سردار عبدالله محمد – متشکل شدنمان در شوراها کلید مشکلاتمان است 

ڕێکخراو بوونمان لە شوراکاندا کلیلی کردنەوەی گرفتەکانمانە!

هەموومان دەزانین چ حکومەتی پارتی و یەکێتی و چ حکومەتی بنکە فراوانی ٥ حیزبی لە کوردستان و چ خۆیان و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنی و سەندیکاکانیان نەیانتوانی لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابووردوا بژێوو گوزەرانی خەڵک بگۆڕن و چاکی بکەن بەڵکو ڕۆژ لە دوای رۆژ خراپتریان کردووە بۆیە ڕێگا چارەیەکی تر پێویستە بۆ کردنەوەی گرێ و گۆڵەکانی خەڵك ئەویش ڕێکخراوبوونە لە ڕێکخراوی سەربەخۆدا کە زیاتر لە شوراکاندا خۆی دەبینێتەوە ، جا هەر حیزب و لایەن و کەسانێک خۆیان بە لایەنگری بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ستەم دیدە دەزانن دەبێت پشتیوانی لەم جۆرە رێکخراو بوونە بکەن تا ئاسودەیی و خۆشگوزرەانی و یەکسانی و ئازادیsvnhv بۆ هەمووان بەرقەرار بکرێ .

ڕێکخستنی شورایی یا ڕێکخراوی (کۆمۆنی)

ڕێکخستنێکی جەماوەری سەربەخۆیە . واتە  سەربەخۆیە لە هەر حیزب وئایدیۆلۆژیایەک . یانی  ڕێکخراوێکی حیزبی و ئایدیۆلۆژیگەرا نیە ، هەرچەندە ئەم جۆرە رێکخراوە لە لایەن کۆمۆنیستەکان و مارکسیسیتەکانەوە پێشنیار دەکرێ بەڵام هەموو کەس دەتوانێ ببێتە ئەندام و لە هەڵبژاردنی کۆبونەوە گشتەکانیدا وە دەتوانێ خۆی کاندید بکات بۆ نوێنەرایەتی و کۆمیتە باڵاکانی بە بێ لە بەرچاو گرتنی ئەوەی سەر بەکام حیزب و ئایدیۆلۆژیایە یا سەربەخۆیە و لەگەڵ هیچ حیزب و لایەنێکدا نیە. پێچەوانەی ئەو پڕو پاگەندەیەیە کە هەندێ هێزو لایەن دەیکەن گوایاشورا رێکخستنێکی کۆمۆنیستیە..

ئەگەر ئازادی رێکخراو بوون شەرعیەتی  هەبێت ، شورا وەک هەر ڕێکخراوێکی تری جەماوەری  دەتوانێ هەڵسوڕانی عەلەنی هەبێت لە ناو سیستەم ویاسای ئەمڕۆدا ، وەک چۆن سەندیکاکان و رێکخراوە مەدەنیەکان مافی هەڵسوران و چالاکیان هەیە هەر بەو جۆرەش شواراکان ئەو مافەیان هەیە.

شورا هەرچەندە ئەلتەرناتیڤێکی سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتیە بۆ بەڕێوە بردنی کۆمەڵگا لە هەمان کاتدا ڕێکخراوێکی ریفۆرمیستیشە بۆ بە دەستهێنانی داخوازی و مافە زەوت کراوەکای چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان واتە دەتوانێ ئەو کارەی سەندیکا بیکات ئەمیش بیکات بەڵام بەبێ سات و سەودا کردن و سازش لە سەر مافەکانی خەڵك. هەروەها شورا لە سەندیکا داواکانی فراوانترە و  بۆ نمونە خواستی مووچە،خواستی زیاد کردنی مووچە بە پێی ئاستی گرانی ، خواستی کار و بیمەی بێکاری و بیمەی تەندروستی ، خواستی خزمەت گوزاری ئاوو کارەبی خۆرایی ، خواستی باجی ڕوو بەسەرەوە ( الضریبة التصاعدیة) ،خواستی سامانی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگا  وەخواستی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک یەکسانی ژن و پیاو و جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردەو فێر کردن وئازادی بێ قەیدو شەرتی سیاسی و ئازادی عەقیدە و بیرو ڕا. پەیوەندی دبلۆماسی ئاشکرا و وە هەروەها دادگایی کردنی تاوانباران بە  ئاشکرا …هتد

شوراکان لە شوێنی کارو ژیاندا دادەمەزرێن واتە ڕێکخراوەیەکی سنفی یا پیشەیی نین دەکرێ لە ناو کارگەکان وکۆمپانیاکانی نەوت و گاز و شارەوانیەکان و ئیدارەکان و قوتابخانەکاندا یا لە گەڕەک و مەحەلەکاندا یا لە دێهاتەکاندا  دابمەزرێن بەڵام سنفی پیشەیی نین.

