حزب کمونیست کارگری کردستان – بیانیه در رابطه با اوضاع سیاسی کردستان عراق وروند رویداها(سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی کوردستان ‌و ئاراستەی روداوەکان )

حزب کمونیست کارگری کردستان – بیانیه در رابطه با اوضاع سیاسی کردستان عراق وروند رویداها

بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی کوردستان ‌و ئاراستەی روداوەکان
زیاتر لە ساڵێك بەسەر هێرشەکانی داعش بۆ سەر شارەکانی عێراق‌و کوردستان‌ ودەستپێکردنی شەر لەگەڵ ئەو هێزە کۆنەپەستە ئیسلامیەدا دەگوزەرێت، بەبێ ئەوەی مەترسیەکانی ئەو هێزە لەسەر کوردستان دوورخرابێتەوە. لە هەمان کاتدا لەسەر ئاستی عێراقیش داعش بووەتە هێزێکی ئەمری واقیع، بێجگە لەوەی کە پانتاییەکی زۆری خاکی عێراقی کۆنترۆڵکردوە، هاوکات دەسەڵاتی خۆشی بەسەر چەندین ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا داسەپاندوە. سەدان هەزار کەسیش لە ئاکامی شەڕەکەوە ئاوارەی ناوچە جیاجیاکانی عێراق‌ بوون. دەسەڵاتی ناوەندی ‌و حکومەتی هەرێم لە جەنگیاندا دژ بەداعش، بۆ خۆیان ئەو دوولایەنە نین کە بە تەنها بڕیار لەسەر گۆشەو لایەنەکان‌و چارەنوسی ئەم شەڕە بدەن،‌ بەڵکو بەشێکن لە ئەجندایەکی ئاڵۆزو ناکۆکی جیهانی‌و ناوچەیی کە لە شەڕی داعش‌دا بەرجەستەو جێبەجێ دەبێ، بۆیە لەناو ئەڵقەیەکی بێکۆتاییدا دەسوڕێنەوە کە ئەوسەرەکەی دیارنیە‌و سەرەنجام بۆخۆیان بونەتە هۆکارێکی ڕاگرتنی عێراق‌و کوردستان لەناو گێژاوی سیاسی و جەنگدا.
ئاکامێکی نەرێنی‌و ترسناکی ئەم جەنگە نادیاری ئاسۆی تەواوبونیەتی، کە رۆژ بەرۆژ ئاراستەی کۆمەڵگای کوردستان بەرەو دۆخێکی ناهەموارترو پشێوی زیاتر پاڵ پێوەدەنێ. هەزاران کەس بریندارو کوژراو هەیە، قەیرانی ئابوری قوڵترکردۆتەوەو قورساییەکی دارایی زیاتری خستۆتە سەر شانی خەڵکی کوردستان‌و باری ژیان‌و گوزەرانیانی روبەرووی مەترسی جدی کردۆتەوە. گرفتی مووچەو دابین نەبوونی ژیانی سەدان هەزار کرێکارو کارمەندی حکومەت، داشکانێکی خەتەرناکی ئابوری‌‌و راوەستانی پرۆژە ئابوری‌و خزمەتگوزاریەکان‌و کەمبوونەوەی فرسەتی کار لە بواری تایبەتی‌و ئەهلیدا، پشتگوێخستن‌و لەژێرپێنانی ماف و ئازادیەکانی خەلک بە بەهانەی شەڕی داعش، هەموو ئەمانە بە رادەیەکی سەرسوڕهێنەر کۆمەڵگای کوردستانی نوقمی پشێوی‌ کۆمەڵایەتی‌و گێژاوو ناجێگیری سیاسی کردوە.
