بیانیه دفتر سیاسی حزب کمونیست کارگری کردستان – در رابطه با فراخوان مسعود بارزانی برای استقلال و رفراندوم (بزبان کردی )

بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە:
بانگەشەی مەسعود بارزانی بۆ سەربەخۆیی‌و ڕیفراندۆم
 لەجەرگەی جەنگ‌و ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووداو بەدوای کۆکردنەوەی هێزی چەکدارو جێگیرکردنی لەکەرکوک و “ناوچە کێشە لەسەرەکان”، مەسعود بەرزانی، کەوتە بانگەشەکردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان‌و دواتریش پەرلەمانی کوردستانی راسپارد بۆ ئامادەکردنی پێداویستیە یاساییەکانی بەرپاکردنی ریفراندۆم. بەم جۆرەش بارزانی‌و حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکانی کوردستان، ئەم ڕووداوانەیان بە”فرسەتێکی زێڕین” بۆ گێرانەوەی خاك ودامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، لەسەر حسابی کوشتارو داڕمانی کۆمەڵگاو ئاوارەیی‌و درێژبوونی دەستی تیرۆریستانی داعش بۆسەر ژیانی خەڵک لێکدایەوە. بەڵام ئایا دەوڵەتی کوردی‌و ڕیفراندۆمێک کەبارزانی‌و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بانگەشەی بۆدەکەن، لەنێو فەزای شەڕو دەعوای قەومی‌و دەستەو تاقمە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی ئێستادا، بەرهەمی کام واقعیەتی سیاسیەو لەبەرژەوەندی کێدایە؟
ئاشکرایە کەشەڕو دەعوای نێوان بارزانی‌و مالیکی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، وەک دوو هێزی سەرەکی بۆرژوازی، بۆ دابەشکردنی سامان‌و دەسەڵات‌و جێگیرکردنی دەوڵەتێک کەبەرژەوەندی هێزەکانی ناسیۆنالیزمی کوردو عەرەب‌و دەستەو تاقمە ئیسلامیەکان لەعیراقدا، بەدیبهێنێ‌و ڕیزەکانیان لەبەرامبەر چینی کرێکارو زەحمەتکێشدا یەک بخات، لەئارادابووە. شەڕو دەعوایەک کەلەژێر پەردەی”ڕیکخستنەوەی پەیوەندیەکانی نیوان هەرێم‌و بەغدا”دا بەڕێوەبراوەو هەرجارە لەدەوری مەسەلەکانی ناردنەدەرەوەی نەوت‌و بودجە‌وهێزی پیشمەرگەو مادەی ١٤٠ وناوچە کێشە لەسەرەکان.. خولێک لەقەیرانی سیاسی‌و بارگرژی ئەمنی‌و عەسەکەری هێناوەتە ئاراوە. لەقۆناغیکدا ئەم شەڕو دەعوایەی نێوان بارزانی‌و مالیکی کەنەیتوانی بەرێگای سیاسی‌و دانوسان لەنێو “پرۆسەی سیاسی” عێراقداولەڕێگای بەشداریکردن لەکابینەی حکومەت و پەرلەمانەوە بەڕێکەوتنێک بگات، کێشمەکێشی جەمسەرە جیهانی‌و هەرێمیەکان‌وئالوگۆڕێک کە لە هاوسەنگی‌و پلانەکانی ئەواندا پێشهات، قەیرانی ناوەندو هەرێمی، کەبەسەر ئەو دوو جەمسەرەدا دابەشبوون، بردە ئاستیکی ترەوە.
ڕاوەستانی بارزانی‌وحزبەکەی لەجەمسەری ئەمریکاو تورکیاو کەوتنەبەرەی هێزەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی‌و ئیسلامی سیاسی باڵی سونەگەراو هەموو ئەوانەی کە لەلایەن سعودیەو دەوڵەتانی کەنداوەوە پشتیوانی دەکران لەدەوری سیاسەتی دژایەتیکردنی مالکی و دەسەڵاتەکەی کۆبونەوە. لەبەرامبەریشدا خۆگرێدانەوەی مالیکی بەسیاسەتەکانی ئێرانەوە وکۆکردنەوەی هیزەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەگەرا، لەدەوری ستراتیژی مەرکەزی کردنەوەی دەسەلات وسەرەنجام چۆکپێدادانی بارزانی.. هەموو ئەمانە یەکێک لەواقعیەتە سەرەکیەکانی ئەم قۆناغەی شەرودەعوای نیوان بارزانی‌و مالیکیە، کەلەئاکامدا بەفراوانبوونی پێگەی ئێران لەعیراق‌و لەئاست ناوچەکەدا، بەتایبەتی لەدۆخی سوریادا گەیشت.
