هاوپشتیو یەکریزیی کریکارانو ئازادیخوازانی عيراقو کوردستان، زامنی وەلانانی مەترسی داعشو سیناریۆ کۆنەپەرستانەکانە!
وێرانکردنی هەرچی سیمایەکی مەدەنی کۆمەڵگاو داسەپاندنی یاساو حوکمی “خەلافەتی ئیسلامي” يان بەسەر هاوڵاتیانی ناوچەکانی ژێر دەسەلاتیاندا، کارنامەی ئەم دوو مانگەی ئەم رەوتە دڕندەو ئینساکوژە بووە لە عێراقدا. هێزێکی تاسەر مۆخ کۆنەپەرست، دژی ئازادی، دژی ژیان، دژی مەدەنیەت، دژی مرۆیی ودڕندەی هەوسارپچڕاو، کەهاوشێوەی تالیبانو قاعیدە لە ناو هۆڵەکانی دەزگای سیخوڕی (CIA)ەوە توركياو قەتەرو سعودیە بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیو بەرژەوەندیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ئەم قوتبە ناوچەییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکراوەو بەردراوەتەوە گیانی خەڵکی بێدیفاعو مەدەنی سوریاو عێراق.داعش گروپێکی ئیسلامی سیاسی تيروريست و خوێنخۆرە کە خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەکی ئیسلامی- تائیفی- نەتەوەپەرستی عەرەبیەو روو لەهەر شوێنێك بکات سڵ لەئەنجامدانی هیچ جۆرە تاوانو کۆمەڵکوژیەك دەرهەق بە هاوڵاتیانی مەدەنی ناکاتەوە. تاوانەکانی ئەم گروپە مرۆڤکوژە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەسیحی، یەزیدی، ژنان، دیلەکان بەجۆرێك ترسناکو سەرسوڕهێنەرن کە لەلایەن مرۆڤایەتی ئەم سەردەمەوە مایەی راچڵەکینو نەفرەتی گەورەیە.
کێشمەکێشو شەرو بەدیلەکانی لایەنو میحوەرەکانی ئەو شەڕەی کە ئیستا لە نیوان داعشو هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراقو کوردستاندا لەئارادایە، هیچیان لەگەل مافو ئازادیو بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکارو ئازادیخوازی عیراقو کوردستان نزیکایەتيان نیە. بەرژەوەندیی سیاسیی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشو سەرجەم ئازادیخوازو یەکسانیخوازی عێراقو کوردستان، پێداویستی پاراستنی کۆمەڵگاو کەرامەتو ژیانی هاوڵاتیان لە تیاچوون، دابینبوونی ئارامیو گەشەی کۆمەڵایەتی، دابینوونی ئازادیو پێشکەوتنو گەشەی هیواو ئومێدەکانی ئینسان لە عێراقو کوردستان، پەرەدان بەگیانی هاوچارەنوسیو رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای رەگەزپەرستیو تایفەگەری لەناو دانیشتواندا، پاراستنی ژنانو مناڵان لە دەستدرێژیو سوکایەتی پێکردنو بەکۆیلەکردنیان، سازکردنی زەمینەکانی گەشەو پێشڕەویی کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی- زانستی لە کوردستانو عێراق، لە ئیستاداو بەر لەهەرشتێك بەستراوەتەوە بە پاکردنەوەی ئەم ئافاتە کوشندەیە کە ناوی داعشەو وەدەرنانیانە لەناو کۆمەڵگای عێراق. مانەوەی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە لەهەر گۆشەو قوژبنێکی کۆمەڵگاداو لەهەر جێگایەك بێت، هەڕەشەی بەردەوامە بۆ سەر هەموو روخسارو بنەماو بەهایەکی ئینسانیی کۆمەڵگا. بۆیە هەرجۆرە سازاندنێکی بەرژەوەندی سیاسی یان ریگاخۆشکردنی سیاسیو سەربازیو تەنانەت لێنەبڕاوی لە دژایەتیکردنی ئەم تاقمە دڕەندەو ئینسانکوژە، پاساوو بەهانەکەی هەرچیەک بێت، تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە خەڵکی عێراقو کوردستان، بازرگانیەکی سیاسی لەرادەبەدەر سووكە بەخوینو کەرامەتو ژیانی ئەم جەماوەرە بەرینەو بەشداریکردنە لە تاوانە وەحشیانەکانی داعشدا، بۆیە ریسواو شەرمەزارەو دەبێ بکەوێتە بەر نەفرەتو نارەزایەتی توندی خەڵکی عێراقو رای ئازادیخوازی دنیا. هەرجۆرە دوودڵی یان رێگاگرتنێك لە هەوڵدان بۆ وەدەرنانو تەفرتوناکردنی داعش لەلایەن هەر هێزیکی سەر مەیدانی ساسی عیراقو کوردستانەوە بێت، بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ ناکۆکی توندی ئەو هیزە لەگەڵ ئازادی و ئینسانیەتو سەرەتاییترین مافو بەرژەوەندیەکان خەلک.
