حزب کمونیست کارگری کردستان – جنبش اعتراضی توده ای و وظایف ما

بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری‌و ئەرکەکانمان


بەدیلی سیاسی بەرامبەر بە قەیرانی سیاسی و ئابوری ‌و بارودۆخی سەختی هەژاری‌و برسێتی کە بەهۆی دەسەڵات‌و بنبەستی دەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژوایی کوردەوە روبەرووی جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستان بوەتەوە، ، دامەزراندنی دەسەڵاتی شوراکانی کرێکاران‌و خەڵکی چەوساوەو زەحمەتکێشی کوردستانە.
بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بێبەش‌و چەوساوەی کوردستان سەرەنجام دەبێت مەسەلەی دەسەڵاتی حکومەتی بە قازانجی خۆی یەکلابکاتەوە تا لەوڕێگایەوە سەرجەم خواست و داواکان‌و بەرنامەی گۆڕانکاری سیاسی و ئابوری خۆی بەئەنجام بگەیەنێت. بەڵام بۆ گەیشتنی بزوتنەوەکە بەو ئامانجە بگات ئەو هەنگاوانەی خوارەوە پیویستن:
• پێویستە بەرامبەر بەم هێرشەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆسەر ژیان و گوزەران و تاڵانکردنی گیرفانی مامۆستایان‌و کارمەندان‌و کرێکاران‌و خانەنشینان بزوتنەوەو جموجوڵێکی فراوان و سەراەری بەرێبخرێت. نارەزایەتیەکان بە فراوانی و لەهەموو شارو شارۆچکەیەك، لەهەموو دامەزراوو فەرمانگەو نەخۆشخانەو خوێندنگاو زانکۆیەك دەست پێبکات‌و درێژەی هەبێت.
• نارەزایەتیەکان هەموو شێوازەکانی مانگرتن‌و کۆبونەوەی نارەزایەتی‌و خۆپیشاندان لەناو فەرمانگەو نەخۆشخانەو زانکۆ و خوێندنگاکاندا بگرێتەخۆی. پێویستە بەردەوام شێوازەکانی خەبات‌و نارەزایەتی دەربڕینەکان بگۆڕدرێن‌و تەنها بەیەك شێوازی نارەزایەتیەوە خۆمان تەنگەبەرو قەتیس نەکەینەوە.
• لەهەموو ناوەندەکانی کارو فەرمانگەو خوێندنگاو زانکۆو پەیمانگاکان و خەستەخانەکان دەستەکانی سەرپەرشتی نارەزایەتیەکان لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریەوە لە چالاکترین و هەڵسوڕاواترین کەسەکان دروست بکرێن.
• کاری ئەم دەستانە بریتی دەبێت لە دوو ئەرکی سەرەکی:
یەکەم؛ دابینکردنی رابەریەکی تێکۆشەرو شۆرشگێڕ بۆ سەرپەرشتی نارەزایەتیەکان کە هەنگاو بەهەنگاو ئاسۆی داهاتووی روون دەکاتەوە‌و پێ بەپێ بەرەوپێشچوونی توانای نارەزایەتیەکان‌، خواستەکان‌و شێوازی نارەزایەتیەکان دەگۆڕن.
دووەم؛ هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی رێکخراوە جەماوەریە ئیدامەکارو شوراکان لە ناوەندەکان و لەناو توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگادا. فاکتەرێکی گرنگ بۆدەرکیشانی نارەزایەتیەکانی جەماوەر لە پرش‌و بڵاوی و خۆرسك بوونی بوونی، رابەریەکی موعتەبەرو رێکخراوەی خەباتکاری جەماوەریە.
• بەڵام هەنگاونان بۆ دروستکردنی شوراو رێکخراوەی جەماوەری ئیدامەکار لە دوو ئاستدا بەرجەستە دەبێت:
یەکەم؛ دەستەکانی هەمان پیشە لەناوەندە جیاوازەکاندا پێکەوە تۆڕی دەستەکان دروست بکەن بۆ سەرپەرشتی نارەزایەتیەکان لەو ناوەندانەدا. هەروەها دەستەکانی هەرناوەندە هاوکاتی سەرپەرشتی نارەزایەتیەکان پێویستە خەریکی رێکخستنی جەماوەری نارازی ناوەندەکەی خۆیان بن و ناوبەناو کۆبوونەوەی گشتی سازبکەن‌و کرێکاران و کارمەندانی ناوەندەکەیان بکەنە بەشداری بڕیارەکان.
