پەیامی پشتیوانی، کۆنگرەی چوارەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بۆ جەماوەری خۆڕاگری کۆبانی.
زیاد لە سێ مانگە جەماوەری خۆڕاگری کۆبانی بە ژن و پیاوەوە قۆڵی بەرگری و مقاوەمەتیان لێهەڵماڵیوە، نەک هەر دژ بە خوێنخۆرانی ئیسلامی داعش ئەجەنگن، بەلکو ئەفسانەی لەشكان نەهاتنی داعشیشیان پوچەڵ کردەوە. خۆڕاگری و مقاوەمەتی جەماوەری کۆبانێ ئەو پڕوپاگەندەیەی بەدرۆخستەوە کە دەیوت داعش هێزێکی هێندە گەورە و ترسناکە، بەرەنگاربونەوەی لەتوانای سوپای عێراقو پێشمەرگەدا نیەو تەنها هێزێکی گەورەی نێودەوڵەتی وەکو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەو کارەیان پێدەکرێ.
لە کاتێکدا هێزەکانی سوپای عێراقی و پارتی و ناسیۆنالیزمی کورد بەو هەموو توانا سەربازیو چەکداریەوە، لە شار و شارۆچکەکانی موسڵ و تکریتو ئەنبارو گوێر و مەخمور و جەلەولاو سەعدیەو شەنگال شکستیان دەهێنا لە پێشگرتن بە هێرشی ئەم هێزە مرۆڤکوژ و دڕندەیەو بگرە لەهەندێ ناوچەدا لەپێش خەڵکەوە هەڵدەهاتنو خەڵکی مەدەنیان لەبەردەم چەقۆی ئەم هێزە دژی ئینسانی و رەشەی ئیسلامی سیاسی پان عەرەبیدا بەجێدەێشت ، هەر لەوکاتەدا خەڵکی جەسوری کۆبانی بە کەمترین توانای سەربازی پشت ئەستور بە توانا و ئیرادەی جەماوەری و شۆڕشگێڕانەی خۆیان، پشتی ئەو هێزە ڕەشەیان دا لە زەوی. نەك تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش)یان لەرووی سەربازیەوە ریسواو زەلیل کرد، بەڵکو لەرووی سیاسیشەوە ئەو هێزەو خورافات و یاساکانیانی بە زبڵدانی مێژوو سپارد. لە کاتێکدا داعش وەکو هێزێکی دڕندەی بۆرژوازی بەدەستگرتن بە ئەزمونەکانی ئیسلامەوە پەیامی کوشتنو وێرانکردنو کۆیلەکردنو فرۆشتنی دیلو دەستدرێژی جنسی بۆسەر ئافرەتان هێنا، جەماوەری خۆڕاگری کۆبانی و نەخشی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی هێزی تاریکو دڕندەی داعش، بوە ئیلهام بەخشی دەرچوونی یاسایەكی تایبەت بە مافەکانی ژنانو یەکسان بوونیان لەگەڵ پیاواندا.
ژنانو پیاوانی خۆڕاگری کۆبانی سەلماندیان کە نەک لوتشکاندنی داعش کارێکی مومکینە، بگرە دەرکردنی یاساو ڕێسای پێچەوانەی کۆیلەتیەکەی داعشیش لە توانادایە. هەربۆیە ئەم مقاوەمەتە کەموێنەیەی جەماوەری کۆبانێ زۆر زوو لە پشتیوانی و پاڵپشتی ئازادیخوازان و ئینساندۆستان لە جیهاندا بەهرەمەند بوو. هاوکاتیش نمونەیەک و نیشانەیەکی زۆر ڕۆشنی لە ئیرادەی سەربەخۆ و مقاوەمەتی خەڵک و جەماوەری بەرینی ئازادیخوازی بۆ تەواوی ناوچەکە و جیهان بەرجەستە کردەوە. ئەو ڕاستیەشی دەرخستەوە کە نە چاوسوورکردنەوە و گەمارۆی خوێنخۆرانی داعش و نە پاڵپشتی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی وەکو تورکیا بۆ ئەو دڕندانە و نە هەوڵ و پلانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ لاوازنیشاندانی وورەی شۆشگێڕانە نەیتوانی بەر بە مقاوەمەتی خەڵکی کۆبانێ بگرێ. لەسەر ئەم بنەمایەوە کۆنگرەی چوارەمی حزب، بەرزنرخاندن و ستایشی ئەم مقاوەمەت و خۆڕاگریە شۆڕشگێڕانەیەی جەماوەری کۆبانی دەکاتو خۆی بە بەشێک لەم بەرەیەی جەنگی شێلگیرانە و جەسورانە و ڕاستەقینە لە دژی داعش و تیرۆریزم دەزانێت.
بۆ پێشەوە بۆ کۆتایی هێنان بە داعش و پاککردنەوەی ناوچەکە لەم هێزە خوێنخۆرە و بۆ کۆتایی هێنان بە پلانی ئیمپریالیستانەی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی.
کۆتایی دیسێمبەری ٢٠١٤