ئەمریکاو تورکیاو دەوڵەتانی هاوپەیمانیان گەورەترین تاوانیان بەرامبەر خەڵکی عێراقو کوردستانو ناوچەکە ئەنجامداوە بە دەرگاکردنەوەو هاندانو بەهێزکردنی ئەم گروپە تیرۆریستە بێهەوسارەی ئیسلامی سیاسی بۆ کوشتاری بەلێشاوی خەڵكو داڕمانی کۆمەلگا تەنها لەپێناوی بەرژەوەندیە حەقیرەکانی خۆیان. ئەمە ئەلقەیەکی دیکەیە لە زنجیرەی تاوانکاریە گەورەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی وەکو تورکیاو سعودیەو قەتەر بەرامبەر خەلکی ئەم کۆمەلگایە. خەلکی عیراقو کوردستان نەک هەر نابێ هیچ خۆشباوەریەکیان بە درۆو دەلەسەکانی ئەمریکاو تورکیا هەبیت سەبارەت بە خەمخۆریو بەدەنگەوەهاتنیان بۆ مەرگەساتەکانی خەلکی ئەم کۆمەلگایە، بەڵکو دەبێ وەکو بەڵگەیەکی تری دژایەتی ئەوان لەگەل مرۆڤایەتیو ئامانجەکانی خەلکی ئەم کۆمەلگایە چاوی لێبکەنو خۆیانو دەستوپێوەندە ناوخۆییەکانیان ریسواو شەرمەزار بکەن.
ئەگەرچی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا بۆسەر داعش (کە بەپێی ستراتیژیو بەرژەوەندی ئیمپریالیستیانەی خۆی ئەنجامی دەدات)و گرتنەوەی مەخمورو گوێر پێشڕەویەکانی داعشی لە ئاستێکدا راگرتوە، بەڵام ئەم ئاڵوگۆرە ناتوانێ خەڵك خاترجەم بکاتو نابێ خەڵك ئومێدی پێوە گرێ بدەن و پشتێنی لێبکنەوەو دەبێ هێزی خۆیان بەرامبەر بە داعشو تیرۆریستانی ئینسانکوژ سازو ئامادەو کۆبکەنەوە. ئەو هێزەی کە دەتوانێ بێ دوودڵیو لێبڕاوانە بەرامبەر بەربەریەتی داعش رابوەستێتو زامنی بەرگری بیت لە ژیانو کەرامەتو مافی هاولاتیانو تەنانەت بەشێوەیەکی یەکجارەکی ئەم جانەوەرە ئیسانخۆرانە لە مەیدان بکاتە دەرەوەو تێکیبشکێنێ، هێزی جەماوەری رێکخراوو چەکداری خەڵکی کوردستانو عێراقە. جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشو ئازادیخواز دەتوانن هەر ماڵێك بکەن بە سەنگەرێكو هەر گەڕەکێك بکەنە بە بەرەیەکی بەرەنگاربوونەوەی داعشو سەرجەم تیرۆریستانو بستە خاکێك نەهێڵنەوە بۆیان بۆئەوەی قاچی لەسەردابنێن. دەبێت لە هەموو شارو شارۆچکەیەك هێزی بەرگری جەماوەری دروست بکەینو خۆمان پڕچەك بکەین. ئامادەی بەرپەرچدانەوەی نیازە چەپەلەکانو تەنانەت راماڵینی تیرۆریستانی داعشو هاوپەیمانو هاوکارەکانیان لە پاشماوەکانی رژێمی دڕندەی بەعسو گروپە ئینسانکوژەکانی دیکە بین.