دابەشبوونی هێزە دەسەڵاتدارەکانی بۆرژوا ناسیۆنالستی کورد بەسەر بەرژەوەندی‌و بلۆکبەندیە جیهانی و ناوچەییەکاندا لە پرسی شەڕی داعشدا‌ لەلایەکەوە‌و فەوزاو بێبەسەرەوبەرەیی‌و هەڵوێستی دژ بەیەکی ئەو هێزانە لەپەیوەند بە ئیدارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی‌و حکومەتی هەرێم لەسەر داهات‌و دەسەڵات لەلایەکی دیکەوە ئەگەری لێکترازان‌و قوڵبونەوەی کێشەی نیوان خۆیانی بەرەوسەر بردوە. نەخشی بارزانی و پارتی لەشەڕی داعش‌و بەتایبەتی دەوری تورکیا وەکو هاوپەیمانێکی ناوچەیی پارتی لە هاریکاری کردنی داعشدا ، هەڵوێستی پارتی لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندی دا لاوازکردوەو جێگاورێگای ئەو حیزبەشی وەکو هێزی یەکەم‌و خاوەن دەسەڵاتی رەهای بۆرژوازی کوردی، لەبەرامبەر یەکێتی‌و بەپلەیەکی کەمتر گۆڕاندا روبەرووی گرفت‌و لاسەنگی هێز کردۆتەوە‌. هاوکات بانگەشەکانی بارزانی و پارتی بۆ سەربەخۆیی ئابوری و “دەوڵەتی کوردی” لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیدا‌ بۆ چارەسەری کێشەی بودجە‌و فرۆشتنی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ رەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی، لە سنوری پڕوپاگەندەی سیاسی‌‌و خۆ قەبەنیشاندان تێپەڕناکات‌.حکومەتی هەرێم ئێستا زۆرزیاتر لەجاران نەوت رادەستی کۆمپانیای (سۆمۆ)و حکومەتی ناوەندی دەکات، بەڵام حکومەتی ناوەندی هەروەکو جاران بەشە بودجەکەیان بە کەموکورتی پێدەدات! هەروەها بانگەشەی بارزانی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی‌و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی‌ لەسەرەتای هاتنی داعشدا ناونیشانی سیاسەتیک بوو بۆ هاوشانی لەگەل دەولەتی تورکیا و بواردان بە داعش و هودنەو حەوانەوە لەگەلیدا بۆ ئەوەی بەشی ناسیۆنالیزمی کورد لە دەسەلات و داهاتی عیراقدا زیاتر بکات، کە زۆری نەخایاندو روبەرووی شکست بوەوەو ئاکامەکەشی غافلگیرکردنی خەلکی کوردستان بوو بەرامبەر داعش‌و رودانی کارەساتی شەنگارو جێگاکانی دیکە بوو. سەرەنجام سەربەخۆیی ئابوری کە دوای شکستی بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەت لەلایەن بارزانیەوە بەرزکرایەوە لەناو تونێلی سیاسەتی رەسمی دەوڵەتی ئەمریکا کە پێداگری لەسەر یەکێتی عێراق و گەڕانەوە بۆ بەغدا دەکات بۆچارەسەری کێشەکان کوژایەوە. ئەمەش حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی دەرگیری قەیرانێکی سیاسی قورس‌و بێئاسۆیی کردووە.
