قانون سکولار ، قانون اکثریت

ده‌ستووری سکۆلار ده‌ستوری زۆرینه‌ !!
بیانووی ئیسلامی سیاسی و حیزبه‌ ناسیونالیسته‌کانی کوردستان بۆ شه‌رعیه‌ت دان به‌ ده‌ستورێکی ئیسلامی یا خود بۆ ده‌ستوورێک له‌ سه‌ر بنه‌مای سه‌وابته‌ ئیسلامیه‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستان زۆرینه‌ی ئیسلامه‌ !. بنه‌مای ده‌ستور ده‌بێ له‌ سه‌ر پێشکه‌ووتو ترین ده‌سکه‌وته‌ مرۆیه‌کان بێت بنه‌مایه‌ک که‌ زۆرترین و باشترین مافه‌کانی مرۆڤی له‌ خۆ گرتبێت .
پێشکه‌وتوو ترین مافه‌کانی مرۆڤ که‌ ئه‌مڕۆ به‌ ده‌ست هاتووه‌ له‌ ئیسلامدا ڕه‌د ده‌کرێته‌وه‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ک ده‌هێنینه‌وه‌ : نه‌مانی سزای ئیعدام وده‌ست بڕین ونه‌کوشتنی هیچ که‌س له‌سه‌ر بیرو ڕای جیاوازو عه‌قیده‌ی جیاوازو نه‌مانی شه‌لاق وکوشتن و به‌ردبارانی ژنان له‌ سه‌ر ناموس و نه‌مانی لێدانی ژنان و نه‌مانی فره‌ ژنی ونه‌مانی مه‌رجی ماره‌یی و ژن مافی هه‌ڵبژاردن ومافی ته‌ڵا ق و مافی شایه‌تی و مافی میراتی وه‌ک پیاو ده‌بێت له‌ ئیسلامدا نایبێ. مافی هاووڵاتی بوون له‌ ئیسلامدا نیه‌ خه‌ڵکه‌کان جیا ده‌کرێنه‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای کافرو ئیسلام هه‌رکه‌س ئیسلامه‌ مافی زیاتری ده‌بێت ته‌نانه‌ت له‌ ئیسلامدا مافی کوشتن حه‌لال ده‌کات بۆ ئه‌و که‌سه‌ی ئیسلامی قبوڵ نیه‌.
له‌ ده‌ستوره‌ پێشکه‌وتوه‌‌کاندا لاوان مافی لاوێتیان هه‌یه‌ له‌ ئیسلامدا ئه‌و مافه‌ نیه‌ مافی خۆشه‌ویستی وهاوسه‌رگیر ی بێ مه‌رج و مافی وه‌رزش و مه‌له‌وانی له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ردا مافی هاورێ یه‌تی کردنی هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێرو مێ له‌ گه‌ڵ یه‌کتر مافی گوێ گرتن له‌ مۆزیک و گۆرانی و دانس وهه‌ڵپه‌ڕکێ بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز پێکه‌وه‌ له‌ ئیسلامدا حه‌رام کراوه‌.
له‌ ئیسلامدا خه‌ڵکی ‌هه‌ژار بێ به‌ش ده‌کرێن له‌ ژیان له‌ باشترین حاله‌تدا ده‌بێ خێر و سه‌ده‌قه‌یان پێ بکرێت نه‌ک مانگانه‌ له‌ داهاتی ده‌وڵه‌ت مووچه‌ یه‌که‌یان هه‌بێ و لانی که‌می ژیانیان مسۆگه‌ر بگات وه‌ک سۆشیال و بیمه‌ ی بێکاری و بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی.
به‌ گشتی ده‌ستور له‌ سه‌ر بنه‌مای سه‌وابته‌ ئیسلامیه‌کان کۆمه‌ڵگایه‌کی ناسالم و پر له‌ کێشه‌ به‌رهه‌م دێنێ.
