جـعیت حقوق بشر کردستان-آتش سوزی کوههای زاگرس در شرق کردستان

بەردەوامی ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگاکانی زاگرۆس و تێکدانی بەربڵاوی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‎

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەدرێژەی سووتاندنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دارستانەکانی “زاگرۆس” لەوەڕگا و دارستانەکانی ئاوایی “هەنجیران” لەنیزیک بنکە سەربازییەکانی سەر سنوور و هەروەها ناوچەی “مرخێل و درۆلە” لە دەور و بەری پاوە، ڕووبەڕووی سووتان بوونەوە.

سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لە بەرفراوانی و بەهێزی ئاگر کەوتنەکە دەکەن و دەڵێن بەهۆی جوغرافیای سەختی ناوچەکە، توانای کۆنتڕۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێز و هاووڵاتیانی ناوچەکە لە ئارادا نییە و پێویستە بۆ دامرکاندنەوەی لە دەرفەت و ئامێرگەلی پێشکەوتووی وەک فڕۆکە ئاگرکوژێنەوەکان کەڵک وەرگیرێت، کە ئەویش نەتەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی نییە، بەڵکوو هەتا ئێستاکە هێزەکانی ئاگرکوژێنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، هیچ هەوڵێکیان بۆ هێنانی ئەو کەرەستانە و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرە نەکردووە و تەنیا ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە بە کەمترین دەرفەتی لە دەستیاندا حەولی دامرکاندنەوەی ئاگرەکانیان داوە.

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە بەهۆی سووتاندنەکانەوە نیزیکەی ۳هێکتار لە لەوەڕگاکانی “پاوە”، 1/5 هێکتار لە مێرگ و دارستانەکانی ناوچەی شارەی سەرمەت” و ناوچەی “ملەنێ” لە شارەدێی حەیدەرییە”ی سەر بەشاری “گێلانغەرب” و ۱۰۰۰ هێکتار لە لەوەڕگە و لاپاڵ و دارستانەکانی ناوچەی “کۆساڵان”ی سەر بە شاری “مەریوان” لە ئاگردا سووتاون.

ساڵی ڕابردووش تەنیا لە ۲٨ ئاگرکەوتنەوەدا، زیاتر لە ۵۰۰ هێکتار لە زەنوێر و دارستانەکانی گێلانغەرب بوونە سووتماک و لەناوچوون و بەپێی سەرچاوە نێوخۆییەکان زیانەکانی زیاتر بە ۳۰میلیار قڕان خەمڵێندراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان