رووداوەکانی میسر سەرەتای کۆتایی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی!
“بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە روداوەکانی میسر”
چەند رۆژێکە دوبارە شەقامەکانو مەیدانەکانی تەحریری قاهیرەو ئەسکەندەریەو شارەکانی دیکەی میسر بوەتەوە بە مەیدانی پێکدادانی نێوان خەڵکی شۆرشگێڕو هێزەکانی دژی شۆرش. ئەمجارەیان دەسەڵاتی کۆنەپەرستو دژە شۆرشی ئیخوان موسلمینو ئیسلامی سیاسی لە میسر، کە بەناهەق وەکو بەرهەمو دەسکەوتی شۆرش لەلایەن بۆرژوازی رۆژاواو ناوچەکەوە دەرخواردی جەماوەری شۆرشگێرو راپەریو دەدرا، تەنها دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٦ مانگ بەسەر وەرگرتنی کورسی دەسەلاتدا، کەوتۆتە بەر رقو نەفرەتی شۆرشگێرانەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشو ئازادیخواز.
دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیو ئیخوان موسلمین پاش ئەوەی سەلماندیان ناتوانن وەلام بە قەیرانی ئابوریو قەیرانی دەسەڵاتی سیاسیو خواستەکانی خەڵکی میسر بدەنەوە، له ههمان کاتدا لە هەوڵی ئەوەدان هەموو دەسەڵاتەکان لەدەستی”محمد مورسی”دا کۆبکهنهوهو دەستورێکی کۆنەپەرست، دژی کرێکاری، دژی ئازادی، دژی ژن، دژی بەشەریو دژی روناکیی بنیاتنراو لەسەر شەریعەتی دارزیوو کۆنەپەرستانەی ئیسلام تێپەڕێنن، و لەم رێگایەوە هەنگاوەکانیان بۆ سەرکوتو پاشەکشەکردن بە شۆرش توندبکنەوەو کۆمەڵگا بەڕیوەربەرن. مورسی وەکو میراتگری شۆرشو لەژێر ناوی شەرعیەتی شۆرشگێڕانەدا دەیەوێ هەمان ئەوکارە بۆ بۆرژوازی میسر ئەنجام بدات کە حوسنی موبارەك لەژێر زەربەی شۆرشدا بۆی تەواو نەکرا.
ملیشیاو بەڵتەجیەکانی ئیخوانو مورسیو سەرجەم ئیسلامی سیاسی، بەهەمان شێوەی بەڵتەجیەکانی حوسنی موبارەك روبەروی نارەزایەتی جەماوەری شۆرشگێرو ئازادیخواز بوونەوەو بۆ تۆقاندنو ترساندنی جەماوەر بە چەقۆو شمشێرو چەکی ئۆتۆماتیکیەوە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندانهکان. ئەم هێرشەی بەڵتەجیەکانی ئیسلامی سیاسی بۆسەر خەڵكو نەسڵەمینەوەیان لە ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر بە خەڵکی شۆرشگێڕ، ئەوە دەخاتە روو کە ئیخوانو ئیسلامی سیاسی بە چ شیوەیەکی درندانەو هار نوینەرایەتی بەرژەوەندی بورژوازی دەکەن. ئامادهن خۆشخزمهتی چینی بۆرژوازی و سەرمایەداری میسر بکەنو دەسەڵاتی سەرمایە لە زەربەی چینی کرێکارو جەماوەری ستەمدیدەی ئەو ووڵاتە بپارێزن.
