حزب کمونیست کارگری کردستان- اول مه بستر تلاش و مبارزه طبقه کارگر در راه آزادی و برابری و خوشگزانی زنان و مردان کارگر و مردم زحمتکش است

یەکی ئایار هێمای تێکۆشانی چینی کرێکارە لە پێناو ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانیدا
ژنان و پیاوانی کرێکار!
جەماوەری بێبەش و زەحمەتکێش!


یەکی ئایار، هێمای خەباتی چینی کرێکارە لەپێناو ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانیدا، لەپێناو کۆتایهێنان بە هەموو جۆره ستەم و چەوسانەوەیەک، هێمای وەستانەوەیە بەرامبەر بە هەر جۆرە زوڵم و ستەمێکی چینە داراو دەوڵەمەندەکان و دەسەڵات و حکومەتەکانیان لەبەرامبەر کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژاراندا، ڕۆژی ڕاگەیاندن و دوپاتکردنەوەی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارە.
ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە مەزنە چینایەتیەمان دەکەینەوە کە سەرتاسەری دنیا نوقمی نائارامی بووە. ترس و دوودڵی بەرامبەر بە درێژەدان بەژیان سیمایەکی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگاکانە. دەسکەوتەکانی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش کە بەخەباتی دەیان ساڵە بەدەستیان هێنابوو، یەك لە دوای یەك لەلایەن دەوڵەتانی سەرمایەداریەوە لێیان وەردەگیرێتەوە. زیادبونی ڕێژەی بێکاری وهەڕەشەی دەرکردن لەسەر کار بەردەوام مۆتەکەیەکە بەسەرسەری کرێکارانەوە. ژنانی کرێکار، بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژاو ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێن. لە جیهانێکدا کە هیچ کاتێک بە ئەندازەی ئێستا سەروەت و سامان کەڵەکەی نەکردوە، کەچی بێکاری و کەمدەرامەتی و هەژاری و برسێتی بەشی چینی کرێکارە لەسەرتاسەری گۆی زەویدا. لەولاشەوە هێزە ئمپریالیستەکان، لەپێناو ڕکابەری بۆ کۆکردنەوەی سامان و بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر، هەڕەشەی تێکدان و وێرانکردنی جیهان دەکەن. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردۆتە مەیدانی شەڕی بە وەکالەتی خۆیان و خەڵكی ناوچەکەیان لەناو ئاگردانی ئەم شەڕەدا ئەسیر کردوەو ڕۆژانە کۆمەڵکوژیان دەکەن.
لە عێراق و کوردستاندا، سەرەڕای ئەوەی چینی بۆرژوازی، کۆمەڵگای لەبەریەك هەڵوەشاندووەو چینی کرێکاری بەسەر گروپی ئەتنیکی، نەتەوەیی، ئاینی ومەزهەبی، عەشیرەت و ئەحزابدا دابەشکردوە، بەکردەوە هیچ یاسایەکی کار بۆ کرێکاران لەئارادا نیە! بۆرژوازی و خاوەن کۆمپانیاکان بە شێوەی ڕەها دەستیان ئاوەڵایە بۆ چەوساندنەوەی کرێکاران بەشێوەیەکی زۆر دڕندانەو یاساکانی سەردەمی کۆیلایەتی بەسەر هەلومەرجی کاری کرێکاراندا زاڵە! هەرجۆرە ڕێکخراوبوونێکی کرێکاران و توێژە کەمدەرامەتەکانی کوردستان ڕێگا پێنەدراوەو هەموو جۆرە ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانێکی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی حکومی و ئەهلی ڕوبەڕووی فشارو هەڕەشەو سەرکوتکردن دەبنەوە. بۆماوەی چەند ساڵە بەشێکی زۆر لە مووچەی کارمەندان بەملهوڕی گل دەدەنەوە. بەڵام بەڕەنگاری و تێکۆشانی کرێکاران و جەماوەری بێبەش و مامۆستایان و کارمەندان دژی سیاسەتی برسیکردن و سك هەڵگوشین، لە چەند ساڵی رابروودا بەردەوام بوەو ڕۆژبەڕۆژ بەهێزتر و شەفافتر و ڕێکخراو تر دەبێتەوە. خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ئازارو سەرەتای نیسانی ڕابردوو ئاسۆیەکی ڕونتری خستۆتە بەردەم جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان.
لەناو ئەم دۆزەخە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەی بۆرژوازی کورد بۆ چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێشی داخستوە، حزب و لایەن و هێزە سیاسیەکانی، بە دەسەڵاتدارو ” ئۆپۆزسیۆن”ەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنیان بۆ پەرلەمانی عێراق و بەشداربوون لە سفرەی دەسەڵاتدا بەڕێخستوەو پەیامی باقوبریق پەخش دەکەنەوە، بەئامانجی ئەوەی جەماوەری کرێكارو زەحمەتکێشی کوردستان ڕاپێچی ئەم گاڵتەجاریە بکەن و بەدەنگی ئەوان کورسی دەسەڵاتی خۆیان لە بەغدا مسۆگەر بکەن.
کرێکاران! جەماوەری بێبەشی کوردستان!
یەکی ئایار، ڕۆژی توندکردنەوەی خەباتمانە، لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکان و گەیشتنمان بە ژیانێکی ئارام و ئازاد و یەکسان و دوور لە چەوساندنەوەو ستەم، بۆ سەپاندنی خواستە دەستبەجێکانمان بەسەر دەسەڵاتدارانی خۆسەپێنی بۆرژوازی کوردیدا لەبابەتی: یاسای کارێکی پێشڕەو، ئازادیی ڕێکخراوبوون و مانگرتن و خۆپیشاندان، بیمەی بێکاری بۆ هەموو ژن و پیاوێکی ئامادەکار، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی بەزۆری مووچەو گێڕانەوەی مووچەی تاڵانکراوی کارمەندان. ڕۆژێکە کە هەموو بەیەك دەنگ ڕابگەیەنین ئەم هەڵبژاردنە هی ئێمەی کرێکارانی کوردستان و عێراق نیە. دەسەڵاتی ئێوە، پەرلەمانی ئێوە، شەراکەتی ئێوە لەگەڵ سەرمایەدارانی عێراق هی ئێمە نیە. ڕێگای ئێمە دەنگدان و هەڵبژاردنی کۆمەڵێك پارێزەری دەسەڵاتەکەی ئێوە نیە، بەڵکو بەردەوامیدان و ڕێکخستن و توندوتۆڵکردنی ئەو ناڕەزایەتی و خەباتەمانە کە هەر ئێستا دەستمان پێکردوە. ڕێگای ئێمە هاوپشتی و هاوخەباتیە لەگەڵ کرێکارانی عێراقدا. ڕێگای بەڕێخستنی کۆبونەوە گشتیەکانە لە سەرجەم ناوەندەکانی کارو فەرمانگەو دامەزراوەکان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەباتکارو دڵسۆز و ڕاستەقینەی خۆمانە بۆ ڕابەرایەتیکردنی خەبات و تێکۆشانمان دژ بە نایەکسانی و بێمافی دەسەڵاتەکەی ئێوە نەك کۆمەك کردن پێی!
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
نیسانی ٢٠١٨