه‌ک له‌م دوو ده‌وله‌ته‌ لە هەوڵی ئەوەدان ئه‌م سیاسه‌ته‌ دژی مرۆیی و چه‌په‌ڵه بگرنەبەر‌،‌ تا فشاری خۆیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستا و داهاتوی ‌عیراق و کوردستان و حزب و لایه‌نه‌کانی توندبکه‌نه‌وه، بەو مەبەستەی ‌‌پرۆسه‌ی پێکهێنانه‌وه‌ی حکومه‌ت به‌جۆرێک بچێته ‌پێشه‌وه‌ که‌‌ کارنامه‌ی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئەوان مسۆگه‌ر بکات.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌حزابی بۆرژوازی کورد، له‌ڕیزی پێشه‌وه‌، پارتی ویه‌کیه‌تی، که بۆ ڕاگرتنی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵات و گه‌یشتن به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی و بازرگانیه‌کانیان، ده‌ستیان خستۆته‌ ده‌ستی هه‌ریه‌ک له‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌وه‌، دەرگای دەستێوەردانی سیاسی و سه‌ربازییان به‌ڕوویاندا ئاوەڵاکردووه‌. ‌فرسه‌تی ئه‌وه‌یان ڕه‌خساندووه‌ که ‌ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ کۆنه‌په‌رسترین ودژی ئینسانیترین کارنامه‌ی خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا داسه‌پینن، سیاسه‌تی لێگرتنه‌وه‌ی ئاو له‌گۆشه‌یه‌کی خۆیدا، به‌رئه‌نجامی ئه‌م راستیه‌یه‌و به‌مجۆره‌ش، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، ڕووبه‌ڕوی شه‌رمه‌زاری و به‌پرسیارێتی ده‌کاته‌وه.‌

به‌بارمته‌ گرتنی ژیان و بژێوی و وشککردنی گه‌روی هاوڵاتیانی کوردستان و عێراق، سیاسه‌تێکی تاسه‌ر ‌ئیسقان دژی ئینسانی و کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ و له‌لایه‌ن حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانه‌وه‌ به‌توندی مه‌حکومه‌ و ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ ڕابگیرێ. ده‌بێ ئه‌م سیاسه‌ته‌ چه‌پەڵە‌ی حکومەتەکانی ئێران و تورکیا له‌ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا له‌لایه‌ن ئازادیخوازانه‌وه‌ له‌قاوبدرێ و ناچار به‌دەستبەرداربوون بکرێن! ‌

خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی عیراق و کوردستان، ته‌نها به‌ده‌ستخستنه‌ نێوده‌ست له‌گه‌ڵ باقی هاوچینه‌کانیان له‌ئێران وتورکیا، ده‌توانن هه‌رجۆره‌ سیاسه‌ت و کارنامه‌یه‌کی دژی مرۆیی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و بۆرژوایی ئێران و تورکیا به‌شکستدا بکێشن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٤/٦/٢٠١٨