اطلاعیه حزب کمونیست کارگری کردستان – در رابطه با اعتراضات مردم به نرخ بنزین و عقب افتاده پرداخت حقوق معوقه

راگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە: نارەزایەتیەکان دژ بە گرانبوونی نرخی بەنزین‌و دواکەوتنی مووچە.
گرانکردنی نرخی بەنزین‌ لەسەر هاوڵاتیانی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، شەپۆلێکی نارەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناو لە زۆرێك لە شاروشارۆچکەکان خۆپیشاندان‌ ئەنجامدراو خۆپیشاندەران لە چەندین شوێن رێگا‌و شەقامەکانیان گرت‌و خوازیاری کەمکردنەوەی نرخی بەنزینیان کرد. 
بیانووی حکومەتی هەرێم بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین ئەوەیە کە بەو پارە زیادەیە مووچەی فەرمانبەران‌و کارمەندان‌و خەرجی شەڕی دژی داعشی پێ دابین دەکات، لە کاتێکدا ماوەی دوومانگە نرخی بەنزین گرانکراوە، بەڵام مووچەی دوو مانگی فەرمانبەران و کارمەندان‌ی کوردستان نەدراوە. هەزاران بەرمیل نەوتی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە فرۆشراوە، ملیۆنەها دۆلار داهاتی خاڵە سنوریەکان‌و باجی کۆمپانیاکان‌و دەسکەوتی دامەزراوە بەرهەمهێن‌و خزمەتگوزاریەکانی حکومەت بووە، بەڵام حکومەت مووچەی فەرمانبەرانی راگرتووە، لە هەمان کاتدا ملیۆنەها دۆلار وەکو بودجەی حیزبەکان لە داهاتی کوردستان بەتاڵان دەبرێت.
حکومەتی هەرێم‌و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ناوی بە بیانوی شەڕ دژی داعشەوە مووچەی کارمەندان دوادەخەن، نرخی بەنزین لەسەر خەڵك گران دەکەن، بەشی زۆری خزمەتگوزاریەکانیان راگرتوە‌، بێکاری و گرانییان بسەر خەڵكدا داسەپاندوە‌و لە بەرامبەر ژیانێکی سەخت و دژواردا دایان ناون. لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان روبەروی هەڕەشەی داعش بونەتەوەو لە چەندین ناوچەی کوردستانیش سەنگەری قایمی جەماوەر لە دژی داعش لێدراوە، رۆژانە جەماوەر خۆیان بۆ روبەرووبونەوەی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسلامی( داعش) ئامادە دەکەن، بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەکان نەک ئامادە نین دەست بەرن بۆ پارە دانراوەکانی بەرپرسان‌و سەرمایەداران‌و خاوەن کۆمپانیاکانی نزیك لە خۆیان‌‌، بەڵکو هێزە ئەمنیەکانی حکومەت وەک رۆلی هەمیشەییان هێرش دەکەنە سەر جەماوەری خۆپیشاندەران!
ئێمە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان پشتیوانی لە نارەزایەتیەکان و داواکانی خەڵکی کوردستان و کارمەندان دەکەین کە لە لە بەرامبەر گرانکردنی نرخی بەنزین و نەدان‌و دواخستنی مووچەکانیان خۆپیشاندان دەکەن. ئەرکی حکومەتە کە بەنزین بە نرخی گونجاو بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان ‌و مووچەی کرێکاران‌و کارمەندان لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن دابین بکات. پێویستە حکومەتی هەرێم بە ناوی جەنگ دژی داعش قوتی خەڵك زەوت نەکات‌، لە داهاتی نەوت‌و گومرگەکان‌و داهاتەکانی ناوخۆو دانانی باجی زۆر لەسەر سەرمایەداران‌، مووچەی کارمەندان‌و فەرمانبەران دابین بکات.
بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکەین لە کاتێکدا کە خەباتی خۆیان لەدژی داعش‌و مەترسیەکانی رەوتە تیرۆریستەکان توندتر دەکەنەوە، هاوکات بۆ بەرگری لە مافەکانی خۆیان بەرامبەر بە دەسەلاتی بۆرژوازی کورد رێکخراو و یەکگرتووانە رابوەستن، لە ناوەندەکانی کارو خزمەتگوزاریەکان، لە دامەزراوە حکومیەکاندا کار رابگرن، تا دەسەلاتداران ناچار دەکەن مووچەکانیان بدەن‌ و هاوکات نرخی بەنزین بگەرێتەوە بۆ ئاستی پێشووتری. بانگەوازی هەموو ئەو هاوڵاتیانەش دەکەین کە بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە تووشی گرفت بونەتەوەو خوازیاری کەمکردنەوەی نرخی بەنزینن، بەشێوازی مەدەنی لەبەردەم فەرمانگەو دەزگا پەیوەندیدارەکاندا کۆببنەوەو خواستەکانی خۆیان بەروویاندا بەرز بکەنەوە.
٣/٩/٢٠١٤