ئامانجی شوارکان

لە نزیک ماوەدا داسەپاندنی مافە سەرەتایەکانی خەڵکە بە سەر دەسەڵاتدارانی ئێستاداو لە درێژ ماوەدا  بە دی هێنانی یەکسانی هەمە لایەنەیە بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بە هەموو ڕەگەز و دین و قەوم و نەژادێکیەوە ، وە بەدست هێنانی ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی وعەقیدە و بیرورایە. لە پێناو بە دی هاتنی ئەم ئامانجانەداهەموو شێوازێکی ناڕەزایەتی پێشنیار دەکرێ ئەویش کۆبونەوەی سەراسەری شوارکان دیاری دەکات وەک مانگرتن ، گرد بوونەوە .خۆپیشاندان.ئەگەر مافە سەرەتایەکانی خەڵک دانەسەپێنرا ئەوا شێوازی تر بە کار دەهێنرێت ، ئەگەر هەوڵی سەرکوتیش درا وپەلاماری چەکدارانە درا ئەو کات شواراکان ناچار دەکرێن چەکدار بکرێن و شێوازی ڕاپەرین و شۆڕش بگرنە بەر. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە شوراکان ڕێکخراوی ئانارشیستی و ئاژاوە چی نین لە خۆوە پەلاماری هیج کەسێک و هیچ شوێنیک نادەن ئەگەر پەلامار نەدرێن یا داواکانی خەڵک فەرامۆش نەکرێن لە لایەن دەسەڵاتەوە.

میکانیزمی کارکردنی شوراکان

لە ڕێگەی کۆبونەوەی گشتی یەوە نوێنەرانی گەڕەک یا کارگە یا ئیدارە یا نەخۆشخانەکان یا دێهاتەکان .هتد هەڵدەبژێردرێن لەمانیش نوێنەرانی باڵاتر هەڵدەبژردرێن کاتی کۆبوونەوەکانیش دیاری نیە واتە هەڵبژاردن بە پێی پێویست ئەنجام دەدرێن وەک پەرلەمان نیە کە ٤ ساڵ جارێک بێت بەڵکو هەرکات خەڵکی بۆیان دەرکەوت نوێنەرەکان باش کار ناکەن یا گەندەڵیەکیان کرد ئەوا کۆدەبنەوە ئەو نوێنەرە لادەبەن و نوینەری تر هەڵدەبژێرن ، بەرێوە بەرانی تریش هەر لە کۆبونەوەی گشتیدا هەڵدەبژێردرێن وەک پارێزگار و قایمقام وبەرێوەبەری ناحیەو  قازی وبەرێوەبەرانی ئاو وکارەباو نەخۆشخانە و ئەوانی تر و لەمانیش نوێنەری باڵاتر تا دەگاتە وەزیرەکان و سەرۆک وەزیرانیش هەڵدەبژدرێن هەرکات ئەمانە باش کاریان نەکرد یا گەندەڵیان کرد لە سەرکاریان لا دەبرێن و بە پێ ی ئاستی تاوانیشیان سزا دەدرین لە دادگایەکی ئاشکرادا.

 میکانیزمی پێک هێنانی شوراکان

هەمیشە باشترین ئەلگۆی ڕێکخراوی جەماوەری کۆمۆنیستەکان “شورا” بووە بەڵام زۆر جار پێکهێنانی شورا ئاسان نەبووە بە لایانەوە لە بەر نەبوونی دەرکی پێویست بۆ هەلومەرجە جیاوازەکان.ئەمڕۆش ئەم ئەلگۆیە  لەم هەلومەرجەی ئێستای کوردستان و عێراقدا جارێکی تر مەترەح کراوەتەوە دەبێ بزانن لە ڕووی عەمەلیەوە چۆن دەست ببەن بۆ ئەم کارە. ئەم هەلومەرجەی ئێستا وەک ساڵی ١٩٩١ نیە کە شوراکانی تیا دروست بوو بە هەمان شێوەی ئەو سەردەمەش شورا پێک نایەت ، ئەوکات بەعس لە کوردستان وەدەر نرابوو بۆشایی سیاسی و دەسەڵات هەبوو ئێستا وانیە ، دەسەڵاتێکی میلیشیایی بە هێز هەیە کە لە لایەن دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بە پشتیوانی ملیارەها دۆلار پایەکی قایمی بۆ دروست کراوە .

