اطلاعیه حزب کمونیست کارگری کردستان در رابطه با شرایط بحرانی سیاسی در عراق (بزبان کردی )

 

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە سیاسیە مەترسیدارەکانی عێراق!

ماوەیەکە شەڕو کێشمەکێشی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی عێراق بە ئاستێکی ترسناك گەیشتوە کە مەترسی راستەقینەی بۆسەر ژیان‌و گیان‌و ئایندەی هاولاتیانی عێراق‌‌و بەشێوەیەکی تایبەتیش دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە بوونەتە هێڵی روبەروبوونەوەی ئەوهێزانە، دروست کردوە. تەقینەوەکەی هەفتەی رابردووی ناو شاری کەرکوك، تەقینەوەی ناو شارۆچکەی توزخورماتوو، پێکدادانی خوێناوی نێوان خۆپیشاندەرانی شارۆچکەی فەلوجە‌ کە لایەن هێزە ناسیۆنالیستە عەرەبی‌و رەوتە ئیسلامیە سونەکانەوە رابەری دەکرێ، لەگەڵ سوپای عێراقدا کە لەژێر فەرمانی مالکیدا دەجوڵێنەوە، نیشانەیەکی ترسناکی قوڵبوونەوەی ئەو شەڕو کێشمەکێشەیە.
ئێمە لە چەندین بۆنەی جۆراوجۆردا سەبارەت بەو ئاراستەیەی کە رەنگە بارودۆخی سیاسی عێراق لەژێر سایەی ئەم هێزە ملیشیاییانە بیگرێتەبەر، هوشداریمان داوە. ئەو هێزانەی کە حکومەتی عێراقیان پێکهێناوە، چ ناسیۆنالیستە کوردەکان‌و چ ئیسلامی سیاسی شیعەو سونەو ناسیۆنالیستی عەرەبی، هەموویان هێزو دەستەی چەکداری‌و میلیشیایین کە هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە لەسەر بەشی خۆیان لە داهات‌و دەسەڵاتی عێراقدا بەرەنگاری یەکتر ببنەوەو خەڵکی بێ دیفاع‌و مەدەنیش بەنرخی تیاچوون‌و کەم ئەندامبوون‌و تێکچوونی ماڵوحاڵیان باجی شەڕو ململانێکەی ئەوان بدەن! ئەم هێزانە خۆیان هۆکاری سەرەکی تێكدانی باری ئارامی‌و ئاسایشی هاولاتیان‌و تاریكکردنی ئایندەیانن.
ئەگەر کردەوەی تەقینەوەکان‌و هێزکۆکردنەوەو دانانیان لەبەرامبەر یەکتردا وەکو لەم دواییانەدا لەوناوچانەدا رویاندا کە بەناوچەی جێناکۆکی ناودەبرێن، شێوازێکی ناسراوی ئەو هێزانە بێت بۆ پاشەکشە بەیەکتری‌و پارێزگاریکردن لە دەسەڵات‌و بەرژەوەندیە سیاسی‌و دەسکەوتە ئابوریەکانیان، ئەوا پەنابردن بۆ راکێشانی جەماوەر بۆ ناو ئەو کێشمەکێشانە کە ماوەیەکە هێزەکانی ئیسلامی سیاسی‌ سونە‌و ناسیۆنالیستەکانی عەرەب‌و پاشماوەکانی بەعس دەستیان بۆ بردوە، شێوازێکی تازەیە کە ئامانجەکەی دانی رواڵەتێکی جەماوەریە بەو شەڕو کێشەیەی نێوانیان.
بێگومان توندبوونەوەی کێشمەکێشەکان لە ئێستادا بەمجۆرە مەترسیدارەی راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە توندبوونەی کێشەی دوو بەرەی ناکۆکی ناوچەکە؛ ئێران‌‌و تورکیاو هاوپەیمانەکانیان. هێزە ئیسلامی‌و ناسیۆنالیستەکانی عێراق‌و کوردستانیش لەناو دابەشبوونەکەی ئەواندا ریزیان بەستوەو بەشوێن دەسکەوت‌و بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوەن. درێژەکێشانی بارودۆخی سیاسی‌ سوریاو سەرنەکەوتنی بلۆکی تورکیاو نەیارەکانی ئێران لە یەکلایی کردنەوەی بە قازانجی خۆیان، ئاراستەی توندکردنەوەی فشارەکانی بۆناو عێراق گواستەوە بەو ئومیدەی کە لەبەرەیەکی دیکەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنن. ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت بەشێکە لەو سیناریۆ خوێناویەی لەناوچەکەداو لەهەناوی بارودۆخی سوریادا دەڕواتە پێشەوە‌. تورکیا دەیەوێ لەرێگای هاوکاریکردنی بەرەی ناکۆك بە مالکی، ژێرپێی ئێران لە عێراقدا بۆش بکات‌و بەوجۆرەش لە سوریادا گورزێکی بەهێز لە نفوزی ئێران بدات‌.
بەڵام زەرەرمەندی سەرەکی لەم نیوەدا خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراق‌و کوردستانن کە هیچ بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی ئەو شەڕەدا نیەو بگرە شەڕەکە بۆ داسەپاندنی بێمافیی زیاترو یەخسیرکردن‌و پاشەکشەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتیە بەسەریانداو هێشتنەوەیانە وەکو ئامێری دەستی ئەو هێزە بۆرژواییە کۆنەپەرستانە بۆ خۆشکردنی ئاگری شەڕی نەتەوەچیتی‌و تایەفەگەری، تا بتوانن خۆیان سەردارو خاوەن دەسەڵات‌و سامان‌و داهاتی عێراق‌و کوردستان بمێننەوە.
ئێمە لە کاتێکدا سەرکۆنەی هەمووجۆرە کارێکی تیرۆرو ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەکەین، هاوکاتیش ئەوە رادەگەیەنین کە دەبێت جەماوەری کرێکارو زەحمەتكێشی عێراق‌و کوردستان نەکەونە داوی پڕوپاگەندەی ساختەکارانەی ئەو هێزە میلیشیایی‌و کۆنەپەرستانەوە، ریزی سیاسی خۆیان لەوان جیابکەنەوە. دەبێ خەباتی خۆیان بۆ باشکردنی ژیان‌و گوزەرانیان‌، بۆ پارێزراوبوونی کەرامەت‌و حورمەتی شەخسیان، بۆ ئایندەیەکی ئازادو یەکسان‌و خۆشگوزەران لەرەوتی بردنەپێشەوەی خەباتیان لەدژی سەرجەم ئەو هێزو دەستەو تاقمانە سازو رێکخراوبکەن‌و بە هێزی رێکخراو‌و پراتیکی هوشیارانەی خۆیان لەدەوری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، دەستی ئەو هێزانە لەسەر ژیان‌و ماڵو حاڵ‌و لەسەر ئایندەیان دوور بخەنەوە.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٧/١/٢٠١٣