پایان دادن به ترور و تروریزم ، وظیفه قربانیان ترور، مردم آزادیخواه دنیاست
حزب کمونيست کارگرى کردستان
کۆتایهێنان بەتیرۆرو تیرۆریزم، ئەرکی قوربانی تیرۆر، ئەرکی خەڵکی ئازادیخوازو دنیای شارستانییە
ڕۆژی هەینی ١٣ نۆڤەمبەر پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ جارێکی تر رووبەڕووی زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆریستی یەک لەدوای یەک بۆوە. لە ئاکامی ئەم زنجیرە کردوە تیرۆریستی و خۆکوژیانە، ١٢٩ کەس گیانیان لەدەستداو وە ٣٥٢ کەسی تریش بریندار بوون، کە برینی ژمارەیەکیان سەختە…هاوکات کەشی ترس و دڵەڕاوکێ باڵی کێشا بەسەر فەرەنساو تەواوی وڵاتانی ئەوروپادا.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، گروپی تیرۆریستی و ئینسانکوژی ئیسلامی داعش، بە نەعرەتە و هاواری ئەڵاهوئەکبەر، هێرشەکانیان بۆسەر گازینۆی ئاهەنگێکی گۆرانی و یاریگای فەرەنسای نیو دەوڵەتی و چەند شوێنێکی تر دەست پێکردووە.
دیارە کە ئەم کردوە ئینسانکوژی و تیرۆریستی و بەبارمتەگرتن و ویرانکارییە، لە درێژەی ئەو تاوانکاریانەیە کە گروپ و باندە ئیسلامیەکانیان لەهەموو گۆشەو کەنارەکانی دنیادا، ئەنجامی دەدەن… بەتایبەتیش لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەکراونەتە مەیدانی جەنگ و بەیەکدادانی تیرۆریستی، هاوکات کراونهتە مەڵبەندێک بۆ سەرهەڵدانی دەیان گروپی خوێنڕێژی جۆراوجۆری ئیسلامی” شیعی و سونی”.
سیاسەتی جەنگخوازانەو دەستێوەردانی سیاسی و سەربازی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا وروسیا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی باکوری ئەفریقا، دەست لەپشتدان و ڕاخستنی فەرشی سور بۆ وڵاتانی وەک و ئێران و سعودیە و تورکیاو…تاد، پشتی تیرۆر، لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیاندا، سات و سەودای وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا لەگەڵ بەشێکی زۆر لەڕەوتگەلی ئیسلامی لەژێر ناوی ئیسلامی میانەڕەو، کۆمەک و هاوکاریکردنی دەیان و سەدان باندی ئیسلامی لەناو خودی وڵاتانی ئەوروپا و کردنەوەی دەیان مزگەوت و ناوەندو دەزگای ئیسلامی و هەڵڕشتنی بێسنوری داهات بۆیان، تادەگاتە ئەوەی بەئاشکرا پشتیوانی لەدروستکردنی کۆمەڵگای ئیسلامی و ئتنیکی و لەناو جەرگەی وڵاتانی ئەوروپیدا، لەژێر ناوی ماڵتی کەڵچەریزم” فرە کەلتوریدا، بکەن. ئەمانە نەک هەر دەستی گروپە ئیسلامیەکانی ئاوەڵاتر کردووە، بۆ کوشتارو کردەوەی تیرۆریستی و خۆکوژی، بەڵکە هاوکات ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی ڕەوت و باندی ڕاسیستی هەمەچەشن سەرهەڵبدەن و خەڵکانی پەنابەرو هاتوو لە وڵاتانی ترەوە بکەنە نیشانەو هێرشیان بکەنەسەر.
تا ئەوکاتەش کە وڵاتانی غەرب و ئەمریکا، دەست لە پشتوانی وڵاتە ئیسلامیەکان، بەرنەدەن. تا ئەوکاتەی دەست هەڵنەگرن لە دەستیوەردانی سیاسی و سەربازی لە وڵاتانی دنیادا بە تایبەتیش ئەو وڵاتانەی دەرگیری جەنگن. تا ئەوکاتەی ئیسلامی سیاسی پۆلێنی توندڕەوە میانەڕەو، بکەن. تا ئەوکاتەی دەست لە سیاسەتی فرەفەرهەنگی”مەلتیکالچەریزم ” بەرنەدەن و دەستی ڕاسیزمی هەوسار پچراو نەبەستن، دنیا ناتوانی ئارامی بۆ بگێردرێتەوە و ڕێگە لە کردەوەی هاوشیوەی ١١ سیپتامبەرو کردەوە ئینسان کوژەیەکانی فەرەنساو باقی شوێنەکانی تر بگیرێت.
کۆتایی هینان و دەستبەستنی گروپە ئینسان کوژو تیرۆریستەکان، بەو دەوڵەت و وڵاتانە ناکرێت، کە پشتوانی لە وڵاتە دیکتاتۆرو چنگ بەخوێن و کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، دەکەن. بەو دەوڵەت و وڵاتانە ناکرێت، کە خۆیان دەوری ڕاستەوخۆیان هەبووە لە ملهوری و جەنگخوازی لە ناوچەکەدا. کۆتاییهینان بە تیرۆریزم و جەنگی تیرۆریستی دەوڵەتی و نادەوڵەتی، ئەرکی قوربانی تیرۆر، ئەرکی خەڵکی ئازادیخوازو شارستانییە. ئەرکی دنیای شارستانییە کەوێڵی ئارامی و بەرابەری و ئابوری و کۆمەڵایەتین، ئەرکی ئەو ئوردووەیە کە بۆ ڕێگری کردن لە جەنگخوازی، بۆ وەستانەوە بەڕووی تیرۆر و ڕاسیزم، چەندین جار ڕیزو توانایی ملیۆنیان، هێناوەتە سەر شەقامی شارەکان و نیشانیان داوە، کە خاوەنی کۆمەڵگان. تەنها ئەم ئۆردووە ئینسانیەشە دەتوانێت بەر بەو بەربەریەت و جەنگ و تیرۆرو ڕاسیزمە بگرێت.
ئێمە لە ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، لە کاتێکدا ئیدانەی هەموو ئەم کردەوە تیرۆریستیانەی فەرەنسا، دەکەین و خۆمان بە هاوبەش لە غەم و پەژارەی کەسو کاری قوربانیان و دنیای شارستانی، دەزانین، هاوکات لە پاڵ بەرەو دنیای ئینساندۆست و دژە تیرور دژە جەنگ و ڕاسیزم، ڕادەوستین.
مەرگ بۆ جەنگ و تیرۆر و ڕاسیزم
رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٥/١١/٢٠١٥