جەماوەری عێراقو کوردستان بەدەر لە دابەشکاریە نەتەوەییو ئاینیو مەزهەبیەکان، وەکو هاوڵاتیو ئینسانی هاوچارەنوس نەک هەر هیچ دوژمنایەتیو ناکۆکیەک لە بەرژەوەندیەکانیاندا نیە، بەڵکو دەبێ دەستی یەک بگرن لەپیناو چارەنوسیکی ئازادو درەوشاوەی هاوبەش. لەهەر گۆشەیەکی عێراقدا، پێویستە بۆ روبەروبونەوەی مەترسیەکانی ئیستاو ملهوری هەر هیزیک بەسەریاندا وە بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنوسی خۆیان، لە ریزێکی یەکپارچەی دوور لە ناکۆکیو رقو کینەی کۆنەپەرستانەو دروستکراوی قەومیو تائیفیدا، ریکخراوو چەکداربن. خەڵکی ناوچەکانی موسڵو تکریتو سەڵاحەدینو ئەنبارو دیالەش وەکو خەڵکی کوردستانو باقی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەرژەوەندییان لە راماڵینی تیرۆریستانی خوێنخۆری داعش دایە. بەپێچەوانەی پروپاگەندەی لایەنه ناسیونالیستو نەتەوەپەرستو تائیفیە کۆنەپەرستەکانەوە، تاوەکو ئیستا خەڵکی ئەو ناوچانە گەورەترین باجی دەسەڵاتی ئەم تاقمە ئینسانکوژەیان داوەو بەر لە هەموان مافو کەرامەتو حورمەتی ئینسانیی ئەوان بووە بە خۆراکی جانەوەرانی داعش. ئەم باندەو باقی رەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامیو نەتەوەپەرستەکانی وەکو پاشماوەکانی بەعسو نەقشبەندیەکانو “سوپاي ئيسلامي” و”انصار الاسلام” نەک هەر نوێنەری هیواو ئومێدو خواستەکانی ئەوان نین لە ژیانێکی ئارامو شکۆمەندو یەکسان، لە نارەزایەتیان بەرامبەر بە هەر زوڵمو جیاکاریەکی تائیفی کەلەلایەن دەسەڵاتی کۆنەپەرستی تائیفی مالکیو ئیسلامی سیاسی شێعەوە رووبەرویان بۆتەوە، بەڵکو ئەم تاقمانە مایەی کارەساتی زیاترو زیندەبەچاڵکردنی هەر تروسکایەکی ئومێدو خۆشبەختیو ژیانێکی ئارامن کە بۆ خەلکی ئەو ناوچانە مابێتەوە. جەماوەری ئەو ناوچانە تائیستا بەهەر جۆریک بۆیان لوابێت، تەنانەت بە هەلهاتنو ئاوارەبون، نەفرەتو نارەزایەتی خۆیان لەم ئینسانکوژانە دەربریوە، بۆیە ئەوان نەک نابیت بخرینە ریزی داعشو نەتەوە پەرستەکانی بەعسی فاشیستەوە، بەڵکو دەبێ دەستی هاوچارەنوسیو هاوکارییان بۆ درێژبکرێتو ئاسۆی رزگاریی هاوبەش لە دەسەلاتی ئەو ئینسانکوژانەیان نیشانبدرێت. ئەمە ریگایەکە کە دەتوانی دەستی ئەو تاقمانەش ببەستیت لە فریودانو راپیچکردنی جەماوەری ئەو ناوچانە بەدوای بەربەریەتی خۆیاندا.
بەهەمانشێوە، هەوڵەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەو حیزبەکانیو دەسەلاتی مالکی بۆ خۆشکردنی ئاگری شەڕی تائیفی لەدژی بەشێك لە دانیشتوانی عێراق بەناوی دژایەتی تیرۆریستانو داعشەوە، راستەوخۆ دژی بەرژەوەندی خەڵکی عێراقەو کۆمەك بە کۆتاییهێنان بە داعشو مەترسیەکانی لەسەر هاوڵاتیانی عێراق ناکات! هەروەکو بانگەشەی توندکردنەوەی کینەورقی نەتەوەپەرستیو دژایەتیکردنی عەرەب لەلایەن گروپە ناسیۆنالیستو نەتەوەپەرستو راسیستەکانی کوردەوە، بەناوی دژایەتیکردنی داعشو تاوانەکانی ئیسلامی سیاسی عەرەبیو رەوتە رەگەزپەرستەکانی عەرەب بەرامبەر خەڵکی کوردستان، نەك هەر ئاگری شەڕی نەتەوەیی نێوان کوردو عەرەب خۆش دەکاتو بەرەو لێواری تەقینەوەی دەباتو کارەساتو ماڵوێرانی دەکاتە نسیبی خەڵکی کوردستانو عیراق، بەڵکو راستەوراست کۆمەك کردنە بە جێبەجێبوونی سیاسەتەکانی داعش بۆ هەڵخڕاندنی گیانی نەتەوەپەرستیو ئیسلامگەرایی لەناو هاوڵاتیانی عەرەبزماندا دژی خەڵکی کوردزمانو بەهێزکردنی لەشکری جەنگاوەرانی داعشە بۆ پەلاماردانی خەڵکی کوردستان. سەرجەم ئەم هەوڵو پروپاگەندە نەتەوەپەرستو تائیفیانە پیلانی کۆنەپەرستانەی هیزە ناسیۆنالیستو ئیسلامیەکانن بۆئەوەی هەرکامیان جەماوەریک بکەن بە لەشکری رەشی خۆیانو لەپیناو بەرژەوەندیە سیاسیە کۆنەپەرستانەکانی خۆیاندا بەکوشتیان بدەن. کریکارانو جەماوەری ئازادیخوازی عیراقو کوردستان، بە دەر لەوەی بە زمانی کوردی یان عەرەبی یان تورکی یان هەر زمانیکی تر دەدوینو بەدەر لەوەی ناسنامەی کام نەتەوەو دینو تائیفەیان بەسەردا سەپێنراوە، وەکو بەشیک لە مرۆڤایەتی، هاوچارەنوسو خاوەن بەرژوەندی هاوبەشن لە بنیاتنانی ئایندەیەکی ئازادو شادو ئارام و خوشگوزەران کە هەموان تیایدا ئازادو یەکسان بن. بۆیە دەبێ دژی پیلانی دابەشکاریو تەفرەقەسازی نیوانیان بن، نابی بەو پروپاگەندانە فریو بخۆن.