لە هەلومەرجێکی لەم جۆرەدایە کە مەسەلەی دەستورو پۆستی سەرۆکی هەرێم ئاراستەیەکی دیکە دەگرێتە خۆی‌و وەکو ململانێی دوو بەرەی ناتەبا دەردەکەوێ کە ئامانجی سەرەکییان بەرزوزنزمکردنی تای تەرازوی هێزو دەسەلاتە بە زیانی پارتی‌و بە پلەی سەرەکی بەقازانجی یەکێتی وگۆڕان. یەکێتی نیشتمانی کە لە ئێستاداو لە مەسەلەی شەڕی دژی داعشدا لەچاو پارتیدا خۆی لە جێگاورێگایەکی گونجاوتردا دەبینێ‌، هەوڵئەدات بەهاوکاری لەگەڵ گۆران هاوسەنگی نێوان خۆی و پارتی بەپێی ئاکامەکانی جەنگی داعش، لە مەسەلەی دەستوردا رەسمیەت پێبدات. بەوجۆرە کێشەی سەرەکی لەسەر دەستور، کە بە بێی خاسیەتی خۆی بڕیارە ئارایشی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و یاساییەکان بەپێی بەرژەوەندی چینی بۆرژوازی کورد بداتەوە، کەچی تەنها لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم‌و سەڵاحیاتەکانی چڕ دەبێتەوه. ‌
لەلایەکی دیکەوە، شەڕی داعش‌ ‌و تاوانەکانی ئەم هێزە دڕندە ئیسلامی- ناسیۆنالیستەی بۆرژوازی عەرەب، کە زەمینەی توندکردنەوەو خۆشکردنی ئاگری شەڕی نەتەوەیی فەراهەم دەکات، ڕاسیزم و ڕکابەری نەتەوەیی لە نێوان خەڵکی کوردو عەرەبزماندا بەرەو سەر بردوە. ناسیۆنالیزمی کوردیش کە بەشێكی سەرەکی لە سیاسەت‌و ئایدیۆلۆژیای خۆی لەسەر بنەمای بەرجەستەکردنی گیانی نەتەوەچێتی‌ و بەرانبەرکێی نەتەوەیی بنیات ناوە، ئەم بارودۆخە وەکو دەرفەتێکی زێڕین بۆ ژیاندنەوەی بەها فکری‌و سیاسیەکانی خۆی تەماشا دەکات‌‌و بە هەژمارکردنی تاوانەکانی داعش لەسەر خەڵکی عەرەبزمان، کینەی نەتەوەیی دژی عەرەب جۆش دەدات‌و هەوڵ دەدات سەرجەم خەڵکی کوردستان بەدوای سیاسەتەکان‌و بەرژەوەندیەکانی خۆیدا ڕابکێشێت.
بەمجۆرە هەلومەرجی ئاڵۆزکاوی سیاسی‌و بنبەستی ئابوری‌و دارایی‌و لێکترازان‌و دابەشبوونی هێزە دەسەڵاتدارەکانی بۆرژوازی کورد بەسەر قوتبە ناوچەیی و جیهانیەکانداو گیرخواردنی قاچی بۆرژوازی کورد لەناو ئەم شەڕو گێژاوە سیاسیەدا‌ ، ئاسۆی بەردەم بۆرژوازی کوردو هێزە سیاسیەکانی لێڵترکردوەو هەرچی زیاتر لەیەکتریان دوور دەخاتەوە. دوورنیە ئەم لێکترازان‌و دوورکەوتنەوەیە هێزە چەکدارە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بەرەو دابەشکردنەوەی کوردستان بە سەر ناوچەکانی نفوز‌و هەڵوەشانەوەی حکومەتە بنکەفراوانەکەیان بەرێت. تەنانەت بەشێوازی جۆراوجۆر لەلایەن بەرپرسانی هەریەکە لەپارتی‌و یەکێتیەوە ئاماژە بە گەڕانەوە بۆ دووئیدارەیی‌ دەکرێ‌و لە راپۆرتی “گروپی قەیرانە نێودەوڵەتیەکان”یشدا کە ١٢/٥/٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بۆدوورکەوتنەوەی یەکێتی‌و پارتی و تێكچوونی پەیوەندی نێوانیان دەکات. بەم پێیە ئاسۆی سیاسی کوردستان لەسەر دەستی ئەم حیزبانەی بۆرژوازی کورددا رووی لە تاریکی‌و لێڵی‌و کارەساتی زیاترە کە ئاکامەکەی کارەسات‌و قوربانی‌بوون‌‌و تێكچوونی ژیان‌و گوزەرانی خەڵک‌و ئایندەیانە.
