سەرکوت و پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی شارۆچکەی چەمچەماڵ بەتوندی ئیدانە دەکەین!
کاتژمێر ١٠ ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٠٢-٠١-٢٠١٧ بەشێک لە دانیشتوانی شارۆچکەی چەمچەمال لە بەرامبەر نەبونی کارەبا وکەمبونەوەی ڕێژەکەی، لەبەردەم ویستگەی کارەبای گازی سلێمانی لەچەمچەماڵ، خۆپیشاندانێکیان سازکرد، خۆپیشاندەران داوای دابینکردن وباشترکردنی ڕێژەی سەعاتەکانی کارەبایەن دەکرد، بەڵام لە ناکاو لەلایەن هێزێکی چەکداری ئەمنی کە زۆربەیان، بەرگی ڕەشیان پۆشی بوو، بەشێوەیەکی دڕندانە پەلاماردەدرێن، ئەم هێزە هاوشێوەی دەزگا توقێنەرو سەرکوتگەرەکانی بەعس بەتەوهین و لێدان سوکایەتی کردن بەخۆپیشاندەران، ٢٥ کەسیان لە خۆپیشاندەران دەستیگیرکرد و ڕەوانەی زیندانیان کردن لە کانی گۆمە، بەڵام سەرەڕای ئەم کردوە دڕندانەیە، خۆپیشاندەران بەردەوامبوون لەسەر ناڕەزایەتی دەربڕین و بۆ ماوەیەک ڕێگای سەرەکی نێوان چەمچەماڵ و سلێمانیان گرت و تا ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دڵنیا بوون لە هاتنەوەیان دەستیان لەخۆپیشاندان هەڵنەگرت.
ئێمە لەکۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەتوندی ئەم ڕەفتارە نەشیوا و نائینسانیانەی ئەو هێزە ئەمنیە، ئیدانە دەکەین و پشتگیری تەواوی خواستە ڕەواکانی خۆپیشاندەران وخەڵکی چەمچەماڵ و تەواوی کوردستان دەکەین.
دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدا پەلاماری قوت ومووچەی سەدان هەزار فەرمانبەرو مامۆستاو خەڵکانی کەمدەرامەت دەدات ومووچەکانی کەمکردۆتەوە بۆ چارەکە مووچە، بەم کارەشە ناوەستێ و خزمەتگوزاریە سەرتاییەکانیش لەخەڵکی دەبڕێ بێ بەشیان دەکات لێیان، ئەم دەسەڵاتە لەجیاتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەی دەیان ساڵەیە و دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک، کەچی زۆر دڕندانە هێزی داپلۆسێنەر و و سەکورتگەر بەردەداتە خەڵکانێک کەداوای سەرەتایتریین خزمەتگوازری دەکەن، لەکاتێکدا لە ناوچەی چەمچەماڵ ڕۆژانە دەیان تەنکەری غاز ونەوت لە کارگە و پاڵاوگاکانی ئەو ناوچەیە دەبرێن بۆ فرۆشتن و لەرێگای کۆمپانیاکانی سەربەدەسەڵات مامەڵەی بازرگانیان پێوە دەکرێ، کەچی دانیشتوانی ناوچەکە لەسەرەتایتریین خزمەتگوزاری بێبەشن و کاتێکیش خۆپیشان دەکەن بەم شێوە دڕندانەیە مامەڵیان لەگەڵدا دەکرێت.
ئەم ڕەفتارەی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە ئەو ڕاستیە دووپات دەکاتەوە کە ئەم دەسەڵاتە هیچ نزیکایەتیەک و پەیوەندیەکی بە باشترکردنی ژیان و چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە نەبوە و نیە، هەربۆیە سیاسەتی سەرکوت و وەڵام نەدانەوە بەخواستەکانی خەڵک ئیدامە پێدەدەن، پێویستە خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی کوردستان بەشوێن رێگاچەرەیەکەوەبن لە بەرێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسیدا کە دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی جەماوەری خەڵک دابین بکات وە سەربەخۆ بێت لەدەورو دەخالەتی حزبە قەومی ئیسلامیەکان و پێکهاتە و لایەنەکانی نێو ئەم حکومەتەی هەرێمی تێدا نەبێت.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٠٢-٠١-٢٠١٧