لشکر کشیترکیه و نیاز به هم کاری جدید ( بزبان کردی)

له‌شکرکێشی تورکیاو پێوست بوونی هاوپه‌یمانیه‌کی نوێ؟ !

له‌ کاتی یاری شه‌تره‌نجدا کاتێ به‌ره‌و شکست ده‌ڕۆی که‌ زۆربه‌ی هێزه‌که‌ت له‌ ده‌ست ده‌ده‌ی  تورکیا ئێستا له‌م‌ حاڵه‌ته‌دایه‌  ‌له‌حاڵه‌تی شکستی مه‌رامه‌کانی و سیاسه‌ته‌کانیدایه‌ به‌ هۆی پاشه‌کشه‌کانی داعشه‌وه‌ ، تورکیا ئێستا له‌حاڵه‌تی کش مه‌لیکدایه. بۆیه‌ هه‌موو هێزی خۆی به‌ کار ده‌‌‌‌هێنێ تا پشتی له‌ عه‌رز نه‌که‌وێ وه‌ک گورگه‌ برسیه‌که‌ی لێ هاتووه‌ په‌لاماری هه‌موو ده‌وربه‌ری خۆی ده‌دات ده‌ست بۆ هه‌موو کارێک ده‌بات . تورکیا ویستی به‌شار ئه‌سه‌د لابچێ وده‌سه‌ڵاتێ له‌ سوریا دامه‌زرێ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌و بێت به‌ هاتنی روسیا ئه‌و خه‌ونه‌ی تێک شکا ،تورکیا ویستی په‌که‌که‌ و یه‌په‌گه‌و ئیراده‌ی خه‌ڵکی کوردستانی باکور و ڕۆژائاوا تێک بشکێنێ ئه‌وه‌شی بۆ نه‌کرا، تورکیا به‌ چه‌ندین ڕێگا ویستی موصڵ و که‌رکوک له‌ عێراق بستێنێ ئه‌وه‌شی بۆ نه‌کرا،ته‌نانه‌ت تورکیا ویستی هه‌رێمی کوردستان نه‌‌هێڵێ وهه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌  ده‌یویست ته‌نانه‌ت ناوی کوردستانیش بسڕیته‌وه‌ ئه‌وه‌شی بۆ نه‌کرا.

ئه‌و ‌‌‌هێزه‌ ڕه‌شه‌ی تورکیا پشتی پێ ده‌به‌ستێ بۆ پشتیوانی له‌ مه‌رامه‌کانی خۆی  داعشه‌ له‌ عێراق و به‌ره‌ی نوسره‌ وهێزه‌ ئیسلامیه‌ تیرۆریسته‌کانی تره‌ له‌ ناوچه‌که‌دا، ئه‌م ‌هێزانه‌ش ‌تووشی پاشه‌کشه‌ بوون به‌‌هۆی ده‌خاله‌تی روسیا وه‌ له‌ جه‌نگی دژه‌ تیڕۆردا له لایه‌ک له‌‌ لایه‌کی تره‌‌وه‌ به‌ هۆی توانای  شه‌ڕی گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌ و شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌وه‌، بۆیه‌ تورکیا که‌وتوه‌ته‌ ته‌نگه‌ژه‌یه‌کی زۆر خراپه‌وه‌ پێوستی به‌وه‌یه‌ ڕێگای تر بدۆزێته‌وه‌ بۆ به‌دی هاتنی خه‌ونه‌کانی خۆی .

یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی تورکیا  له‌ به‌را‌نبه‌ر شکسته‌کانی داعش  ‌بۆردومانی چڕوپڕی قه‌ندیل بوو. دووه‌م خستنه‌ خواره‌وه‌ی فرۆکه‌ ڕوسیه‌که‌ بوو. سێه‌م کاردنه‌وه‌ی کۆنگره‌ی ئیسلامی بوو له‌ ریاز. چواره‌م کاردانه‌وه‌ی بانگێش کردنی مه‌سعود بارزانی بوو بۆ تورکیا وئاڵای کوردستانی بۆ دانا له‌ پێشوازیه‌که‌یدا. پێنجه‌م میلیتاره‌ز کردنی کوردستانی باکورو په‌لاماری خه‌ڵکی سیڤیل وکوشتن و ده‌ سگیر کردنیان بوو. شه‌شه‌م کاردانه‌وه‌ی ئه‌م له‌شکرکێشیه‌ بوو بۆ کوردستانی باشور.