کارێک کە دەبێ بکرێ دەبێت لە چواچێوەی یاساکانی خۆیاندا هەوڵی دروست کردنی شوراکان بدرێ وەک چۆن سەندیکا یا رێکخراوی مەدەنی دروست دەکەیت ئاوەهاش شورا دروست دەکرێ بە شێوەی عەلەنی.

سەرەتا دەبێت دەستەیەکی سەراسەری بۆ پێکهێنانی شورا دروست  بکرێ ، ئەنجا بەرنامەیەک وەک پرۆژە ئامادەبکرێ  کە تیایدا مافە سەرەتایی و بنەڕەتیەکانی تێدا بێت وە لە بەشێکی تریدا باس لە بەڕێوە بردنی کۆمەڵگا بکات لە لایەن شوراکانەوە وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ دەسەڵات. ڕاگەیاندێكی زۆر بۆ ئەم پڕۆژە بەرنامەیە بکرێ تا سەدایەکی بەرفراوانی هەبێت و بە گوێ ی هەموو خەڵکدا بچێ  ئەگەر بڵاو کراوەیەکی  هەفتانە هەبێت بە ناوی “شورا”زۆر باشە بەدەستی زۆربەی خەڵک بگات چ لە ڕێگای دەستاو دەست کردن بێت یا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بێت لە هەمان کاتدا هەوڵ بدرێ بۆ پێک هێنانی دەستەکانی دامەزراندنی شورا  لە هەر کارگەیەک و ئیدارەیەک وگەڕەکەکانی  شارەکاندا  یا لە  گوندەکاندا ئەنجا  کەسانێک پەیدا بکرێن کە وەک ڕابەری عەمەلی ( ئاژیتاتۆر) دەرکەوتوون و جێگای متمانەی دەوروبەری خۆیانن گفتوگۆیان لە گەڵ بکرێ لە سەر گرنگی رێکخراوبوونی سەربەخۆ وەبەرنامەی شورا ئامانج و میکانیزمی کارکردن و چۆنیەتی کارکرکردن لە گەڵیان تاووتوێ بکرێ تا هاوڕا دەبن پاشان بانگەوازکرێکاران و خەڵک  بکەن بۆ کۆبونەوەی گشتی  بە ئاگاداری پۆلیس  کۆبونەوەکە  ساز بدەن نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن . دەبێت زیاتر  سەرنج بدرێتە ئەوەی لە کوێدا ئیمکان هەبوو لەوێوە دەست پێ بکەین واتە لەکام کارگا یا ئیدارە یا گەرەک یا گوند توانرا ٣ کەس لە ڕابەرانی جێگا متمانە هەبن دەبێ دەست بە جێ پەیوەندیان پێوە بکرێ و ڕایان وەربگیرێ هەموو لا رێک بکەون لە سەر پێکهێنانی شورا. باشتر وایە ڕابەرانی عەمەلی لە کارگا و ئیدارەکان کرێکار بن یا کەسانی مووچە نزم بن لە گەڕەکەکانیش کرێکاری لە سە ر کار یا بێکار یا خەڵکی زەحمتکیش بن یا فەرمانبەر و مامۆستا بن  لە گوندیش دەبێ کرێکاری لەسەر کاری کشتوکاڵی بن یا بێکار یا جوتیاری هەژار و کەم دەرامەت بن . بەڵام لە کۆبونەوە گشتیەکاندا  کێ بە نوێنەر هەڵدەبژێدرێ جیاوازە چونکە هەڵبژاردن ئازادانە دەبێ ، هەرکەس دەتوانێ خۆی کاندید بکا سەر بە هەر بیرو باوەرێک یا لایەنێکی سیاسیش بێت.

هەرکەس دەتوانێ کاندید بێت کە باوەڕی بە بەرنامە ی شوراو عەمەلی کردنەوەی ئەو بەرنامەیە بێت وەک لینین دەڵێ : ئەگەر  قەشەش بێت منیش دەڵێم :ئەگەر کەسێکی دینی یا قەومیش بێ.

بە هیوای هەرچی زووتری پێکهینانی شورا یا کۆمۆنە لە کوردستاندا.

کۆتایی

سەردار عەبدوڵا حەمە

٨/٣/٢٠١٦