اطلاعیه مشترک – اطلاعیه مشترک احزاب چپ و کمونیست علیه دولت و نیروهای اسلامی در منطقه بزبان کردی (بطبان کردی )

راگەیاندنی هاوبەشی ئەحزابی چەپ و کومونیست

لەدژی دەوڵەت و هێزە ئیسلامیەکان لە ناوچەکەدا

خاوەرمیانە شاهیدی شکڵ گرتن و سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی بەرینی سیکۆلاریستی و خەبات بۆ رزگار بوونی کۆمەڵگا لە بارودۆخێکی کارەساتبارە کە لە ئاکامی ده‌خاڵەتگەری ئامریکا و هاوپەیمانەکانی و پەرەسەندنی کێشمەکێشە خوێناوی و کۆنەپەرستانەکان و بەهێز بوونی هەرچی زیاتری دەوڵەتانی ئیسلامی و هێزە تیرۆریستە ئیسلامیەکان لەم ناوچەیەدا و لە ناوچەکانی باکور و ناوەندی ئافریقا بەدیهاتووە. خەباتی بەردەوامی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی و قانونە ئیسلامیەکانی، ناڕەزایەتی خەڵکی تورکیە لەدژی حیزبی ئیسلامی حاکم، خەباتی قارەمانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە کوردستانی سوریە لەدژی داعش، پەرەسەندنی بزوتنەوەی سیکۆلاریستی لە تونێس، خەباتی ئازادیخوازانە لە ئەفغانستان لەدژی کۆنەپەره‌ستی مەزهەبی و بە تایبەت لەمرۆدا بزوتنەوەی جەماوەری لە عێڕاق لەدژی حکومەتی ناوەندی و دارودەستە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان و بۆ دیفاع لە سیکۆلاریسم، دەرکەوتەی دیاری ئەم حەرەکەتە بەرین و هیوا بەخشەیە. ئەمە کاردانەوەی مافخوازانە و ئازادیخوازانەی دەیان ملیۆن خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوانە کە هەژاری، بێبەشی، بێمافی و نائەمنی بەتەواو مانا لەلایەن دەوڵەتانی حاکم بەسەر ئەم وڵاتانەدا بەسەر ژیانیاندا سەپاوە. ئەم خەباتە تا ئێرە زەرفیەتی بەرینی هێزی ئازادیخوازی خەڵک بۆ گێڕانی دەور و نەخشێک لە ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان و ئیجادی گۆڕانی بنەڕەتی و ئەساسی بە قازانجی زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگای نیشان داوە و هیوایەکی نوێی لەنێویاندا بەدی هێناوە. ئەم خەباتە لە ئەگەری قوڵ بوونەوە و ڕێکخران و بەهرەمەند بوون لە رێبەریەکی چەپ و رادیکاڵ دەتوانێ زەبرێکی یەلاکەرەوە لە بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی و دەوڵەت و جەریانە کۆنەپەرستە مەزهەبیەکان بدات و بارودۆخەکە لە خاوەرمیانە بە قازانجی خەڵک و ئازادیخوازی و مەدەنیەت و ئینسانیەت هەڵگێڕێتەوە.

لە ئاوا بارودۆخێکدا ئێمە واژۆكارانی ئەم بەیانیە عەزمی خۆمان بۆ بەرەنگار بوونەوەی لێبڕاوانە لەگەڵ هێز و دەوڵەتە ئیسلامیەکان و نیزامی حاکم بەسەر ئەم وڵاتانە و پشتیوانی و بەهێز کردنی خەباتی جەماوەری خەڵکی ناوچەکە رادەگەیەنین. بەرنامەی عەمەلی هاوبەشمان بریتیە لە هەوڵدان بۆ بەهێز کردن و قوڵ کردنەوەی ئەم خەباتە لەدژی دەوڵەت و هێزە ئیسلامیەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا، وشیار کردنەوەی رای گشتی دنیا لە جەنایەتەکانیان و دەستەبەر کردنی پستیوانی خەڵکی دنیا بۆ خەباتی خەڵک لەدژی ئەم هێزانە.

ئێمە کە ئەم بیانیەمان ئیمزا کردووه‌، پشتیوانی لە هەوڵ و خەباتی هێزە سیکۆلار و ئازادیخواز و چەپ و کومونیستەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەکەین.

 ئێمە داواکاری ئەوەین کە:

 ١ – دین لە دەوڵەت و ئاموزش و پەروەرش و نیزامی قەزایی و قانونی پەیڕەو کراو لە کۆمەڵگەدا جیا بکرێتەوە. باوەر و هەڵسوکەوتی ئاینی هەر کەسێک، ئەمری شەخسی و وەک ئازادی ویژدانی کەسەکە چاولێبکرێت. دەبێ ئەم ئەسڵە بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا لە قانونی ئەساسی و هەموو سەنەدێکی حقوقی پایەیی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایانەدا شەرح بدرێت و سەرجەم قانونەکانی مەوجود و پێچەوانەی ئەم ئەسڵە هەڵبوەشێندرێنەوە.

 ٢ – گۆڕینی نیزامی سیاسی حاکم بەسەر کۆمەڵگای ئیسلامی کراودا بۆ نیزامێکی سیاسی ئازاد، یەکسان و سیکۆلار، پێویستیەکی ئازادیخوازانەی هەنوکەییە و دەخوازێ کە هێزە ئازادیخوازەکان، بە جیدیەت و هاوبەشی هەوڵدانەوە بۆ دەستەبەر کردنی بکۆشن.

 ٣ – ئێمە لەسەر پێویستی روخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕاستای لاواز کردن و پاشەکشە کردن بە ئیسلامی سیاسی لە رۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست و باکور و ناوەندی ئافریقا پێداگری دەکەین.

ئێمە ئەحزاب و سازمانە چەپ و کومونیستەکانی واژۆكاری ئەم بەیانەیە ئامادەیی خۆمان بۆ بەرەوپێش بردنی ئەو ئامانجانەی سەرەوە و شکڵدان بە بزوتنەوەیەکی جیهانی بۆ دیفاع کردن لە سكۆلاریزم و لەدژی هێز و دەوڵەتە مەزهەبیەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکور و ناوەندی ئافریقا، رادەگەیەنین و هەموو هێزە جەپ، سیکۆلار و ئازادیخوازەکان بۆ پەیوەست بوون بەم حەرەکەتەوە بانگەواز دەکەین.

 ئیمزاکان:

 حیزبی کومونیستی ئێران

 حیزبی کومونیستی کارگەری ئێران

 حیزبی کومونیستی کارگەری ئێران- حیکمەتیست

 ٣ ی رەزبەری ١٣٩٤

 ٢٥ی سیپتامبری ٢٠١٥