تورکیا ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ ده‌زانێ که‌ (ناتۆ) نا‌توانێ هاوئاهه‌نگی بکا بۆ به‌ دی هاتنی خه‌و‌نه‌کانی چونکه‌ ناتۆو ئه‌مه‌ریکا یار‌مه‌تی  په‌که‌که‌ و یه‌په‌گه یان‌دا له‌ دژی داعش . واته ئه‌وان‌ بوونه‌ هۆی به‌‌هێز کردنی نه‌یاره‌کانی تورکیا بۆیه‌ پێوست بوو هاوپه‌یمانیه‌کی تر دروست بکا ،که‌ئه‌ویش هاوپه‌یمانی ئیسلامی بوو به‌ سه‌رۆکایه‌تی سعودیه‌ ، که‌ سه‌رچاوه‌ی دروست بوونی تیرۆریزمی ئیسلامیه‌ ، ته‌نها ئامانجی ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ش لێدانی په‌که‌که‌و یه‌په‌گه‌یه‌ نه‌ک داعش ونوسره‌ واحرار شام جڕوجانه‌وه‌رکانی تری ئیسلامی سیاسی.

تورکیا بۆ به‌ دی هاتنی خه‌ونه‌کانی پێویستی به‌تاکتیکی جۆراو جۆر هه‌یه‌ یه‌کێ تر له‌و تاکتیکانه‌ به‌ کار ‌هێنانی هه‌رێمی کوردستانه‌ وبه‌ تایبه‌تی پارتی و شه‌خسی مه‌سعود بارزانیه‌  (‌ ڕێبازی ئیسلامی_ ئه‌تاتورکی هیچ نایه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌دا  پارتی و بارزانیش به‌ دۆست بزانێ ته‌نانه‌ت نایه‌‌وێ دان به‌وه‌دا بنێن خه‌ڵکێك هه‌یه‌ که‌ ناوی خه‌ڵكی کورد بێت به‌ڵام تورکیا به‌ ناچاری وای لێ هاتووه‌ پشت به‌ ناحه‌زێک ببه‌ستێ له‌ به‌ر‌انبه‌ر ئه‌و ناحه‌زانه‌ی تر که‌ ئه‌و ته‌نگژه‌یان بۆ دروست کردووه‌) . ئه‌مڕۆ بۆ تاکتیکی خۆی پێویسته‌ مه‌سعود بارزانی بانگێش بکاو ئاڵای کوردستانیشی بۆ دابنێ تاخه‌ڵکی کوردستان چه‌واشه‌ بکات و به‌ ڕووکه‌ش نیشانی بده‌ن ئه‌ردۆگان به‌ره‌و دۆستایه‌تی کردنی خه‌ڵکی کورد هه‌ڵکشاوه‌ و سیاسه‌تی تورکیا له‌م باره‌وه‌ گوڕاوه‌. چه‌واشه‌ کاریه‌که‌ زۆر زوو ده‌رکه‌وت به‌ په‌لاماری وه‌حشیانه‌یان بۆ سه‌ر خه‌ڵکی سیڤێل له‌ شاره‌کانی باکوری کوردستان به‌ په‌لاماری کوردستانی ڕۆژئاواو به‌ پێشێل کردنی ئیراده‌ی کوردستانی باشور به‌ هۆی له‌شکرکێشیه‌که‌وه‌ بۆ قوڵایی ناوچه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌.

