نابێت رێگە بدەین پارتی سەرکوتی سیاسی داسەپێنێ!
لە پەراوێزی هێرشی پارتی بۆسەر کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)
ئێوارەی ئەمڕۆ ٩ی شوبات دەیان کەس لە لایەنگرانی پارتی بە سەرپەرشتی بەرپرسی لقی چواری ئەو حیزبە لە سلێمانی، هەڵیان کوتایە سەر ئۆفیسی کەناڵی تەلەفزیۆنی (ئێن ئاڕ تی)و بارێکی ترسناكو نائارامیان بۆ کارمەندانی کەناڵی ناوبراو پێکهێنا. هاوکات و لەناو هەمان کەشوهەوای نائارامیدا کە ئەندامانو لایەنگرانی پارتی دروستیان کردبوو، بۆمبێك لەسەر بینای کەناڵەکە تەقیەوەو بارودۆخی ئەمنیی کارمەندانی کەناڵەکەی مەترسیدار کرد.
ئەم کردەوەیەی پارتی تەنها ڕۆژێك دوای هەڵکوتانی کۆمەڵیك خەڵك دێت بۆسەر هەمان کەناڵ، بەبیانوی ئەوەی هەواڵێکی بە ناڕاستی خوێندۆتەوە. بیانوی هەڵکوتانەکەی پارتیش بۆسەر کەناڵەکە ئەوەبووە کە لەبەرنامەی راستەوخۆی کەناڵەکەدا کەسێك جنێوی بە مەلا مستەفا داوە. پارتیش بە هەمان شێوە دەستی برد بۆ شێوازێکی عەشیرەتیو تۆڵەسەندنەوە لەجیاتی ئەوەی رێگای شارستانی و دادگا بگرێتەبەر.
بهڵام ئەم هێرشەی پارتی وەکو حیزبێکی دەسەڵاتدار بۆسەر کەناڵی (ئێن ئار تی) گەیاندنێ پەیامێکی سیاسیە بە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی لە دەمەدەمی نزیکبوونەوەی یادی خرۆشانە جەماوەریەکەی١٧ شوباتی ساڵی ٢٠١١. پەیامی سەرکوتو تۆقاندنی خەڵكو هەر دەنگێکی نارازی بەدەسەلاتی میلیشیایی بنەماڵەیی ئەو پارتە. پارتی لەرێگای بەکارهێنانی ئەندامو لایەنگرانیەوە لە سلێمانی هەمان ئەو کارە دەکات کە دەزگای پاراستنو زێرەڤانیو ئاسایشی پارتی دژی خەڵکی ئەنجامی دەدەن لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیاندا. ئەم چاوسوورکردنەوەیەی پارتی تاقیکردنەوەیەکە دەیکات، بەتایبەتی دوای ئەو بارودۆخەی روبەرووی یەکێتی بۆتەوە بەهۆی دیارنەمانی تالەبانی لە شانۆی سیاسی کوردستانو یەکێتیدا، بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی بنەمالەی بارزانی بەسەر تەواوی کوردستاندا.
ئێمە لەکاتێکدا ئەو هێرشەی پارتی بۆسەر کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بە توندی سەرکۆنە دەکەینو بە شێوازێکی دواکەوتووی سەردەمی دەسەڵاتی عەشیرەتو قەبیلەکانی دەزانین، هاوکات پاراستنی ئازادی بیروبۆچون و رادەربڕین بە مافێکی بێئەملاولای خەڵکی کوردستان دەزانینو سەلامەتی و ئاسایشی دەزگاکانی راگەیاندنو لەوانەش کەناڵی (ئێن ئار تی ) ئەرکی حکومەتو دەزگاکانی پۆلیسو ئاسایشە. دەبێ خەڵکی کوردستان سنورێك بۆ پێ درێژکردنەکانی پارتی لە دژی خۆیانو نەیارانی سیاسیو میدیاو دەنگە ئازادەکان دابنێن. نابێ رێگا بدرێ خەوی پارتی بۆ دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتەکەی بێتەدی. خەڵکی کوردستانو بە تایبەتی سلێمانیو ناوچەکانی دەروبەری خاوەنی تەجروبەی ١٧ی شوباتنو دەتوانن پارتی لەسەر جێگای خۆی دابنێنەوەو فێری بکەن وەکو حیزبێکی سیاسی ڕەفتار بکات نەک وەک میلیشیاو هێزێکی سەرکوتگەر.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٩ی شوباتی ٢٠١٣