ئەم شەرو دەعوایەی بارزانی و مالکی بەدوای بنبەست‌و شکستی ستراتیژی ئەمریکا لەسوریاو عیراق‌و لەپەیوەند بەتوندبووبەوەی کێشمەکێشی نیوان هێزە ئیقلیمەیەکان و بەریەک کەوتنی بەرژەوەندیە ناوچەییەکانیان، بەتایبەت بەدوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ئەمساڵدا و خۆکاندید کردنەوەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، دەرگای بەڕووی هاتنە ناوەوەی داعش‌وگروپە تیرۆریستیەکاندا خستە سەرپشت‌و کۆمەڵگای کردە ناوچەیەکی جەنگی‌و درێژکراوەی دۆخی سوریاو بەکردەوەش عیراقی لەنیوان دەستەو تاقمی قەومی‌و ئیسلامی چەکداردا بۆ سێ ناوچە دابەشکرد. بانگەشەی سەربەخۆیی وڕیفراندۆمەکەی بارزانی بەو تەوژمەی ئێستایەوە، لەفەزای جەنگو میلیتاریزم‌و قوڵبوونەوەی سیناریویەکی ڕەشدا، نەک هەر بەدژی ئازادی وئەمنیەت وبڕیاردانی خەڵکی کوردستانە لەسەر چارەنوسی خۆی، بەڵکو سیاسەتێکی کۆنەپەرستانەی بۆرژوازی کورد وحزبە ناسیونالیستەکانیەتی بۆ پارچەپارچە کردنی عێراق لەسەر بنەمای نەتەوەیی وئاین وڕەسمیەت پیدانە بەدەولەتی خەلیفەکانی داعش لەڕۆژئاواو شیعەکان لەخواروو، لەپاڵ دەسەلاتی مەلاکان لەئیراندا. لەکەنار ئەمانەشدا دەسەلاتی میلیشیایی وبنەماڵەیی لەکوردستاندا بەناوی دەولەتی کوردیەوە بەسەر سەری خەلکی کوردستانەوە رابگیرێت. ئەمە ئەگەر بۆ ئەحزابی قەومی وعەشیرەتی بۆ بۆرژواژی کورد فرسەتێکی زیڕین بێت، ئەوا بۆ جەماوەری کریکارو ئازادیخوازی عیراق وکوردستان، گرفتاربوونە بەدەسەلاتەکانی خەلافەت وبنەماڵەیی. بێگومان ئاکامێکی ئاواش جگەلە قوڵکردنەوەی جەنگو کوشتارو کاولکاری وڕقەبەری قەومی و بەهێزکردنی گیانی راسستی و راکێشانی دەستی سەربازی ئەمریکاو دەولەتانی ناوچەکە، لەهاوشیوەی بارودۆخێک کەئیستا لەسوریادا دەگوزەرێ، شتێکی تری بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەدواوە نابێت. تەنانەت بەجیالەوەی کەتاچەند دەولەتە سەربەخۆکەی بارزانی و ڕیفراندۆمەکەی لەڕووی عەمەلیەوە توانای پێگرتنی هەیەو چەندە سوریشە لەسەری، بەڵام پڕۆژەیەکی وا، لەکەشوهەوای ئیستاو بەپشتیوانی تورکیاو ئیسرائیل‌و ئەمریکا، شتێکی تر نابێت جگەلە کردنی کوردستان بەناوەندێکی کۆنەپەرستی سیاسی‌و دژی ئازادی‌و پێشکەوتنخوازی لەناوچەکە لەهاوشانی ئیسرائیل‌و پەلکێشکردنی ژیانی خەڵکەکەی بۆنێو شەڕێکی نەبراوەی خوێناوی.
