حزب کمونیست کارگری کردستان – پیام حزب به تودههای ناراضی در کردستان

پەیامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بۆ جەماوەری نارازی!

نارەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش‌و مامۆستایان‌و کارمەندانی کەمدەرامەت و توێژە هەژارو بەشخوراوەکانی کوردستان بەرامبەر بە قەیرانی ئابوری‌و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم بۆ شکاندنەوەی باری سەختی قەیرانەکە بەسەرشانی ئەواندا رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو هەڵکشان دەچێت! ماهیەتی بۆرژوازیانەو دژی کرێکاری‌و دژی خەڵکیی حکومەت رۆژدوای رۆژ بۆ ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵکی چەوساوەو بێبەشی کوردستان ئاشکراتر دەبێت. بیرکردنەوەی جەماوەر لە چۆنێتی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە ئاخرین بزماری بە تابووتی پرۆژەکانی چاکسازی هێزە بۆرژواییەکاندا داکوتاوە. ئێستا ئە وهێزانەی باسی چاکسازیی سیاسی و حکومەتیان دەکرد، خۆشیان بوونەتە قوربانی سیاسەتی هەلپەرستانەو قازانجپەرستانەی خۆیان‌و لە فکری ئەوەدان چۆن جێ پێکانیان لەناو دەسەڵاتدا بسڕنەوەو جارێکی دیکە خۆیان بخزێننەوە ناو نارەزایەتیەکانی جەماوەرەوە. تەنانەت یەکێتی نیشتمانی کە خۆی شەریکە بەش‌و دەسەڵاتی پارتیە خۆی وەکو رەخنەگری حکومەت‌و لایەنگری نارەزایەتیەکانی جەماوەر دژی نەبوونی مووچەو خزمەتگوزاریەکان نیشان دەدات!

لەم هەلومەرجە ئاڵۆزە سیاسیەدا ئەرکی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریە کە زۆر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەو روداوەکاندا بکەن. پێویستە رێگانەدەین بزوتنەوەکە لەرێڕەوی راستەقینەی خۆی دەربکرێت‌و دوبارە زەحمەت‌و قوربانی و خەباتی جەماوەری بێبەش و چەوساوەی کوردستان ببێتەوە بە کەرەستەی مامەڵەی سیاسی نێوان ئەو حیزبانەی کە لەسەر حسابی برسێتی خەڵك بەشوێن ئیمتیازاتی سیاسیەوەن. ئەو حزبانە کە تادوێنێ لە حکومەتی بنکەفراواندا پێکەوە خەریکی بەشکردنی قوتی خەڵك بوون، ئێستا ئاستی توڕەیی و نارەزایەتی خەڵك دەبینن، بۆیە هەوڵ دەدەن جەماوەر بەرەو کاری پێشوەخت رابکێشن تا چەواشەکردن و سەرکوتکردنیشی ئاسان بێت!

ئامادەکردنی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش بۆ ئەوەی حسابی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا یەکلایی بکاتەوە، بۆئەوەی کۆتایی بە نایەکسانی‌و بێمافی‌و ناعەدالەتی بێنێ، بۆئەوەی گەندەڵی و تاڵانو بڕۆی حزبە دەسەڵاتدارەکانی بۆرژوازی لەریشەوە دەربکێشێت، بۆئەوەی ژیانێکی شایستەو یەکسان بۆ خۆی و نەوەکانی دواتر فەراهەم بکات، لەناو پرۆسەیەك لە خەباتی هوشیارانە و یەکگرتوو رێکخراودا دەچێتەپێشەوە لەپێناو باشکردنی هەلومەرجی کارو ژیان‌‌و گوزەران‌و فراوانکردنەوەی ئازادیەکانی. مانگرتن و خۆپیشاندان، کۆبونەوەی نارەزایەتی‌و پەناگیری لە شوێن‌و ناوەندەکانی کارکردندا، لە فەرمانگەو خەستەخانەکاندا، لە قوتابخانەو زانکۆو پەیمانگاکاندا،  داخستنی دوکان و بازاڕەکان، بۆ گێڕانەوەی مووچە خوراوەکانی مووچەخۆران، بۆدانی مووچە لەکاتی خۆیداو بێدواکەوتن، بۆ دابینکردنی ژیان و دانی بیمەی بێکاری بەوانەی ئامادەبەکارن و کاریان دەستناکەوێ، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەکو تەندروستی، خوێندن، کارەبا، ئاوی خواردنەوە  بۆ هاوڵاتیانی کەمدەرامەت بە خۆڕایی لە ئێستادا ئەو هەنگاوە دروستەیە کە دەتوانێ نارەزایەتیەکانی جەماوەری نارازی لە موجازەفەو لەباربردن بپارێزێ و هەنگاوەکانی داهاتووش زامن بکات.

هەرئێستا بەشێك لە کارمەندانی فەرمانگەکانی حکومەت لەناو فەرمانگەکانی خۆیاندا دەستیان داوەتە مانگرتن، بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنگاو زانکۆو پەیمانگاکاندا مامۆستایانیش دەست بە مانگرتن و خۆپیشاندان بکەنەوە. هێشتا بایکۆت‌و جێهێشتنی دەوامیش وەکو بژاردەیەك لەلایەن بەشێك لە فەرمانبەران‌و مامۆستایانەوە تەماشا دەکرێ.  بەڵام وەکو چۆن پاراستنی نارەزایەتیەکان لەکاری پێشوەخت و موجازەفە ئەرکێکی سەرجەم رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەیە بەهەمان شێوەش دوبارە نەکردنەوەی ئەزمونێکی بێکاریگەری وەکو بایکۆت کە نارەزایەتیەکان دەپوکێنێتەوەو لەباریان دەبات، بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی سەرجەم جەماوەری نارازی کوردستان دەکات کەلەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن لە پاڵ مامۆستایان و خوێنداکاراندا لەسەرجەم فەرمانگەو خەستەخانەکاندا، لەناوەندەکانی کارو خزمەتگوزاریدا مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبونەوەی نارەزایەتی بەرپابکرێ‌لەپێناو:

  1. گێڕانەوەی مووچە زەوتکراوەکانی مووچەخۆران‌و دانی مووچە لەکاتی خۆیداو بێدواکەوتن.
  2. دابینکردنی کار بۆ بێکاران یان دابینکردنی ژیان و دانی بیمەی بێکاری بەوانەی ئامادەبەکارن و کاریان دەستناکەوێ.
  3. دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەکو تەندروستی‌و پزیشکی، خوێندن‌و پەروەردە، کارەبا‌و ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتیانی کەمدەرامەت بە خۆڕایی.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٥-٩-٢٠١٦