پەیامی هەردوو حیزبی کۆمۆنستی کرێکاریی عێراق و کوردستان بۆ
کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازو ئینساندۆست
سەبارەت بە کارەساتەکانی دوای شەڕی موسڵ..!
شەڕێکی کۆنەپەرستانەی خوێناوی مەترسیدار کە به ناوی رزگارکردنی موسڵەوە هەڵگیرساوە، دانیشتوانی ئەو شارەی لەناو دۆزەخ و چارەنوسێکی تاریک و بێ دەربازبوندا ڕاگرتووە.
دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی له ناوچەکەدا به ناوی شەڕ لە پێناو ئازادکرنی موسل له ژێر دەستی داعش، خەریکن چەواشەکاری دەکەن و خۆڵ دەکەنه چاوی خەڵکی ناوچەکه و جیهانەوە. بەڵام پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت کە ئەم شەره، شەڕێک نیە بۆ له ناوبردنی داعش. هەر ئەمرۆ و سبەینێ ئەوانەی ئێستا لەم شەڕەدا بەشدارن، بۆخۆیان داعش له موسل به رەو شوێنێکی دیکە دەگوێزنەوە و بەڕێیان دەکەن. دوکەڵی ئەم شەره هەرئەمرۆ چۆتە ناو چاوی خەڵکی موسڵەوە.پێویستە لەوەش دڵنیابین کە سبەینێ شەڕێکی تری ناوخۆیی لەنێوان شیعه و سونە و عەرەب و کورد و تورکمان بەو مەبەستەی کە کێ خاوەنی موسڵە، بەڕێ دەکەوێت. ئەم شەڕه بۆ ئازادیی خەڵکی موسڵ نیه و نابێت، شەڕه بۆ بەرجەستەبوون و بەئاکام گەیشتنی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی دەوڵەت و هێزە بەشدارەکان و بۆ دابەشکردنی عێراق لەسەر بنەمای قەومی وتایەفی.
شەڕی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی موسڵ مەحکومە. ئەوانەی زەمینەسازبون بۆ گەشەو گەورەبوونی داعش و پشتیوانییان لێکرد و هەر بۆخۆیان سەپاندیان بەسەر خەڵکی ناوچەکه و موسڵدا، ئێستاش خەریکن بەناوی ئازادی موسڵەوە دوبارە لە رێگەی کوشتنی بە کۆمەڵ و ئاوارەکرن و وێرانکاریەوە خەڵکی دەکەنە قوربانی سیاسەتەکانیان و زەمینەی شەڕێکی تایفی و قەومی دیکە بەڕێ ئەخەن.
هاوپەیمانانی ئەمریکا لە هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەرئێستا و لەسایەی دۆزەخی شەڕدا، خەریکی پاکتاوکردنی نەتەوەیین و بەپێی ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکان چەندین گوندی عەرەب نیشینیان کاولکردوە، لەلایەکی دیکەوە حەشدی شەعبی بۆتە بەڵایەکی وەها مەترسیدار کە خەڵكی ئەو ناوچانە نەک ناتوانن خۆیان بدەن بەدەسەتەوە و شاد بن بەوەی کە رزگاریان دەبێت لە تیرۆریزم، بەڵکو بەئاشکرا بوونی ئەم هێزانە لەم شەڕەدا بە کارەساتێکی گەورەتر ناوزەد دەکرێت.
جەماوەری ئازادیخوازی عێراق و کوردستان
ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ دەبێ دیاری بکەین کە لەبەرامبەر ئەم جەنگە کۆنەپەرستانەیەدا لەکوێدا ڕاوەستاوین، ئەرک و پێداویستیەکی مێژوویی و ئینسانیە. هەرجۆره خۆشخەیاڵی و باوەڕ و بیرکردنەوەیەک که گوایه ئەمه شەڕی ئازادیی موسڵه و بە قازانجی خەڵکە، خەسارەتێکی گەورەیه و باجەکەی خەڵکی موسڵ و کوردستان و عێراق دەیدەنەوه.
شەڕی قەومی – تائیفی و مەزهەبی بەهەر هۆ و بیانوویەکەوه بێت مەحکوومه و دەبێت بەری پێ بگرین و لەبەرامبەریدا بوەستینەوە، دابەشکردنی عێراق لەسەر بنەمای قەومی ومەزهەبی تاوانێکی گەورەیە لەبەرامبەر ئازادی و ژیان وگوزەرانی خەڵکدا. تەنها به هاوپشتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخواز و پشت بەستن به شوناسنامەی ئینسانی دەتوانرێت باری کارەساتەکان شەڕو تاوانەکانی شەڕی قەومی وتائیفی ومەزهەبی کەم بکاتەوه.
بانگەوازتان دەکەین با پێکەوه دەست بخەینە ناو دەستی یەکتر و لەدژی نەتەوەپەرستی و مەزهەب و دابەشکردنی ئینسانەکان بەو شوناسنامانەوه رابوەستین.تەنها بەم جۆره دەتوانین ئەرکی ئینسانیمان جێبەجێ بکەین.
دیسەمبەری ٢٠١٦