ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە:
بانگەوازی بارزانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێم
رۆژی ١٣/٦/٢٠١٥ مەسعود بارزانی رۆژی ٢٠ی مانگی ئابی داهاتووی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دیاریکرد. ئەم راگەیاندنەی بارزانی دوای ئەو مشتومڕە دێت کە ماوەیەکە لەنێوان لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دەربارەی پۆستی سەرۆکی هەرێمو سەڵاحیاتەکانی بەرپابووە. هەریەکە لە یەکێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم مەسەلەیە کەوتونەتە بەرامبەر پارتیەوەودەیانەوێ لەرێگای توندکردنەوەی فشارەکانەوە لەژێرناوی جێگیرکردنی سیستەمی پەرلەمانی بۆ کوردستانو هەموارکردنەوەی دەستوردا پلەیەك پارتی لە دەسەڵاتی رەهای بەسەر کوردستاندا بکێشنە خوارەوەو خۆیان جێگای بگرنەوە. پارتیش لەبەرئەوەی پێیوایە سەرۆکەکەی کە ئیستاش سەرۆکی هەرێمە، پێویستە دوبارە بۆ خولێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم، راستەوخۆ ئەم بێنەوبەردەیە بە هێرشو پیلان بۆسەر خۆی لێکدەداتەوە. بۆیە ئەم بڕیارەی بارزانی پەیامێکی سیاسیە بۆ یەکێتیو گۆڕانو سەرجەم نەیارەکانی پارتی تا پێیان رابگەیەنێت کە ئەوان ناتوانن چارەنوسی ئەو وەکو سەرۆکی هەرێم دیاری بکەن، بەڵکو ئەوە خۆیو حیزبەکەیەتی بڕیاردەری سەرەکی کوردستانن!
ئەوەی کە ئەم هەراوزەنایەی هەریەکە لەو حیزبانە ناویانەتەوە ناتوانێ تائەوسەری رێگاکە بڕبکات، گومانێکی تێدا نیە، چونکە بەرژەوەندیەکی واقعی لەپشتی ئەم پڕوپاگەندانەوەیە کە ئەو سێ حیزبە بە شوێنیەوەن. لەلایەکەوە هەریەکە لە یەکێتیو گۆڕان کاندیدێکیان نیە بەرامبەر بە مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، بۆیە شەڕەکەیان بۆ کەمکردنەوەی سەڵاحیاتەکانی سەرۆکی هەرێمە، بێجگە لە بەدەستهێنانی چەند ئیمتیازێکی سیاسی ئەوەندەی بۆیان بکرێت. مەسعود بارزانیش ئەمە دەزانێت، بۆیە رووبەرووی ئەم بڕیارەی کردونەتەوە. بەڵام هاوکات بارزانی لەوە تێگەیشتوە کە ئەگەر لەگەڵ ئەو لایەنانەدا سازان نەکات، ئەوا ناتوانێ ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم. بارزانیو هەموو کەسێکیش دەزانێ کە یەکەم هەڵبژاردنی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم بە هەڵبژاردنی گشتی بەبێ پشتیوانی یەکێتی و خودی تاڵەبانی مەیسەر نەدەبوو!
بەڵام سەرەنجام یەکگرتنی بەرژەوەندیەکان، وەکو پێکدادانیان، ئەگەرێکی مومکینەو ئەو لایەنانەی بۆرژوای دەسەڵاتدار لەسەر بەشکردنی دەسەڵات لەنیوان خۆیاندا رێدەکەون. ئەوەی لەونێوەدا دەگوزەرێت سەرقاڵکردنی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشو کەمدەرامەتی کوردستانە لەلایەن ئەو هێزانەوە بە کێشەیەکەوە کە روخساری راستەقینەی کێشەکانی خۆیانیان لەبیربەرنەوەو بەرەو جێگایەکی دیکەی ئاراستەبکەن. گوایە کێشەکەیان لەسەر مافەکانی خەڵکو بەرینکردنەوەی ئازادیەکانو سیستەمی دیموکراسیو رێگرتنە لە دیکتاتۆریەت!
گومان لەوەدا نیە کە زۆربەی خەڵکی کوردستان نایانەوێ حوکمی بنەماڵەیی لە کوردستاندا جێگیربێتو بارزانیش ببێتە سەرۆکو مەلیکی کوردستان و جارێکی دیکەش ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم، هەروەکو لە قازانجی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشو ئازادیخوازانی کوردستانیش نیە کە ئەو ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم، بەڵام ئەم بازاڕگەرمکردنەی یەکێتیو گۆڕان لەدەوری پۆستی سەرۆکی هەرێم، ئەو راستیە وون دەکات کە خەریکن پاشقولێکی گەورە لەخەڵك دەگرن، ئەویش داسەپاندنی دەستورێکی کۆنەپەرستو تاسەر مۆخ دژی ئازادیو دژی مەدەنیەت و دژی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستانە. دەستورێك کە دەیانەوێ بە وەرگرتنی دەنگی خەڵك خۆیان بیکەنە مڵۆزمێك بەسەر خۆیانو نەوەکانی دوای خۆشیانەوە. بۆیە خەڵکی هوشیاری کوردستان دەبێ لەم گەمەی دەستورو سەرۆکی هەرێمەدا نەکەونە شوێن پڕوپاگەندەی هیچ کام لەو لایەنانەو بە دەنگی بەرز بڵێن کە دەستورێکی سیکولار و سیستەمێکی دەسەڵاتدارێتیان دەوێ کە مرۆڤو بەهاکانو ژیانو گوزەران و کەرامەتو ئایندەی مرۆڤەکان کارنامەی سەرەکی بێت!
١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٥