دووەم؛ لەگەڵ دەستەکانی دیکەدا لەناوەندە جیاجاکاندا پەیوەندی دروست بکەن‌ بەمەبەستی هاوئاهەنگکردنی کارەکان و نارەزایەتیەکان‌. هەروەها پەیوەندی ئەم دەستانە تا ئاستی شارو شارۆچکەیەك و هەروەها تائاستی سەرجەم شاروشارۆچکەکان بچیت‌و تۆڕێکی سەراسەری دەستەکانی نارەزایەتی لە کوردستاندا دروست بکەن. پەیوەندی نێوان دەستەکانیش بنەمای پەیوەندی نێوان شوراو رێکخراوە جەماوەریەکان لەئاستی ناوەندەکان و شاروشارۆچکەکاندا فەراهەم دەکات.
• شێوازی کارو دەخالەتی دەستەکان‌و لەهەنگاوی دواتردا شوراو رێکخراوە جەماوەریەکان بەوجۆرە دەبێت کە:
یەکەم؛ گرتنەبەری شێوەی گونجاو لە دەربڕین‌و بەرێخستنی نارەزایەتیەکاندا و خۆبەدوورگرتن لە رووبەروبونەوەی پێشوەخت لەگەڵ دەسەڵاتدا.
دووەم؛ خستنەرووی خواستەکان و دەستبردن بۆ شێوازی نارەزایەتی دەربڕین بەپێی ئاستی نارەزایەتیەکان‌و هاوسەنگی هێزی نێوان جەماوەرو دەسەڵات.
سێهەم؛ لەو شوێنانەدا کە خزمەتگوزاری زۆر پێویست پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێ و کاریگەری راستەوخۆی بۆسەر سەلامەتی ژیانی هاوڵاتیان دەبێ، بەشێوەی درێژماوە کار راگرتن ئەنجام نەدرێ، یان سیستەمی خەفارەت رەچاوبکرێ.
چوارەم؛ دەستەکان‌و رێکخراوەکان و شوراکان لەو ناوەندانەی کە داهاتیان هەیە ئیدارەو حکومەت ناچاربکەن کە بەشێك لەو داهاتە تەرخان بکرێ بۆ مووچەی کرێکارو فەرمانبەران‌و کارمەندانی ئەو شوێنانە. هەروەها لەکاتی پیویست‌و گونجاودا خۆیان دەستبەرن بۆ جێبەجێ کردنی.
پێنجەم؛ پڕوپاگەندەی فراوان لەناو جەماوەردا بۆ شوراو رێکخراوەی جەماوەری‌و هەروەها ناساندنی شورا لە ئاستێکی فراواندا. هەوڵدانی بەبەرنامە بۆ سود وەرگرتن لە میدیابۆ ئەو مەبەستە.
شەشەم؛ وەڵامدانەوەی دەستبەجێ و گونجاو دژی بریارو هەنگاوەکانی دەسەڵات بۆ پشتگوێ خستنی خواستەکان بە بەیانی کورت و شێوازی گونجاو. توندکردنەوەی فشار لەسەر ئەو حیزب‌و رێکخراوانەی کە بەشێوەی بەیناوبەینی‌و ناپەیگرانە بەرگری لە نارەزایەتی‌و خواستەکانی جەماوەر دەکەن.
• داواکاریەکان : داواکاریە دەستبەجێکان؛
1. هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچەو دانی موچە بەبێ دواکەوتن و لەکاتی خۆیدا. گێڕانەوەی مووچە دەستبەسەرداگیراوەکان لەلایەن حکومەتەوە.
2. دابینکردنی لانی کەمی بژێوی بۆ ئەو کەس‌و خێزانانەی کە بەهۆی قەیرانەوە کارەکانیان لەدەستداوە.
3. دابینکردنی خزمەتگوزاریە بنەڕەتی‌و سەرەتاییەکان، وەکو دابینکردنی ئاوو کارەباو نەخۆشخانەو سوتەمەنی…
4. ئازادیی بێچەندوچوونی نارەزایەتی‌ دەربڕین‌ بەشێوەی جەماوەری: کۆبوونەوە، مانگرتن، دەستلەکارکێشانەوە، رێپێوان‌و خۆپیشاندان. ئازادیی بێچەندوچونی رێکخراوبون‌و دروستکردنی رێکخراوەی جەماوەری سەربەخۆ لە دەسەڵات.
• کێشەی خەڵك تەنها کێشەی مووچەو نەبوونی خزمەتگوزاری نیە، بەڵکو کێشەیەکی ئابوری و سیاسی هەمەلایەنە کە سەرتاپای کۆمەڵگای بەرەو داڕوخان بردوە. برسێتی و بێدەرەتانی روبەرووی دەیان هەزار خێزان بوەتەوە کە هیچ سەرچاوەیەکی داراییان نەماوە بەهۆی راوەستانی پرۆژەکان‌و قەیرانی ئابوریەوە. بارودۆخی ژیان‌و گوزەرانی لاوان و بێکاران بەشێوەیەکی سامناك خراپ بوە. ژنان باری سەختی ئەم بارودۆخە قەیرانگرتوەیان بەکٶلدا دراوەو ئەوەندەی دیکە مافەکانیان پایەماڵ کراوە. بۆیە نارەزایەتی جەماوەر بوعدێکی فراوان‌و هەمەلایەنی بەخۆوە گرتوە.