پێویستە لەوناوچانەی داعش دەسەڵاتی نەگریسی خۆی بەسەریدا سەپاندوە یەکەم چەخماخەی بەرەنگاربوونەوەی جەماوەری دژی داعشو تیرۆریستانی هاورێبازیان دەست پێبکاتو سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازو جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشو شۆرشگێڕانی ئینسادۆست لەسەراسەری عێراقدا لەپاڵ خەڵکی ئەو ناوچانەدا رابوەستنو هێزیان پێببەخشن. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقو کوردستان بەهەموو توانایانەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکەو سەرخستنی ئەم پرۆژەیە تێدەکۆشن. هەردوو حیزب لەهەوڵی پیکهاتنی هێزی چەکداری جەماوەریدا دەبنو بەکردەوە بۆی دەست بەکاردەبن. ئەم هێزە چەکدارەی خەڵك تاکە بازوویەکی پۆڵاینو بەهیزە کە جەماوەر دەتوانن دوور لە هیچ گومانو دوودڵیەك بەتەواوی باوەڕی پێبکەنو پشتی پێببەستن. دەتوانن ئیرادەو جوڵەو کارکردی بەدەستەوە بگرنو نیگەرانی ئەوە نەبن کە ژیانو چارەنوسیان بۆ بەرژەوەندی سیاسی هەراج بکاتو رۆژی رووبەروبوونەوە بە دەستی خاڵی بەجێیان بهیلیتو بیانکات بە خۆراکی دڕندە ئینسانخۆرەکان. هەرلێرەوە هەردوو حیزب بانگەوازی تەواوی تێکۆشەرانو هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری، بزوتنەوەی جەماوەری، بزوتنەوەی ژنان، خەلکی ئازادیخواز، دۆستانو لایەنگرانی هەردوو حیزب، ئازادیخوازانو شۆرشگێڕانی چەپو کۆمۆنیستو هەموو ئەو کەسولایەنانە دەکەن کە خۆیان لەم پەیامو ئەرکەدا لەگەڵ ئێمە بەبەشدار دەزانن، بۆ پەیوەست بوون بەم بزوتنەوە جەماوەریەوە، بۆئەوەی هەموو پێکەوە بزوتنەوەیەکی بەهیزی جەماوەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی شۆرشگێڕانە لە دژی داعشو بۆ بەرگری لە ئەمنیەتو ئارامیو مافو کەرامەتی هاولاتیانو گیرانەوەی ئیرادەو چارەنوس بۆ دەستی خۆیان، بەرێبخەین. لەم ریگایەدا پێشوازی لە هاوکاریو بەدەنگەوەهاتنی هەر هێزو لایەنیکی لایەنگر لە ئازادیو مەدەنیەتو پیشکەوتنخوازی دەکەین. هاوکات هۆشداری دەدەین بە لایەنەکانی دەسەلات لە عیراقو کوردستان کە خۆیان دوور بگرن لەهەر جۆرە رێگریو کێشە دروستکردنیک بۆ ئەم بزوتنەوە جەماوەریە، چونکە هەر هەنگاویکی بەمجۆرە راستەوخۆ خزمەت بە ئینسانکوژانی داعش دەکاتو جەماوەری خەڵك بە دەستی بەستراوەوە تەسلیم بە بەربەریەتی ئەوان دەکات.
بژی هێزی چەکداری جەماوەری!
مەکتەبی سیاسی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
١١/٨/٢٠١٤
Joomla templates 1.7 free by Hostgator