حزب کمونیست کارگری کردستان – پروژه قانون سرود ملی تلاش دیگر بورژوازی حاکم کرد برای محدود کردن آزادیست

حزب کمونیست کارگری کردستان – پروژه قانون سرود ملی تلاش دیگر بورژوازی  حاکم کرد  برای محدود کردن آزادیست

پرۆژە یاسای “سرودی نیشتمانی” هەوڵێکی دیکەی دەسەلاتی بۆرژوازی کورد
بۆ  زەوتکردنی ئازادی!

بەپێی پێشنیاری کۆمەڵێك پەرلەمانتار، پرۆژە یاسای کردنی سرودی ئەی رەقیب بە سرودی نیشتمانی هەرێمی کوردستان دراوەتە پەرلەمان‌و بڕیارە کە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆبکات‌و پەسەندی بکات. لە پێشنیارەکەدا هاتوە کە  سرودەکە لە گشت بۆنە فەرمیەکاندا لێبدرێت‌و دەبێ هەموو بەشداربوانی ئەو بۆنانە لەبەر سرودەکە هەستن‌و بەپێچەوانەوە بە ٥٠٠٠٠٠ دینار سزا دەدرێن. هەروەها پێشنیاریش دەکات کە دەبێ سەرجەم هۆیەکانی راگەیاندن لە هەرێم( بیستراو وبینراو) لەسەرەتاو کۆتایی بەرنامەکانیدا ئەو سرودە لێبدەن!

ئەم پرۆژە یاسایە، بێجگەلەوەی کە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و فەرهەنگیەکان‌و خاسیەتی چینایەتیبوونی کۆمەڵگاو بەرژەوەندیە ئابوری‌و سیاسیە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان و گەشەی رەوتی ئازادیخوازی‌و بەها مرۆڤدۆستانەکانی پەردەپۆشکردوە‌ کە لەکاتی دەرچوونی ئەو سرودەوە تا ئێستا رویانداوە، هاوکات دەیەوێ بیرو ئایدیۆلۆژیای بزوتنەوەیەکی سیاسی کە بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردە بەسەر سەرجەم کۆمەڵگای کوردستان‌و رەوت‌و بزوتنەوە سیاسی و فکریە جۆرواجۆرەکانی کوردستاندا داسەپێنێ. ئەم هەوڵەش لەچوارچێوەی ئەو هەنگاوە سیاسیانەی بۆرژوازی کورددا جێگای دەبێتەوە کە دەیەوێ کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردستان بە فکرو خورافات و بەهاو نەریت‌و کەلتورو سیاسەتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردەوە گیرۆدەبکات‌و بە یاسا هەموو دەرگاکان لەبەردەم بزوتنەوەو رەوتە فکری‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان و بەتایبەتی بزوتنەوەو رەوتە سیاسی‌و فکریەکانی چینی کرێکارو ئازادیخوازی‌و پێشکەوتنخوازی‌و مرۆڤدۆستیدا دابخات.

ئەم پرۆژە یاسایە ئەگەر پەسەندبکرێ‌و جێبەجێ بکرێت، ئیتر جێگایەك بۆ ئازادی بیروراو فکرو ویژدان‌و هەڵسوڕانی سیاسی رەخنەگرانە لە ناسیۆنالیزمی کوردو کوردایەتی نامێنێتەوە. دانانی سزا بۆ کەسانێك کەلە لە بۆنە گشتیەکاندا‌  لەبەر ئەو سرودە ناسیۆنالیستیە هەڵنەستن‌و سەپاندنی  لێدانی سرودەکە بەسەر دەزگاو کەناڵەکانی راگەیاندندا، هەمان نەریتی رژێمە سەرکوتگەریەکانی عێراق‌و ناوچەکەیە کەئامانجەکەی سەرکوت‌و بێدەنگکردنی سەرجەم دەنگە جیاوازو نارازیەکانە لە دەسەڵات، تا لەورێگایەوە بۆ هەتا هەتایە دەسەلاتی نایەکسانی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا کە زۆربەی زۆریان کرێکارو زەحمەتکێشن‌، بهێڵنەوەو رێگاش لەهەرجۆرە پێشرەویەکی کۆمەڵایەتی‌و فکری‌و سیاسی بگرن لەبەرژەوەندی چینی کرێکارو یەکسانیخوازی‌و ئازادیخوازی. ئەم پرۆژە یاسایە هاوکات پێناسەیەکی بەزۆرداسەپێنراو بەسەر هاوڵاتیانی غەیرەکوردی کوردستاندا دەسەپێنێ‌و دەبێتە کەرەستەیەکی پەرەدان بە جیاکاری‌و دورەپەرێزی‌و رکابەری‌ نەتەوەیی لەنێوان هاوڵاتیانی کوردستاندا.

ئەم پرۆژە یاسایە پێچەوانەی ئاوات و ئومێدە راستەقینەکانی خەڵکی کوردستانە بۆ ئازادی‌و یەکسانی‌و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی‌‌و زەمینەی فکری‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌ تەریك کەوتنەوەو دابڕانی کۆمەڵگای کوردستان لە گەشەو پێشرەویەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. بۆیە ئەم پرۆژە یاسایە نەک نابێت پەسەندبکریت، بەڵکو دەبێت لەلایەن ئازادیخوازانی کوردستانەوە بەرپەرچ بدرێتەوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٢/١٢/٢٠١٤