بەڵام سەرباری ئەو دیوە تاریکەی کۆمەڵگای کوردستان کە بۆرژوازی کوردو حیزب‌و دەسەڵاتەکەی خوڵقاندویانە، دیوێکی دیکەی کۆمەڵگای کوردستان خەبات‌و ناڕەزایەتی خەڵکی کرێكارو زەحمەتکێش‌و ئازادیخوازی کوردستانە لەپێناو ژیان‌و گوزەران‌و ئایندەیەکی رووناك‌و گەش‌و یەکسان. ئەگەرچی لەئێستادا بەهانەی شەڕی داعش‌و نەناردنی بودجە لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە فشارێکی نەفسی بۆسەر خەڵك‌و دروستکردوەو نارەزایەتیەکانی بەشێوەیەکی کاتی کپ کردوە، بەڵام ناتوانێ تاماوەیەکی درێژتر ئەم بەهانەو فشارانە بەسەر سەری خەڵکەوە رابگرێ. سەرەنجام نارەزایەتی خەڵك لەدژی بێمووچەیی وبێمافی‌‌و پێشێلکاریەکان‌و خۆدزینەوەی دەسەڵاتداران‌و لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خەڵك رێگای خۆی دەکاتەوە‌و ئاسۆیەکی دیکە دەخاتە بەردەم کۆمەڵگای کوردستان. سەرەڕای ئەوەش، ئەگەرچی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و هێزە چەکدارەکانی رێگربون لەوەی شەڕ لەگەڵ داعش ببێتە شەڕیکی سیاسی- چەکداری جەماوەری خەڵك کە دەیتوانی لێبڕاوانە جەنگی داعش بکات‌و بە شکستی بکێشێ، هەروەکو لە کوبانی رویدا، بەڵام نەیانتوانی جەماوەری خەڵك لە جەنگی فکری-سیاسی دژی داعش‌و بیروبۆچوون‌و فکری داعش‌و ئیسلامی سیاسی دوور بخەنەوە کە لەئاستی کۆمەڵگای کوردستاندا لەئارادایە. ئەمەش دەتوانێ لایەنێکی پۆزەتیڤی خەبات‌و ئامادەیی خەڵك بێت بۆ دەخالەتی سیاسی‌و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ بە قازانج‌و لەبەرژەوەندی خۆی.
بەرەچاوکردنی ئەو مەسەلانەی ئاماژەیان پێکرا، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بڕوای وایە کەبەدیل‌و رێگاچارەکانی بۆرژوازی ئاسۆیەکی روون‌و ئینسانی ناخەنە بەردەم کۆمەڵگای کوردستان‌، بەڵکو لە کارەسات‌و ماڵوێرانیدا نوقمی دەکەن، بۆیە هەرجۆرە ئاڵوگۆڕو پێشرەویەك بە ئاقاری دابینبوونی ماف‌و ئازادیەکانی جەماوەرو کۆتایهێنان بەهەلومەرجی کارەساتباری ئێستاو پێشگرتن بە تاریکتربوونی ئایندەی خەڵك‌، تەنها بەهاتنەمەیدانی هێزی رێکخراوو خەباتگێڕو بەرێخستنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەو سەربەخۆی سیاسی خۆیان مەیسەر دەبێت. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە لەو ئاراستەیەدا کاربکات ‌و نەخش‌و دەوری شایستەی خۆی لە ئامادەکردن‌و هەڵخڕاندنی هێزی شۆرشگێڕانەی خەڵكدا ببینێت.