جا بزانین ڕاسته‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان زۆرینه‌ی ئیسلامه‌ وه‌ک بیانووی ئیسلامیه‌کان و حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌ستور ده‌یهێننه‌وه‌ تا ده‌ستور بکه‌نه‌ ده‌ستورێکی ئیسلامی . هه‌ر به‌ پێی بنه‌ماکانی ئیسلام هه‌رکه‌سێک شه‌ریعه‌ت جێ به‌جێ نه‌کا ئیسلام نیه‌ ، هه‌رکه‌س به‌ پیێ حه‌لال و حه‌رامه‌کان نه‌جوڵایه‌ وه‌ ئیسلام نیه‌ ، هه‌رکه‌س بنه‌ماکانی ئیسلام نه‌کاته‌ بنه‌مای ژیانی خۆی ئیسلام نیه‌ به‌پێ ی ئه‌مانه‌ بێت ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌می خه‌ڵک ئیسلامه‌ نه‌ک زۆرینه‌ ی خه‌ڵک ئه‌مه‌ چۆن ؟.
زۆربه‌ی خه‌ڵک باوه‌ڕی به‌ کوشتنی که‌س نیه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی مورته‌ده‌ ده‌بێ بکوژرێ ، زۆربه‌ی خه‌ڵک باوه‌ری به‌ ده‌ست و قاچ بڕینی خه‌ڵک نیه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی دزیه‌کی کرد، زۆربه‌ی خه‌ڵک باوه‌ری به‌ ئه‌نفال نیه‌ که‌ وه‌ک له‌ قورئاندا باس کراوه‌ ، زۆربه‌ی خه‌ڵک باوه‌ری به‌وه‌ نیه‌ ژن له‌ سه‌ر ناموس بکوژرێ ، زۆربه‌ی خه‌ڵک باوه‌ڕی به‌ فره‌ ژنی نیه‌ ،ژنان حه‌زیان له‌ مه‌رجه‌کانی ئیسلام نیه‌ بۆپیاو سالاری و توند تیژی به‌رانبه‌ریان بۆماره‌ بڕین و ته‌ڵاق و میرات وشایه‌تی دان ،زۆربه‌ی لاوان حه‌زیان له‌ ژیانێکی ئازاده‌ حه‌زیان له‌ وه‌یه‌ خۆشه‌ویستی هه‌بێ له‌ نێوان کوڕو کچدا وه‌ دووور له‌ مه‌رجه‌کانی ئیسلام ژیانی خۆیان بۆ خۆیان دیاری بکه‌ن، منداڵان پێیان خۆش نیه‌ توند وتیژیان له‌ به‌رانبه‌ردا بکرێ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئیسلام فه‌رزی باوک سالاری کردووه‌ به‌ سه‌ریاندا،زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان گوێ له‌ موزیک و گۆرانی ده‌گرێ و هه‌ڵپه‌رکێ ودانس ده‌کا له‌ سه‌یرانگاکان و شاییه‌کان وئاهه‌نگه‌کان که‌ ئه‌مانه‌ له‌ ئیسلامدا حه‌رام کراون ، زۆربه‌ی خه‌ڵک حه‌زی له‌ بینینی فیلم وئه‌لقه‌ و زنجیره‌ بیانیه‌کانه‌ که‌ له‌ ئیسلامدا سه‌یر کردنیان حه‌رام کراوه‌، زۆربه‌ی خه‌ڵک حه‌زی له‌ ئازادی جل و به‌رگ پۆشینه‌ که‌ له‌ ئیسلامدا ته‌نها حیجاب و نیقاب به‌ حه‌لال ده‌زانێ ، ژن و پیاو حه‌ز ده‌که‌ن پێکه‌وه‌ سه‌ردانی یانه‌ی وه‌رزشی و مه‌له‌وانگه‌کان ویا سه‌ردانی ریستوران وباڕه‌کان بکه‌ن که‌ ئه‌مانه‌ حه‌رامن له‌ ئیسلامدا، ژنان حه‌ز ده‌که‌ن سه‌ر‌دانی سالۆن بکه‌ن که‌ له‌ ئیسلامدا حه‌رامه‌ ،به‌ کورتی زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان هه‌ست به‌ ژیانێکی ئازاد و خۆش و مۆدیرن نا‌که‌ن له‌ ژێر سایه‌ی جێ به‌ جێ ‌کردنی سه‌وابته‌کانی ئیسلامدا یا له‌ ژێر سایه‌ ی ده‌ستورو یاسا ئیسلامیه‌کاندا . وه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت که‌ ئیسلام زۆرینه‌ نیه‌ به‌ڵکو که‌مینه‌یه‌ .