‌ تورکیا بۆ په‌لاماردانی ئه‌و ‌‌هێزانه‌هاتوه‌که‌ شه‌ڕی داعش ده‌که‌ن نه‌ک بۆ شه‌ڕی داعش چونکه‌ تا ئێستا سوپای تورکیا له‌ هیچ به‌ره‌یه‌کدا شه‌ڕی داعشی نه‌کردووه‌ تا ئێستا بیکات. وه‌ک یه‌کێ له‌ سه‌ناتۆره‌کانی ئه‌مه‌ریکا ووتی : هه‌موو دونیا شه‌ڕی داعش ده‌کا که‌چی تورکیا شه‌ڕی په‌که‌ که‌ ده‌کا. ‌

‌  به‌ کار هێنانی پارتی و مه‌سعود بارزانیش له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌که‌ی ئوردوگانه‌وه‌ بۆ دژایه‌تی کردنی خه‌لکی کوردستانه‌ هیچی تر .ئه‌ گه‌ر ئوردوگان توانی له‌ ڕێگای ئه‌م تاکتیکه‌یه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی کوردستانی باکورورۆژائاوا له‌ ناوببات وپه‌که‌که‌ و یه‌په‌گه‌ بتوێنێته‌وه‌ ئه‌وجا سه‌ره‌ی پارتی و مه‌سعود بارزانی و کوردستانی باشوریش دێت ئه‌وانیش به‌و ده‌رده ‌ده‌بات.

له‌وانه‌یه‌ پارتی و بارزانیش ئه‌و ڕاستیه‌ بزانن به‌ڵام ئه‌مانیش ده‌یانه‌وێ سوود له‌ تورکیا وه‌ر بگرن بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان وه‌ک تاکتیکی کاتی چونکه‌ ئه‌وه‌ مه‌علومه‌  ئه‌مڕۆ پارتییش له‌ ته‌نگژه‌دایه‌ و له‌ به‌رده‌م نه‌فره‌تی خه‌ڵکی به‌ ئاگا و هۆشیاری کوردستاندایه‌ به‌ هۆی ئه‌و تاڵانی و دزیه‌وه‌ که‌ ده‌یکات به‌ ئاشکراو به‌ نهێنی یا به‌ هۆی کاره‌ تیرورستیه‌کانیه‌وه‌ له‌ دژی ئازادیخوازان و به‌ هۆی ئه‌و تراژیدیایه‌ی هێنای به‌سه‌ ر خه‌ڵکی شه‌نگال به‌ ته‌سلیم کردنی ئه‌و شاره‌ به‌ داعش وه‌ هه‌روه‌ها به هۆی‌  داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی  به‌ زه‌بری میلیشیاوه‌ جگه‌ له‌م خه‌ڵکه‌ پارتی له‌ به‌رده‌م ناڕه‌ازیه‌تی چوار حیزبه‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی په‌رله‌مانیشدایه وه‌له‌به‌رده‌م ناره‌زایه‌تی حیزب و هێزه‌ چه‌په‌کاندایشدایه‌ ‌، پارتی ‌ نه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا دۆسته‌و نه‌له‌گه‌ڵ ئێران و نه‌له‌ گه‌ڵ په‌که‌که‌ ‌ و نه‌له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ نه‌ له‌ گه ڵ حیزبه‌کانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات‌.  هه‌روه‌ک چۆن تورکیا له‌ ته‌نک گژه‌دایه‌ پێویستی به‌ پارتیه‌ پارتیش له‌ ته‌نگژه‌دایه‌ پێویستی به‌ تورکیایه‌ ،تورکیاش له‌ هه‌موو سنوره‌کانیه‌وه‌ که‌سی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان نه‌بێ ، هه‌ موو سنوه‌رکانی لێ به‌ستراوه‌ وه‌ک‌ عێراق ،ئێران،روسیا، سوریا ته‌نانه‌ت ناکۆکیه‌کی مێژینه‌ی له‌ گه‌ڵ یونانیش هه‌یه‌ له‌ سه‌ر جزیره‌ی قوبرس واته‌ هیچ کام له‌ ووڵاتانی هاوسنوری خۆی دۆستی نین تورکیا له‌ به‌رانبه‌ر ناره‌زایه‌تیه‌‌کی به‌رینی خه‌ڵکی ئازادیخواز و ئینسان دۆستدایه‌ له‌ ناوه‌وه‌‌ی تورکیادا بۆیه‌ حاڵه‌ته‌که‌ی ئه‌وه‌ ده‌خوازێ که‌ لایه‌نێک بدۆزێته‌وه‌ له‌و ته‌نگژه‌یه‌ ڕزگاری بکا ئه‌ویش پارتی و مه‌سعود بارزانیه‌ بۆ پارتیش هه‌روایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سنوره‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ ژێر چه‌پوکی یه‌کێتی و گۆڕاندا بوایه‌ ، نه‌تورکیاو نه‌ پارتیش ئه‌م تاکتیکه‌یان بۆ نه‌ده‌‌مایه‌وه‌ چونکه‌ یه‌کێتی و گۆڕان هاوسۆزی په‌که‌که‌ و یه‌په‌گه‌ن.