ناسیونالیزمی کوردو‌ حزبەکانی کەلە دوای ٢٠٠٣ەوە بەدەستخستنە ناودەستی شیعەکان‌و زاڵکردنی دەستورو یاسای قەومی‌و ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگادا، کوردستانیان لەسەروو ئیرادەی خەڵکەوە بەعیراقەوە لکاندوکەوتنە شەراکەتەوە لەدەسەلات‌و بازاری سەرمایەدا، ئەمڕۆ بە بەندوبەست لەگەڵ سونەکان‌و ناسیۆنالیزمی عەرەبی‌و پاشماوەکانی بەعس‌و داعش، خەریکن بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان، بەناوی “دامەزراندنی دەولەتی کوردی”ەوە، کۆمەلگا پەلکێشی شەڕو دوبەرەکیەکی قەومی وماڵوێرانیەکی هەرچی زیاترە بکەن‌و ئەمەش بەناوی بریاری خەڵکی کوردستانەوە رەسمیەت پێبدەن وبە”فرسەتی زێڕین بۆکورد” ناوزەدی بکەن. رێفراندۆمێکیش کەبارزانی بەپەرلەمانی ئیستای سپاردووە، تاکێشەی کەرکوک و”ناوچە کێشە لەسەرەکان”ی پێساغ بکاتەوە، لەژیرسایەی فەزای جەنگ‌و حوکمی هیزی میلیشیای حزبەکانی دەسەلاتدا، نەک هەر جێگایەکی بۆ دەنگ وبریاری ئازادانەی بەدور لەگوشاری سەربازی بۆسەر هاولاتیانی ئەم ناوچانە نەهێشتۆتەوە، بەڵکو ئیجبارکردنێکی ئاشکرای میلیشیایی هاولاتیانی تورکمان وعەرەب زمان و مەسیحی‌و ئاشووریە بەقەبوڵ کردنی هاولاتیانی پلەدوو. ئەمەش ئەو بۆمبە مەترسیدارەیە کە ئەگەر لە لایەن ناسیۆنالیزمی عەرەب‌و هەر گروپێکی نەتەوەپەرستی ترەوە فلتەرەکەی راکێشریت، گومانی ئەوەی لیدەکریت کە گشت کۆمەلگا لە ئاگری شەردا نوقم بکات.
دەسەلاتی ئێستای ناسیونالیزمی کوردو بارزانی وحزبەکەی کە٢٣سالە کۆمەڵگای کوردستانی بەدیار سیاسەتەکانی ئەمریکاو تورکیاو دەولەتانی ناوچەکەوە لەگێژاوێکی سیاسیدا راگرتووە وسەرکوت‌و کۆنەپەرستی، هەژاری‌و بێکاری، ژیردەستەیی ژنان‌و جیاکاری چینایەتی بەسەر کۆمەڵگدا داسەپاندوە، هاوکات خزمەتگوزاری‌و پێداویستیە سەرەتاییەکان ژیانی هاولاتیانی بەبازاڕی سەرمایەداران سپاردووە، بەگۆڕینی بۆ دەولەتی کوردی ئەتوانێ چ گۆڕانکاریەک لەوەی کەهەیە بەقازانجی کرێکاران‌و زەحمەتکێشان بەدی بهێنێ! ئەمە لەکاتێکدایە کەخەڵکی کوردستان باشدەزانن کەئەوە هەر بارزانی وحزبەکانی ئەم جولانەوەیە بوون کەکۆمۆنیستەکان‌و ئازادیخوازانیان لەسەر داوای سەربەخۆیی کوردستان‌و سازدانی ڕیفراندۆمیکی ئازاد، قەتلوعام کردو هەرکاتێکێش ئەم خواستە لەنیو ڕیزەکانی جەماوەری ئازادیخوازەوە بەرز کرابێتەوە وهەوڵی بۆدرابێت، ئەوان بەپڕوپاگەندەی مەحاڵ وخەیاڵ لەدژی راوەستاونەتەوەو تۆمەتی ناشرینیان داوەتەپال. لەمانەش زیاتر دەولەتێک کەبریارە بەرزانی دایمەزرێنی، قاچی لەسەر رەشنوی دەستورێکی کۆنەپەرستانە ڕاگیرکردووە، کەشەریعەتی ئیسلامی کردۆتە پیوانەیەکی دەستکاری هەڵنەگر ومەرجی مانەوەی هەتاهەتایی بارزانیو بنەمالەکەی لەدەسەلاتدا کردۆتە کارێکی قانونی‌و ئەبەدی. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان نابێ نەک هەر ژیانی ئێستاو داهاتویان تەسلیم بەم بانگەشەو پڕۆژە دژی ئینسانی‌و خەڵکیەی بارزانی‌و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بکەن، بەڵکو دەبێ لەسەر خەبات‌و ناڕەزایەتیەکانی خۆیان وەک ڕیزێکی سەربەخۆ، بۆ نان وئازادی‌و ئەمنیەت‌و لەدەستگرتنی چارەنوس راوەستن.