لەوبارەوە حیزب پێیوایە کە:
1_ ئەو هێزەی دەتوانێ لێبڕاوانە شەری داعش بکات‌و پاکیان بکاتەوە، هێزی بەرگری جەماوەری چەکداری کوردستانە‌و پێویستە هەوڵەکان بە ئاقاری پێکهاتنی ئەوهێزەو هەڵگرتنی رێگریەکانی بەردەم دروستبوونیدا چڕبێتەوە. پێویستە کوردستان لەناو ئەو بلۆکبەندی‌و دابەشبوونە ناوچەییە بهێنرێتەدەرەوەو راستەوراست خەڵکی کوردستان بچێتە جەنگێکی شۆرشگێڕانەوە لە دژی داعش. لەوبارەوە حیزب هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕو پێشوازی لەهەر هەوڵ و هەنگاوێك دەکات کە بەو ئاراستەدا کاربکات.
2_ بەڕێخستنی جەنگێکی فکری‌و سیاسی لە دژی داعش‌و ئیسلامی سیاسی کە هەرئێستا لەکوردستاندا زەمینەی لەباری هەیە. لەوبارەوە سەرباری هەوڵەکانی خۆی بۆ بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری لە بەرامبەر داعش‌و ئیسلامی سیاسیدا، حیزب لەپاڵ هەموو ئەو هەوڵ و بزوتنەوەو رێکخراوانەدا رادەوەستێ کە گۆشەیەك لە گۆشەکانی ئەم جەنگە فراوانە فکری‌و سیاسیە لە ئەستۆ دەگرن‌و لێبڕاوانە لەم سەنگەرەدا رادەوەستن.
3_ سەرەنجام بارودۆخی شێواوو بێسەرەوبەری سیاسی‌و ئابوری ئێستاو هەموو ئەو گرفت‌و کێشانەی کە رۆژانە یەخەی خەڵکیان گرتوەو بەردەوام ژیان‌و ئایندەی خەڵکیان لەناو قەیران‌و کێشەی لەکۆتایی نەهاتوو داناوە، پێداویستی رێگاچارەی دەستبەجی دەخاتە بەردەم چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاری‌و کۆمۆنسیتی کرێکاری. ئەگەرچی سەرەنجام ئاڵوگۆڕی ریشەیی‌و بنەڕەتی لەژیانی ئابوری و سیاسی خەڵکی کوردستاندا لەرێگای بەرپاکردنی شۆرش‌و دامەزراندنی دەسەلاتی سیاسی چینی کرێکارەوە مەیسەر دەبێ کە ئایندەیەکی روناک‌و یەکسان و ئازاد بەرووی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستاندا دەکاتەوە، بەڵام چینی کرێکار لە ڕەوتی ئامادەکردنی پێداویستیەکانی شۆرشدا، پێویستی بەوە هەیە کە رێگایەکی خێراو عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگا. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بڕوای وایە کە کۆتاییهێنان بە تاڵان‌و بڕۆی قوتی خەڵك لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە بەبیانوی شەڕی داعش‌‌و نەناردنی بودجە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، بڕینی بیانوەکان‌و دەرهێنانی کوردستان لەو گێژاوو بنبستە سیاسی‌و ئابوریەی تێی کەوتوەو هەروەها رزگارکردنی خەڵک لە هەڵواسران لەنێوان ململانێ‌و کێشمەکێشی دەسەڵاتێکی بێئاسۆی بۆرژوازی کوردو حکومەتی ناوەندی، و ئەو هەموو گرفت‌و کارەساتەی روبەرووی خەڵکی کوردستان دەکرێتەوە، زەرورەتی دەستبەجێی جیابوونەوەی کوردستان‌و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کردۆتە ئەولەویەتی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان. لەم پێناوەدا حیزب لێبڕاوانە کاردەکات‌ بۆ ئامادەکردنی تواناییەکان‌و رێکخستنی ریزەکانی جەماوەری خەلکی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخەو شکاندنی تەوقی گریدانەوەی ئاسایش‌و ئارامی و ژیان‌و ئایندەیان بەدیار ریگاچارەکانی ئەحزابی بۆرژوازی کوردو دەوڵەتانی ناوچەکەو ولاتانی ئیمریالیستیەوە.حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە کوردستان.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
20-06-2015