پەیامێک بۆ ئینساندۆستان و ئازادیخوازان و رێکخراو و یەکێتیە کرێکاریەکان و رێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ له جیهان!
شەرێکی کۆنەپەرستانه کە به ناوی “ئازادی موسڵ”وە بەرپا بوه، لەڕاستیدا نە خەڵکی موسڵ به مانای واقیعی ئازاد دەکات و نه تیرۆریزمی ئیسلامی لەبەین دەبات، بەڵکو ئەم شەڕە بە دەورو پشتیوانی تیرۆریزمی دەوڵەتانی کۆنەپه رستی جیهانی بەرێوە دەچێت.
شەری موسڵ بێجگه له وێرانکردنی ئەم شاره و کوشتنی به کۆمەڵی ژنان و پیاوان ومنداڵان و بەساڵاچوان مانایەکی تری نیه.هەرئیستا به شێک له خەڵکی موسڵ له نێوان موسڵ و تەلەعفەر لەنێوان داعش وحەشدی شەعبی گیریان خواردوه. دانیشتوانی ئەو دێهاتانەی گوایه له دەستی داعش رزگاردەکرێن به دەستی هێزه قەومی و مەزهەبیەکانی ئەم شەڕەوە دەرگیری ماڵوێرانی وکوشتنی بێ لێپرسینەوە ئەبن به ناوی هاوکارانی داعشەوە.
کەسان و لایەنی ئازادیخوازو ئینساندۆست و بەشەریەتی هاوچەرخ و شارستانی ناکرێ لە بەرامبەر ئەم کارەساتە مەترسیدارەدا بێدەنگ بن. دیوارێک له سانسۆر لەدەوری ئەم شەڕه دروست بوەو دەشاردرێتەوە. زانراو نیە ئەو هه زاران تۆپ و مووشەکانەی تائیستا رەوانەی دێهاتەکان و ناوشاری موسڵ کراون، چەند کەس دەکوژن و چەند ماڵی خەڵک وێران دەکەن، ئەمە جگە لەوەی کە نازانرێ تیرۆریستانی داعش چ قەڵاچۆکردنێکیان بەرێخستووە بەرامبەر خەڵکی بە بارمتەگیراوی موسڵ.
ئێمه لە خەڵکی ئینساندۆستی جیهان داوائەکەین له بەرامبەر ئەم شەڕه کۆنەپەرستانه و خاپوورکردنی شاری موسڵ و کوشتن و ئاوارەکردنی سەدان هه زار خەڵکی ئەم شاره بێدەنگ نەبن و دەنگی نەفرەت و ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوه. به هانای خەڵکی ماڵوێران و برینداری ئەم شەڕەوه بچن. ماهیەتی ئەم شەڕه کۆنەپەرستانەیە بۆ تەواوی دنیاو بیرورای گشتی جیهان روون بکەنەوه.
ئەم شەڕەی ئێستا، تاقەرێگای لەنێوبردنی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی نیه.دەبێ ئەو دەوڵەتانەی که داعشیان دروستکرد و پشتیوانییان لێکردو زەمینەیان سازدا بۆ گەورە کردنی، به دونیا بناسێنرێن وڕیسوا بکرێن. خۆشکردنی زیاتری ئاگری شەڕی قەومی ومەزهەبی ودابەشکردنی عێراق لەسەر ئەم بنەمایه تەنیا شەڕی کاولکاری له بن نەهاتوەو داڕمانی تەواوی کۆمەڵگەیە.
هەموو دەزگا ئینساندوستیەکان و رێکخراو و یەکێتیە کرێکاریەکان و بەشەریەتی موتەمەدن پێویستە له دژی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی بەقەومی و مەزهەبیکردنی ناوچەکه هەڵوێست بنوێنن و دژ بە وێرانکاری و کوشتنی بەکۆمەڵ و ئاوارەبون بوەستنەوە و بەدەنگ ئازارەکانی ئەو خەڵکە بێن و هەنگاوی جدی بنێنن.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
دیسەمبەری 2016