زه‌ره‌مه‌ندی یه‌که‌م له‌م هاوکێشانه‌دا خه‌ڵکی کرێکار وزه‌حمه‌تکێشی تورکیا و کوردستان و ناوچه‌که‌یه‌ ، ناوچه‌که‌ جگه‌ له‌وه‌ی قه‌یراناوی کراوه‌ ئه‌م خه‌ڵکه‌ باجه‌که‌ی ده‌دات ڕۆژانه‌ ڕۆڵه‌کانی ئه‌م خه‌ڵکه‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌ به‌ کوشت ده‌درێ وه‌ بارودۆخه‌که‌ چاوه‌ڕێ ی مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌تری لێ ده‌کرێ هه‌ر بۆیه‌ هه‌لومه‌رجه‌که‌ پێویستی به‌ فریاکه‌وتنێکی خێرایی هه‌یه‌ ئه‌ویش پێکهێنانی ڕیزێکی سه‌ربه‌خۆی خه‌ڵکه‌ بۆ نه‌مانی تیرۆر و قه‌یران بۆ شۆڕش بۆ ڕاپه‌ڕین،هه‌لومه‌رجه‌که‌  پێوستی به‌ رێکخراوبوونی خه‌ڵکه‌ له‌ ده‌وری ئامانجی ڕزگاری ئینساندا ، پێویستی به‌ یه‌کگرتویی هه‌موو ئه‌و ‌‌هێزانه‌یه‌ که‌ به‌ کرده‌وه‌ ئینسان دۆست وئازادی خوازن بۆ پێشڕه‌وی کردن له‌ پێک‌هێنانی ڕیزی سه‌ربه‌خۆی خه‌ڵک له‌ کوردستان و عێراق و تورکیا و سوریا و ئێران وناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا .

له‌ به‌رانبه‌ر سه‌رجه‌م هاوپه‌یمانه‌کانی‌ تر  وه‌ک هاوپه‌یمانی ئیسلامی و ناتۆ و روسیا و هاوپه‌یمانه‌کانی  ، جیهان پێویستی به‌ هاوپه‌یمانیه‌کی ئینسانیه‌ پێویستی به‌ هاتنه‌ مه‌یدانی ‌هێزی ئازادیخوازوئینسان دۆستی جیهانیه‌ بۆ پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی ئینسانی ئه‌م هێزانه‌ش ده‌توانن کار بۆ کۆنگره‌یه‌کی جیهانی بکه‌ن له‌ زووترین کاتدا  هاوپه‌یمانیه‌کی نوێی ئینسانی ڕابگه‌یه‌نن  له‌ پێناو گێڕانه‌وه‌ی ئیراده‌ی ئینسان وله‌ پێناو دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ جه‌نگ وکوشتارو یه‌کسان ودادپه‌روه‌ردا،وه‌ له‌ پێناو له‌ ناوبردنی تیرۆر وسه‌رچاوه‌کانی و ئاکامه‌کانی وه‌ هه‌روه‌ها به‌ره‌و له‌ ناو بردنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری که‌  هۆکاری ئه‌سلی ئه‌م هه‌موو کێشانه‌ یه‌ هه‌نگاو هه‌ڵگرێ.

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌

21/12/2015