چه‌ند به‌ڵگه‌ی تر بۆ که‌مینه‌ بونی ئیسلام ئه‌وه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان هه‌رچه‌ند به‌ داگیر کراوی خراه‌ته‌ ژێر ڕکێفی ئیسلامه‌وه‌ وه‌به‌ ئه‌نفال کردنه‌وه‌ ‌ ئیسلامی به‌ سه‌ردا فه‌رز کراوه‌ ئه‌مه‌ وه‌ک مێژوو ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مڕۆ زۆرن ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی ته‌سلیم به‌ ئیسلام نه‌بوون و ئایینی تریان هه‌یه‌ وه‌ک ئێزیدی ومه‌سیحی وکاکه‌یی ، که‌م نین ئه‌و‌ که‌سانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ چه‌ پ و ئاته‌ئیست و لیبرالیه‌ت هه‌یه‌ . به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ چه‌نده‌ ڕێژه‌ی خه‌ڵک ناونوس کراوه‌ به‌ موسڵمان و یا چه‌نده‌ خه‌ڵک نوێژ ده‌کاو به‌ ڕۆژوو ده‌بێ و سه‌ردانی مزگه‌وت ده‌که‌ن ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ به‌ ‌هێز نین که‌ خه‌ڵک باوه‌ریان به‌ بنه‌ماکانی ئیسلام نیه‌ بۆ به‌ ده‌ست هێنانی ژیانێکی هاوچه‌رخ و مۆدێرن .
ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن که‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی کوردستان ئیسلام نین وده‌ستور و یاسایه‌ک له‌ سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستاندا نیه‌ چونکه‌مافی زۆربه‌ی خه‌ڵک پێشێل ده‌کا ، بیانووی ڕه‌وته‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان به‌ ئیسلامی سیاسسی و حیزبه‌ قه‌ومیه‌کانه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێن زۆرینه‌ی خه‌لكی کوردستان ئیسلامه‌ بیانوویه‌کی پووچه‌ و ته‌نها خۆیان سوود له‌و ده‌ستوره‌ وه‌ردگرن که‌ له‌ سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ دای ده‌نێن ، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ئیسلام نیه‌ به‌ڵام ئه‌م ڕه‌وته‌ کۆنه‌په‌رستانه‌ ده‌یانه‌وێ به‌ زۆر بیکه‌ن به‌ زۆرینه‌ له‌ ڕێگای داسه‌ پاندنی یاساکانی شه‌ریعه‌وه‌.
ده‌ستورێکی سکۆلاره‌ که‌ جێگای هه‌مووانی تێدا ده‌بێته‌وه‌ به‌ یه‌کسانی مافی هه‌مووانی له‌ ژێر سایه‌یدا ده‌پارێزرێ هه‌ موو که‌س ئازاده‌ په‌یڕه‌وی له‌ هه‌ر عه‌قیده‌ وبێرو باوه‌رێ ده‌کا ، وه ‌ده‌توانێ گورانکاری له‌ ژیانی کۆمه‌ڵگادا بکات به‌ پێی ده‌سکه‌وته‌ مرۆیه‌کانی سه‌رده‌م.
سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌
22/7/2015