لەوروەوە، هاوکاتی رێکخستنی نارەزایەتیەکان و پێکهێنانی دەستەو رێکخراوەی جەماوەری و شوراکان لە ناوەندەکانی کاردا، پێویستە هەڵسوڕاوانی رادیکاڵ‌و ئازادیخوازو یەکسانیخوازو کۆمۆنیستی ناو بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە هەوڵی ئەوەدابن و دەست بەرن بۆ دروستکردنی دەستەو گروپ‌و رێکخراوە جەماوەریەکان لە ناو توێژە نارازی‌و بێماف‌و چەوساوەکانی کوردستاندا:

1. پێکهێنانی دەستەکانی گەڕەك لە کەسانی هەڵسوڕاوو چالاكی گەڕەك‌و بەتایبەتی گەنجان بۆئەوەی سەرپەرشتی نارەزایەتیەکانی گەڕەکەکان بکەن‌و روبەروی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیان بکەنەوە. هەروەها ئەو گروپی گەنجانە لەکاتی پێویستدا دەتوانن هەستن بە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی گەڕەکەکانیان و رێگابگرن لەکاری پشێوی و تاڵانکردن.
2. بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی دژی بێکاری. دەستەکان‌و گروپەکانی نارەزایەتی لەناو ئەم بەشانەدا پیك بهێنرێن‌و لێك گرێبدرێنەوەو گەشەی پێبدرێ بۆ پێکهێنانی رێکخراوی جەماوەری کە دروشمی دابینکردنی بژێوی و بیمەی بێکاری بەرزبکاتەوەو لەگەڵ بزوتنەوەی گشتی جەماوەریدا گرێبخواتەوە. گەنجان و دەستەو گروپەکانی گەڕەکەکان دەتوانن دەورێکی بەرچاویان هەبێ لەم بزوتنەوەیەدا.
3. بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی یەکسانیخوازی ژنان لەلایەن هەڵسوڕاوانی یەکسانیخوازی ژنانەوە کە هاوکات بۆ بەدیهێنانی مافە سەرەتاییەکانی ژنان و پرسی یەکسانبوونیان لەگەڵ پیاواندا تێبکۆشێت‌و هاوکات ببێتە بەشێك لە بزوتنەوەی نارەزایەتی گشتی بۆ نان و ئازادی.
• یەکێك لە گرفتە سەرەکیەکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی ئێستا کە فرسەتی سەرکەوتنیشی کەم دەکاتەوە ئەوەیە کە چینی کرێکار لە کوردستان دەورێکی بەرچاوی تێدانیە، بەتایبەتی کرێکارانی ناوەندو دامەزراوە ئابوریە هەستیارەکانی وەکو نەوت‌و گاز‌و بەرهەمهێنانی کارەباو چیمەنتۆو… تاد. پێویستە بەشێوەیەکی لێبڕاوانە کاربکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە.

