حزب کمونیست کارگری کردستان – تجربه کوبانی نشان داد که تنها نیروی تودههای مردم مسلح و سازمانیافته می تواند داعش را شکست دهد

ئەزمونی کوبانی سەلماندی کە تەنها هێزی جەماوەری چەکدارو رێکخراو

دەتوانێ شکست بە داعش بهێنێ!

پەلکێشانی داعش بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای بەغداو کۆنترۆڵکردنی بەشێکی بەرچاوی پارێزگای ئەنبار‌و جموجوڵەکانی لە دەوروبەری شاری کەرکوك، مەترسیەکی جدیە کە دەبێ بەتەواوی بۆ بەرپێگرتن‌ و بەرەنگاربونەوەی ئامادەبین.داعش لە ئێستادا بوەتە چەتری سەرجەم  ئەوهێزە ئیسلامی‌و ناسیۆنالیستیانەی کە لەکێشمەکێشی دەسەڵاتدان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا.هەر پێشرەویەکی ئەم هێزە تیرۆریستیە لەسەر ئاستی عێراقدا  دەبێتە هاندەرێك بۆی تا پەلاماردانی کوردستانیش بدات، چونکە ئەم هێزە وەکو میراتگری ناسیۆنالیزمی عەرەبی خۆی بە خاوەنی سەرجەم عێراق‌و کوردستانیش دەزانێت. کۆکردنەوەی هێز لە دەوروبەری کەرکوك ئەو نیەتەی داعش دەخاتەروو.

بەڵام داعش ئەو هێزە نیە کە لەشكان نەیەت.بێتوانایی سوپای عێراق‌و هێزە چەکدارەکانی دیکەیە کە پشتیان بە هێزی جەماوەری نەبەستوە، داعشی کردوە بە ئەفسانە.خەڵکی کوبانی لەماوەی پتر لە مانگێك بەرەنگاری‌و مقاوەمەت بە چەکی سووك، بەرامبەر هێزی هارو دڕندەی زۆرو چەکی پێشکەوتوویداعشدا ئەوەی سەلماند کە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی شتێك نین جگە لە شێرێکی کارتۆنی! بەرەنگاری‌و بەرگری جەماوەریی ژنان‌و پیاوانی کوبانی ئەو ئەزمونەی نیشان داین کە جەماوەری خاوەن ئیرادەو رێکخراوو چەکدار دەتوانێ نەك هەر پێش بە مەترسی ئەو هێزە ئینسانخۆرە بگرێت، بەڵکو دەتوانێ شکستێکی ئابڕوبەرانەی بەسەردا بسەپێنێ.خەڵکی کوردستان دەتوانن وەکو خەڵکی کوبانی روبەرووی داعش ببنەوەو شکستی پێبهێنن. دەبێ ئەزمونی کوبانی بۆ ئێمە خەڵکی کوردستان ئەوە بێت کە ژنان و پیاوان پێکەوە خۆمان چەکدارو رێکخراو بکەین‌و ئامادەبین بۆ بەرەنگاربونەوە.هەرجۆرە خۆشباوەریەك بە هێزەکانی ئەمریکاو دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ پاراستنیان لە خەتەری داعش، ئاکامەکەی دوبارەبونەوەی نمونەی کارەساتی شەنگاڵ دەبێت.

ئەمریکا پێویستی بە کەیسی داعشە بۆ سەرخستنی ستراتیژی خۆی لە ئاستی جیهان‌و ناوچەکەدا، بۆیە تواناییەکانی ئەو گروپە گەورە نیشاندەدات بۆئەوەی لەورێگایەوە هاوپەیمانیەکی دەیان دەوڵەتی بۆ شەڕ لە دژی داعش کۆبکاتەوە کە گوایە چەندین ساڵ دەخایەنێت تا داعش بەتەواوی تێكبشکێنرێت! ئەمریکا لە داعش ئەفسانە دروست دەکات تا پاکانەی چەند ساڵ شەڕو ملهوڕیی خۆی لەناوچەکەدا پێبکات. لە کاتێکدا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەساڵی ٢٠٠٣دا لەماوەی دوو هەفتەدا سەرجەم هێزی زەبەلاحی رژێمی سەدامی تێکشکاند کەچی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆسەر هێزەکانی داعشلە دەوروبەری کوبانی نەیتوانیوە توانای هێرشبردنی چەکدارانی ئەو رێکخراوە لەبەین بەرێت.سەرانی دەوڵەت ‌و سیاسەتمەدارانی ئەمریکاو زورناژەنەکانی دەوروبەری مەبەستیان ئەوەیە کە خەڵکی دنیاو ناوچەکە وا تێبگەیەنن کە بێجگە لە چاولەدەست بوون بۆ هێزەکانی ئەمەریکا تا پارێزگاریان لێبکات، هیچ رێگایەکی تر لە ئارادا نیە، بەڵام داستانی بەرەنگاری‌ دلێرانەی ژنان‌ و پیاوانی کۆبانی هەموو ئەو فروفیشالانەی فرێدایە زبڵدانەوە و بەرپرسانی کارەساتی شەنگالیشی هەرچی زیاتر شەرمەزار کرد کە گوایە بەهۆی چەکی پێشکەوتووی داعشەوە نەیانتوانیوە چەند خولەکێك بەرگری بکەن.ئەوەتا خەڵکی کوبانی زیاتر لە یەک مانگە بەرەنگاری هێزێکی زۆر زەبەلاحتری داعش دەکات ‌و خەریکە دووچاری شکستیشی دەکات.بەرگری‌و بەرەنگاریی جەماوەری خەڵکی کوبانی ئەزمونێکی جیاواز لە شەنگاڵی خستۆتە بەردەممان‌ ومێژووی پێش کوبانی‌و دوای کوبانی وەکو یەك نابن!

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی ژنان ‌و پیاوان دەکات بۆ خۆچەکدارکردن‌و خۆرێکخستن‌و ئامادەبوون بۆ روبەروونەوەی تیرۆریستانی داعش.حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونی خەتەری داعشەوە لەسەر کوردستان بانگەوازی خەڵکی کردوە بۆ بەرەنگاربوونەوەو هەوڵی داوە کە هێزی بەرگری جەماوەری لەناوشارەکاندا پێكبهێنرێت‌‌و بۆی تێکۆشاوە.پێویستە ئەزمونی کوبانی وەکو دەستکەوتێکی پڕبایەخی بەرەنگاری بەدەستەوە بگرین‌و هیزی بەرگری جەماوەری لە هەموو شارو شارۆچکەو گوندێك پێکبهێنین.حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بە هەموو تواناوە هەوڵ دەدات کە لەرووی فکری‌و سیاسیەوە جەماوەر بۆ خۆرێکخستن‌و خۆ چەکدارکردن لە ریزی هێزی بەرگری جەماوەریدا بۆ بەرەنگاری و مقاوەمەت ئامادەبکات.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٠/١٠/٢٠١٤