ئەوەی ئێستا لە میسردا روودەدات شەڕێکی ئاشکرایە لەنێوان بەرەی شۆرشو دژە شۆرشدا. ئیسلامی سیاسیو ئیخوان موسلمین لەماوەیەکی یەجگار کورتدا ناوەرۆكو ماهیەتی سیاسی- چینایەتی خۆیان بۆ خەڵکی چەوساوەو بەشخوراوی میسر خستەروو. ئێستا خواستی روخانی دەسەڵاتی ئیخوان بەرادەی خواستی روخانی موبارەك بەهێزە. ئەم رۆژانە لە مێژووی سیاسی- کۆمەڵایەتی میسرو بگرە ناوچەکەشدا بەئەندازەی دەیان ساڵ کۆمەك دەکات بە رەوینەی وەهمی جەماوەری ستەمدیدە بە پەیامی درۆزنانەی عەدالەتخوازی ئیسلامی سیاسی! رووداوەکانی ئەو چەند رۆژەی میسر پرۆسەی کردنەدەرەوەی هێزێکی ناتەباو دژە-شۆرشی لەناو بەرەی شۆڕشدا خێراتر کردەوە. ئەمە دەستکەوتێکی سیاسی گرنگە بۆ کرێکارو زەحمەتکێشو بۆ کۆمۆنیستو سۆشیالیستو ئازادیخوازی میسرو ناوچەکە. خێراتر کردەوە. ئەمە دەستکەوتێکی سیاسی گرنگە بۆ کرێکارو زەحمەتکێشو بۆ کۆمۆنیستو سۆشیالیستو ئازادیخوازی میسرو ناوچەکە، لە هەمانکاتدا پاشەکشەیەکی گەورەیە بە دەورو جێگاورێگای ئیسلامی سیاسی.
بەڵام مەسەلەیەك کە دەبێ دووبارە جەماوەری شۆرشگێرو ئازادیخوازو لە پێش هەمویانەوە کرێکارانی هوشیارو کۆمۆنیستو هەڵسوڕاوانی یەکسانیخوازو ئازادیخواز رەچاوی بکەن ئەوەیە کە رێگانەدەن هێزەکانی دیکەی بۆرژوازی خۆیان بکەنە نوێنەرو رابەری ئەوانو دەمراستی شۆرش. نابێ رێگا بدرێ هەمان ئەزمونی ئیخوانو ئیسلامی سیاسی لەگەڵ هێزێکی دیکەی بۆرژوازیدا دوبارە بێتەوە. شۆرش لە میسردا پێویستی بە حیزبی سیاسی شۆرشگێری چینی کرێکار هەیە. حیزبێك کە بتوانێ جەماوەری میسر لەم شەرە چارەنوسازەدا بەرەو کەناری سەرکەوتن بەرێتو هەوڵەکانی ئیخوانو هەموو هێزە رەنگاورەنگەکانی بۆرژوازی بۆ سەرکوتی شۆرشو داسەپاندنەوەی هەمان هەلومەرجی سیاسی- ئابوری- کۆمەڵایەتی کە شۆرشیان لەدژی بەرپاکرد، ناکامو پووچەڵ بکاتەوە. دەبێ بزوتنەوەی کرێکاریو کۆمۆنیستی لە میسردا ئەم گرفتە هەرە سەرەکیەی شۆرشی میسر چارەسەر بکات.
ئێمە لەحیزبی کۆمۆنیستی کوردستان بەتوندی ئیدانەی تاوانو وەحشیگەری دەسەلاتی ئیخوانو ئیسلامی سیاسی لەدژی خەڵکی راپەریوو شۆرشگێری میسر دەکەینو بەتەواوی تونامانەوە خۆمان لەپاڵ کرێکارانو جەماوەری چەوساوەو کۆمۆنیستو سۆشیالیستەکانی میسردا دەبینینو ئامادەی هاوکارین بۆ هەنگاونان بەرەو ژیانێکی باشترو ئایندەیەکی گەشتر بۆ کۆمەڵگەی میسر.
بروخێ دەسەلاتی ئیخوانو ئیسلامی سیاسی !
بژی شۆرش!
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٧/١٢/٢٠١٢
—
Shukak Abdulstar
Skrtaryaty Maktaby Syasy
00964 770 76 79 334 – 7\24
00964 (0)53 320 89 31 -2 :00 pm — 500 pm (Bagh. )