٥٠٠٠ کەس لە خەڵکی سیڤیلی شارۆچکەی (حەزەر) پێویستیان بەدەربازکردنە
لەژێر ئاگربارانی داعش و میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی”
راپۆرتە مەیدانیەکان لە زاری قائیمقامی شارۆچکەی (حەزەر)ی سەر بە پارێزگای نەینەواوە، ئەوەیان ئاشکراکردوە، کە نزیکەی ٥٠٠٠ کەس لە خەڵکی سیڤیل، بەتایبەتی مناڵان، لە ناوچەکانی سەر بە شارۆچکەی حەزەر گەمارۆ دراون و نزیکەی مانگێکە بەدەست نەبونی ئاوی خاوێن و خۆراک و داودەرمان وبلاوبونەوەی پەتاو نەخۆشیەوە دەناڵێنن، سەورەڕای ئەوەی لەلایەن داعشەوە وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنرێن.
یەکێک لە ئاکامەکانی جەنگی موسڵ، هەروەکو چۆن ڕاگەیاندنەکەی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان جەختیان لەسەرکردەوە، مەترسیە کارەساتبارەکانی بۆ سەر ژیان و ئەمنەیت وسەلامەتی خەڵکی سیڤیل لە گوند وشار و شارۆچکەکانی سەر بەپارێزگای نەینەوایە.هێزە شەرکەرەکانی هەردوو لایەن، بە بێ گوێدانە ژیان وچارەنوسی سەدان هەزار لە خەڵکی سیڤیل، لەهەوڵی ئەوەدان سەرکەوتن بەسەر یەکتردا بەدەست بهێنن. چەتە تاوانبارەکانی داعش دەستیانداوەتە بەکارهێنانی خەڵکی سیڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی بەئامانجی بەرگرتن بە پێشرەوی هێزە ئەمنیەکان وئەو میلیشیایانەنی کە پشتگیریان لێدەکەن بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا.
حکومەتەکەی عەبادی بەمەبەستی خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک ونیو لەخەڵکی پارێزگای نەینەواو دابینکردنی خۆراک وجێگای حەوانەوەو ڕێگای دەربازبون بۆیان لەگەڵ دەستپێکی جەنگەکەدا، رایگەیاند کە دانیشتوانی شاری نەینەوا پێویستە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و بمێننەوە. لەبری بانگەوازکردنیان بۆ دەرچون لە ناوچەکانیان و گواستنەوەیان لەلایەن هێزە حکومیەکانەوە بۆ ناوچە ئارامەکان. پاش تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر جەنگی موسڵ، دەرکەوت کە حکومەتەکەی عەبادی پێچەوانەی ئیدعاکانی لە راگەیاندنەکان و پروپاگەندەکانی جەنگەوە، لەباری کرداریەوە، گوێ بەژیانی خەڵکی سیڤیل نادات و دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت، سەرکەوتنەکان بەسەر داعشدا بەدەست بهێنیت.
ترس لەسەر ژیانی خەڵکی سیڤیل تەنها لەوەدا نیە، کە داعش پەنا بۆ بەکارهێنانیان دەبات وەک قەڵغانی مرۆیی، بەڵکو لەو مەترسیانەدایە کە رەنگە بەرەورووی ببنەوە لە ئەشکەنجەدان و ڕفاندن و کوشتن، لەکاتی هاتنە ناوەوەی هێزەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنیەکان بۆ نێو ئەو ناوچانە پاش وەدەرهێنانی داعش تیایاندا، هەروەکو چۆن لە دوا راپۆرتەکانی ڕێکخراوە جیهانیەکاندا، وەکو رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و هیومان رایتس واچ ،ئەم مەسەلەیە ئاشکرابوو،.
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری
یەکەم: بەرپرسیاریەتی پاراستنی ژیانی خەڵکی سیڤیلی گەمارۆدراو لە ناوچەکانی سەر بە شارۆچکەی حەزەر دەخەینە ئەستۆی حکومەتی عەبادی و هیزە ئەمنیەکان و میلیشیا هاوپەیمانەکانی.
دووەم: پێویستە لەسەر حکومەتی عەبادی و هێزە ئەمنیەکان کە ڕێرەوی پارێزاو بۆ دەرچونی خەڵکی سیڤیل دابین بکەن.
سێیەم: گواستەنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە پارێزراوەکان ودابینکردنی ئاوی خاوێن وخۆراک وداو دەرمان وشوێنی نیشتەجێبونی گونجاو بۆیان.
چوارەم: پێویستە لەسەر نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەو ڕێکخراوانەی کاری لەگەڵ دەکەن بەرپرسیاریەتی تەواو لە ئەستۆبگرێ بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی سیڤیل.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٧-١١-٢٠١٦