دەبێ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بەتایبەتی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست ‌و چەپ هەوڵی جدی بدەن بۆ دەستراگەیشتن بەم ناوەندانە. پێویستە گروپ و دەستەی جۆرواجۆری کرێکاران لەو ناوەندانەش دروست بکرێن. هەنگاو بەرەو دروستکردنی رێکخراوەی جەماوەری‌و شوراکانی خۆیان بنێن. بزوتنەوەی کرێکاری لەم ناوەندانە لەگەڵ بزوتنەوەی گشتی لێك هەڵپێکرێن.

ئەم هەنگاوانەی سەرەوە لە پرۆسەیەکی ئامادەسازی سیاسی و رێخکراوەیی جەماوەردا دەچێتە پێشەوە تا ئەوکاتەی کە دەستە نارەزایەتیەکان فراوان بوونەتەوەو جەماوەرێکی فراوانتر پێیانەوە پەیوەست بوون و هەنگاویان ناوە بەرەو دروستکردنی شوراو رێکخراوە جەماوەریەکان لەناو خەستەخانەو فەرمانگەو ناوەندەکانی خوێندن‌و دامەزاروە ئابوریەکان‌و پاشانیش گەڕەکەکان. ئەم پرۆسەیە لەگەڵ چونەسەری هێزو توانای جەماوەر بۆ سەپاندنی خواستەکان و بەدی هێنانیان بەرەوپێش دەچێت‌. لەوجێگایانەی کە دەسەڵات وەڵام ناداتەوە خۆی ئەوەندە هێزی پەیدا کردوە کە تەرحەکان و رێگاچارەکانی خۆی جێبەجێ دەکات‌و بەوجۆرە لەگەڵ دروستبوون و بەهێزبوونی شوراو رێکخراوە جەماوەریەکاندا لە ناوەندەکان و گەڕەکەکاندا ئیتر لە خوارەوە جەماوەری نارازی و هوشیارو رێکخراو دەست دەبات بۆ جێبەجێکردنی فەرمان و بڕیارەکانی خۆی لە خوارەوە. بەکردەوە دەسەڵاتدارێتی شوراو ئەنجومەنەکانی خەڵك لە خوارەوە جومگە ئابوری و سیاسیەکانی کۆمەڵگا دەخاتە ژێر دەستی خۆیەوەو بەکردەوە زەمینەی راگەیاندنی دەسەڵاتی شوراکان فەراهەم دەبێت.

لەکۆتاییدا بانگەوازی سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی حیزب، هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست‌و چەپ، ئازادیخوازو یەکسانیخواز و هەموو ئەو کەس‌و لایەن‌و گروپانە دەکەین کە خوازیاری کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە کارەساتبارەی خەڵكی کرێکارو کەدەمدەرامەتی کوردستانن، پێکەوە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکانە هەنگاوبنێین .

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٩-٣-٢٠١٦