ئەگەر بەرزانی نایەوێت توندکردنەوەی شەرودەعوای قەومی وەک ڕیگایەک بۆ شەریک بوونەوە لەحکومەتی عێراق و وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی‌و ئابووری بەدەسەتەوە بگرێ، ئەگەر بەڕاستی ئیحترام بۆ ڕای خەڵکی کوردستان دادەنێ، تەنانەت ئەگەر پرسی سەربەخۆی وڕیفراندۆمی وەک کارتێکی فشارو پروپاگەندە لەدژی مالیكی بەدەسەتەوە نەگرتووە، ئەوا دەست لەسیاسەتی بەندوبەست لەگەل داعش وناسیونالیستە عەرەبەکان و سونەگەراکان هەڵگرێ و با لەدەرەوەی فەزای میلیتاریزم وجەنگی ئێستاو لەدۆخێکی ئازادانەدا و بەرەچاوکردنی مەرجەکانی ریفراندۆمێکی راستەقینە، ئەم پرسە بەڕیوەبچێ و بڕیاری سەرجەم دانیشتوانی کوردستان بەدور لە ناسنامەی قەومی و دینی لەسەر داهاتووی خۆیان بچێتە پێشەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هەروەک چۆن مانەوەو یەکیەتی خاکی عیراق بەکارێکی پیرۆز نازانی ئاوەهاش دابەش بوونی لەسەر بنامەی دەوڵەت و دەسەلاتە قەومی ئاینی‌و تیرەگەریەکان مەحکوم دەکا و بەپێچەوانە لەگەڵ بڕیاری ئازادانەو بەرژەوەندی ئازادی‌و ئەمنیەتی هاولاتیانی کوردستانو عێراق دەیناسێنێ. بیگومان خەڵکی کوردستان هەقیانە لەماف و بڕیاری پێهکهێنانی دەولەتێکی سەربەخۆ بەهرەمەندبن، بریارو مافێک کە٢٣ سالە لەلایەن ئەحزابی ناسیونالیستی کوردەوە پایماڵ دەکرێ و کراوەتە کایەیەکی سیاسی بۆ بەدیهاتنی بەرژەوەندیە سیاسیو ئابورییەکانی بۆرژوازی کوردو حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان گەیشتن بەم ماف‌و بڕیارە لەگرەوی هێنانە مەیدانی خەباتێکی شۆڕشگێرانەی جەماوەری دەزانێ، بۆ وەلانان و دەستکۆتاکردنی دەسەلات و بالادەستی ئەم حزبە میلیشیایانەو پیکهێنانی هەلومەرجێکی ئازادو ئارام. لەئێستادا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان گرتنەبەری ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بۆ کۆتاییهێنان بەوەزعی ئیستاو یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کوردستان بەقازانجی کرێکاران‌و زەحمەتکێشان‌و پێشڕەوی کۆمەڵایەتی بەپێویست دەزانێ:
١/ پاکردنەوەی کۆمەلگا لەداعش و مەحکوم کردن وڕیسواکردنی هەر جۆرە بەندوبەست و سازانێکی ئاشکراو نەهێنی لەگەلیدا، لەلایەن هەر هێزو لایەنێکەوە بێت.
٢/ کۆتایی هێنان بە فەزاو خەتەری جەنگی قەومی لەسەر خەلکی عیراق و کوردستان.
٣/ مەحکوم کردن‌و پووچەڵکردنەوەی هەرجۆرە سیاسەت‌و هەوڵێکی تەفرەقە ئامیزی قەومی ودینی. بانگەوازکردنی خەلک بۆ هاوپشتی‌و هاوچارەنوسی.
٤/ بەرپاکردنی ریفراندۆم لەکەشوهەوایەکی ئازادو ئارامدا بۆ خەلکی ناوچەکێشە لەسەرەکان‌ کوردستان تا بڕیار لەسەر داهاتوی خۆیان بدەن.
٥/ چارەسەرکردنی کیشەکانی وەک نەوتی کەرکوک وتەقسیماتی ئیداری‌و جوگرافی، بەڕێگایەکی سیاسی‌و دور لەوەی هاولاتیان بخاتە بەردەم مەترسی جەنگەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لەپێناو گریدانەوەی خەبات وهاوچارەنوسی چینی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لەگەڵ باقی کریکاران و زەحمەتکێشی سەراسەری عێراق و هینانەمەیدانی جولانەوەیەکی سەربەخۆی چینایەتی، بەدژی شەڕو دەعوای قەومی و یاریکردنی ناسیونالیزمی کورد بەچارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە دەزانێ‌وهەرئەمەش بەبەردی بناغەی تێپەرین لەفەزای جەنگ‌و باڵادەستی هێزی میلیشیاو سازکردنی هەلومەرجی ئازاد‌و ئارام بۆ بەلاداخستنی چارەنوسی کوردستان دەزانێ.